خەندان-
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، ئەمڕۆ و دوێنێ شەممە هێزەکانیان لە هەرێمی خواکورک، ئاڤاشین و زاپ هێزەکانی سوپای تورکیایان بەئامانج گرتوە و لە ئەنجامدا 11 سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون و دو فڕۆکەی جەنگی تورکیاش کراونەتە ئامانج.
لە هەرێمی ئاڤاشین 8 سەرباز کوژراون
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئەمڕۆ یەکشەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشكردوە، دوێنێ و ئەمڕۆ لە دەوروبەری سەنگەرەکانی شەڕ لە کەڤرێکونی گۆڕەپانی بەرخۆدانی ئەشکەوتی برینداران، لەلایەن هێزەکانی یەژەئاستارەوە هێزی تورکیا کرانە ئامانج. لە ئەنجامدا بە قەناس سەربازێک سزدرا، هەروەها لە ئێوارەی هەمان رۆژدا "لە ئەنجامی چالاکیەکدا کە بە تاکتیکی شاراوەیی وهێرش و قەناس ئەنجامدران"، 7 سەربازی تورکیا کوژراون.
لە شەڕی گردی ئۆرتێ سەربازێک کوژراوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوێنێ شەممە 7ی ئایار هێزەکانی هەپەگە لەدژی سوپای تورکیا لە دەوروبەری سەنگەرەکانی شەڕی گردی ئۆرتێی گۆڕەپانی بەرخودانی کارکەر چالاکیان ئەنجامدا، لە ئەنجامیشدا سەربازێک کوژراوە.
لە هەرێمی خواکورک دو سەرباز کوژراون
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئەوەشی خستوەتەڕو، لە هەرێمی خواکورک رۆژی 7ی نیسان هێزەکانیان بە چەکی قورس هێرشیانکردوەتەسەر سەربازانی تورکیا و لە ئەنجامدا دو سەرباز کوژراون.