سه‌رۆكی نوێی ئیمارات هه‌ڵبژێردرا

12:13 - 14/05/2022

4707جار خوێندراوەتەوە

محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی نوێی ئیمارات

خه‌ندان-

ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیمارات ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ محەمەد بن زاید ئال نەهیانی وەک سەرۆکی وڵاته‌كه‌ هەڵبژارد و بوه‌ شوێنگره‌وه‌ی خه‌لیفه‌ بن زاید ئالنهیان، كه‌ دوێنێ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ مرد.

ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیمارات ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ لە ئەبوزەبی بە سەرۆکایەتی شێخ محەمەد بن ڕاشید ئال مه‌کتوم، جێگری سەرۆک وەزیران و حاکمی دوبەی کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا و له‌راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتوه‌، بەپێی مادەی (51)ی دەستور، شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، بەکۆی دەنگ هەڵبژێردراوە بە سەرۆکی ئیمارات و شوێنی خه‌لیفه‌ بن زاید ئالنهیان ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ دوێنێ له‌ ته‌مه‌نی 74 ساڵیدا و به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ مرد.

گه‌لی ئیمارات پشتیوانی ته‌واو لە محەمەد بن زاید ئال نەهیان ده‌كات
لە راگەیەندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتوە، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئیمارات دڵنیاكرانه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ چه‌سپاندنی ئەو بەهایانەی کە ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌، هاوكات ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ متمانه‌ی ته‌واوی خۆیان ده‌ربڕی، كه‌ گه‌لی ئیمارات پشتیوانی ته‌واو لە محەمەد بن زاید ئال نەهیان ده‌كات.
 محەمەد بن زاید ئال نه‌هیان سوپاسگوزاریی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئەو متمانەیه‌ی کە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای یەکێتییەکە پێی بەخشیون
لایخۆیه‌وه‌ شێخ محەمەد بن زاید ئال نه‌هیان سوپاسگوزاریی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئەو متمانەیه‌ی کە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای یەکێتییەکە پێی بەخشیون و هیوایخواست کە هاوکاری بكرێت.

وه‌زاره‌تی كاروباری سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئیمارات دوێنێ هه‌ینی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "پرسه‌ و ماته‌مینی بۆ گه‌لی ئیمارات و گه‌لانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و هه‌مو جیهان و سه‌ركرده‌ی نیشتمانی و به‌رپرسان، شێخ خه‌لیفه‌ بن زاید ئالنهیان سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت كۆتایی به‌ژیانی هات". 

وه‌زاره‌تی كاروباری سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، پرسه‌ و ماته‌مینی بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ ئیمارات راگه‌یاند و فه‌رمانیكرد، بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ ئاڵایی فه‌رمی وڵات بۆ نیوه‌ ده‌هێندرێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ئه‌مڕۆشه‌وه‌ پرسه‌ و ماته‌مینی ده‌ستپێده‌كات و بۆ ماوه‌ی سێ رۆژیش ده‌وامی فه‌رمی له‌دامه‌زراوه‌ ناوخۆی و فیدڕاڵیه‌كان راده‌گیرێـت.