گۆڕان بڕیاریدا لە حکومەت بکشێتەوە

08:03 - 10/05/2022

37756جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هۆشیار عومه‌ر عه‌لی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگەیاند، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەکەیان کە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، بڕیاری كشانەوەی بزوتنەوەكەی لە حكومەت داوە، چونکە 80%ی رێککەوتنەکەیان جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

پارتی نه‌یهێشت ده‌سته‌ی داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان دروستبكرێت

هۆشیار عومه‌ر عه‌لی بە میدیای نزیک لە حزبەکەی راگەیاندوە، هۆکاری کشانەوەیان لە حکومەت ئەوەیە"یه‌كێك له‌ خاڵه‌كان ئه‌وه‌بو پێویسته‌ داهات شه‌فاف بێت، داهات شه‌فاف نه‌كراوه‌، به‌تایبه‌ت ده‌سته‌ی داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كان كه‌ بڕیاربو دروستبكرێت، پارتی نه‌یهێشت دروستبكرێت".

ده‌بوایه‌ په‌رله‌مان به‌هێزبوایه‌ و به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستایه‌

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ده‌بوایه‌ په‌رله‌مان به‌هێزبوایه‌ و به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستایه‌، به‌ڵام په‌رله‌مانیان لاواز كردوه‌، خاڵێكی دیكه‌ رێزگرتن بو له‌ ئازادییه‌كان نه‌ك ڕێزی لێنه‌گیراوه‌ به‌ڵكو پێشێلكراوه‌."

80%ی خاڵه‌كان كه‌ به‌رنامه‌ی سیاسی ئێمە بوه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌

هۆشیار عومه‌ر عه‌لی ئەوەشی خستوەتەڕو، 80%ی خاڵه‌كان كه‌ به‌رنامه‌ی سیاسی ئەوان بوه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ جڤاتی نیشتمانییه‌وه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ دراوه‌ و ماوه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێكردنی و هه‌ڵبژاردنی كاته‌كه‌ی.

بڕیاربو  12%ـی پشکی هەڵبژاردن وەربگرێت

بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چوار وەزیر (دارایی و ئابوری، بازرگانی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن) بەشداری کابینەی نۆیەمی کردوە و بڕیاربو  12%ـی پشکی هەڵبژاردن وەربگرێت، بەڵام بەرپرسانی بزوتنەوەکە ناڕازی بون و دەڵێن، بەگوێرەی رێککەوتنەکان ژمارەیەک پۆستیان وەرنەگرتوە لەوانەش یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی،  ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و پشكی گۆڕان لە نوێنەرایەتییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم  و 67 پۆستی دیکەش.