خه‌ندان-
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، تاوه‌كو به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كۆمسیۆن چاره‌سه‌ر نه‌كرێن و فراكسیۆنه‌كان رێكنه‌كه‌ون هه‌ڵبژاردن ناكرێت، ئێستا گرفتی حه‌قیقی هه‌یه و له 13ی مانگیشه‌وه ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان دانه‌نیشتون و گه‌یشتونه‌ته بنبه‌ست، نه كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌كان هه‌یه نه كۆبونه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، ده‌شڵێت، "له‌به‌رده‌م سێ بژارده‌داین، یان ئه‌وه‌تا رێكده‌كه‌وین به‌و هه‌موارانه و به سازان هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین، یان ئه‌وه‌تا په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و یان ته‌مه‌نی درێژده‌كرێته‌وه كه ئه‌مه دیارده‌یه‌كی زۆر نه‌گونجاوه و عه‌یبه".
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "ناڕۆشنی داهاتی هه‌رێمی كوردستان و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م داهاته‌كان بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ماوه‌ی هه‌شت ساڵه بودجه نه‌هاتوه په‌رله‌مانه‌وه و پێمان ناوه‌ته ساڵی نۆیه‌مه‌وه، له خولی چواره‌م و پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان پڕۆژه‌ی بودجه نه‌هاتوه، كه بودجه نه‌یه‌ت ئه‌و فه‌وزایه دروستده‌بێت كه ئێستا هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، هۆكارێكی دیكه بۆ فۆڕمی حوكمڕانی ده‌گه‌ڕێته‌وه كه تا ئێستا دو ئیداره هه‌یه و هه‌ر حزبه و داهاته‌كان له سنوری خۆیدا كۆده‌كاته‌وه و به خێری خۆی به‌شێك ده‌نێرێت بۆ وه‌زاره‌تی دارایی، ئه‌گه‌ر ئه‌م حزبانه سیاسه‌تیان بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك بكردایه ده‌بو به‌م جۆره نه‌بوایه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م حزبانه داهات كۆده‌كه‌نه‌وه و بۆخۆیان هه‌ڵده‌گرن و له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا له په‌یج و ئه‌كاونتدا خه‌رجی ده‌كه‌ن، كه رۆژانه هه‌ندێك كه‌سی پێگه‌وره ده‌كه‌ن و هه‌ندێك كه‌سی دیكه‌ی پێده‌شكێنن".
ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگ بوایه ده‌بوایه كاك مه‌سرور و كاك قوباد سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان وه‌ربگرتایه
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پارتی و یه‌كێتی نایانه‌وێت په‌رله‌مانی كوردستان كارابێت ئه‌وان هه‌ریه‌كه‌یان یه‌ك ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تییان له په‌رله‌ماندایه، پارتی له 45 كه‌س ته‌نها كاك هێمن هه‌ورامییه و یه‌كێتی له 21 كه‌س ته‌نها خاتو رێواز فایه‌قه، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگ بوایه ده‌بوایه كاك مه‌سرور و كاك قوباد سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان وه‌ربگرتایه، په‌رله‌مان سێ جۆر كه‌سی ده‌وێت، یه‌كه‌م، خه‌ڵكی خاوه‌ن بڕیار، دوه‌م، خه‌ڵكانی پسپۆڕ، ئێستا سه‌یری پێكهاته‌ی په‌رله‌مان بكه، چه‌ند دكتۆر و چه‌ند دادوه‌ری تیایه كه یاسا ده‌رده‌كات؟ چه‌ند ئه‌ندازیاری تیایه؟، سێیه‌م، په‌رله‌مان خه‌ڵكی خاوه‌ن ئه‌زمونی پێویسته، به‌داخه‌وه لێره په‌رله‌مانتارێك ئه‌گه‌ر دو خول خۆی هه‌ڵبژێرێت خه‌ڵك ده‌ڵێت ئه‌وه تێری نه‌خوارد!؟"
حزبه‌كان په‌رله‌مانیان كردوه به وه‌سیله و نۆره یان ئامڕازێكی پاداشت دانه‌وه، به‌ناوی پاداشتی شه‌هیدان و كه‌سایه‌تییه ماندوه‌كان
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ده‌ڵێت، "حزبه‌كان په‌رله‌مانیان كردوه به وه‌سیله و نۆره یان ئامڕازێكی پاداشت دانه‌وه، به‌ناوی پاداشتی شه‌هیدان و كه‌سایه‌تییه ماندوه‌كان، ده‌بێت خه‌ڵك كه‌سانی نه‌وعی بنێرێت با كورسییه‌كانیشیان زۆربن ئه‌وكاته زۆر‌و بۆر ده‌رده‌چن، ئه‌وه‌ی هه‌یه په‌رله‌مان قوربانیه به‌ده‌ست حزبه‌وه، به‌ڵام ده‌بوایه چ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و چ په‌رله‌مانتاران له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سوێندمان خواردوه كه حزبایه‌تیش بكه‌ین ده‌بو به مه‌عقول بمانكرادایه، مانای هه‌یه تا ئه‌مڕۆ 40 رۆژه په‌رله‌مانی كوردستان كۆنه‌بوه‌ته‌وه؟".
خه‌ڵك به‌ته‌ما نه‌بێت موچە پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی ساڵانی رابردوی بۆ بگه‌ڕێته‌وه
له‌باره‌ی موچه پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی ساڵانی رابردوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی وتی، "حكومه‌ت هیچ وه‌ڵامێكی پێنیه كه ئه‌و موچانه چی لێهاتوه و به‌مه‌زه‌نده‌ی خۆم، خه‌ڵك به‌ته‌ما نه‌بێت ئه‌و موچانه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه، زۆر زۆر زه‌حمه‌ته بۆی بگه‌ڕێته‌وه، حكومه‌ت خۆی هۆكار بوه كه دڵنیایی نه‌داته خه‌ڵك، ئێمه پڕۆژه‌یه‌كمان پێشكه‌شكردوه به حكومه‌ت، كه به مه‌قاسه خه‌ڵك سودمه‌ندبوایه له به‌شێك له‌و موچه پاشه‌كه‌وتكراوه‌ی خۆی، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بكرایه ده‌توانرا بڵێین حكومه‌ت راستگۆیه، فه‌رمانبه‌ران بۆ به‌شێك له قه‌رزه‌كانیان له بری پاره‌ی ئاو، كاره‌با و باج و خزمه‌تگوزاریه‌كان به‌كارناهێنرێت؟ كه‌واتا حكومه‌ت خۆی باوه‌ڕی به‌وه‌نیه".
كاك مه‌سرور و كاك قوباد كه كه‌سی دوه‌می ناو حزبه‌كانیانن بۆچی ناچن له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کۆببنەوەو کێشەکان چارەسەر بکەن؟
ئه‌و په‌رله‌مانتاره وتیشی، "كاك مه‌سرور و كاك قوباد كه كه‌سی دوه‌می ناو حزبه‌كانیانن، چ له خانه‌واده‌كانیان چ له حزبه‌كانیان، بۆچی ناچن له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبونه‌وه‌ی به‌په‌له بكه‌ن و بڵێن ئه‌مه دۆخ نیه خه‌ڵكی تیایه و ده‌بێت هه‌مو داهاته‌كان بگه‌ڕێنه‌وه، كه‌واتا ئه‌گه‌ر به‌وان نه‌كرێت ئه‌ی به‌كێ ده‌كرێت؟ هه‌فتانه كۆده‌بنه‌وه بۆچی ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر ناكه‌ن؟ ئێستا تموحی خه‌ڵكی كوردستان هاتوه‌ته سه‌ر موچه، شه‌فافیه‌ت، عه‌داله‌ت و چاكسازی، خه‌ڵك وازی له هه‌موی هێناوه ته‌نها موچه‌كه‌ی له‌واده‌ی خۆیدا بده‌یتێ، كه یه‌كێك له هۆكاره‌كان نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێزه، كه ئێستا هیچ هه‌ماهه‌نگیه‌كیان نیه كه پێكه‌وه كاربكه‌ن و له ده‌ره‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنیش خه‌ڵك بێده‌نگه، ساڵی پار زیاتر له 11 هه‌زار كه‌س له هه‌رێمی كوردستان جیابونه‌ته‌وه ئه‌مه كاره‌ساته بۆ هه‌رێمێكی شه‌ش ملیۆن كه‌سی، چۆن هه‌رێمێكی شه‌ش ملیۆن كه‌سی ئیداره ده‌رێ له‌كاتێكدا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی وزه بیت و بڵێین غاز بۆ ئه‌وروپا ره‌وانه ده‌كه‌م و ئه‌م هه‌مو خاڵه سنوریه كه 23 مه‌رزی فه‌رمی و نافه‌رمی هه‌یه و ئه‌و هه‌مو باج و داهاته زۆره‌ی كه له خه‌ڵك كۆده‌كرێته‌وه كه‌واتا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مه هه‌مه هه‌موی فه‌شه‌لی حوكمڕانییه".
سه‌ردانی شاسوار عه‌بدولواحید ه‌رجه‌مه نه‌بو بۆ وه‌ره‌قه‌یه‌كی هاوبه‌ش كه چیبكه‌ن وه‌كو سێ هێزی ئۆپۆزسیۆن
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا هه‌وڵی لێكنزیكبونه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و سه‌ردانی شاسوار عه‌بدولواحید بۆ لای سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین و عه‌لی باپیر به كوێ گه‌یشت، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی وتی، "سه‌ردانی شاسوار عه‌بدولواحید دو هۆكاری له پشت بو، یه‌كه‌م، ئه‌و ناڕه‌زایی و بێتاقه‌تی خه‌ڵك كه ده‌پرسن بۆ ئۆپۆزسیۆن شتێك ناكه‌ن بۆ رابه‌رایه‌تی شه‌قام ناكه‌ن؟ به‌شێك له‌ژێر ئه‌و گوشارانه‌دا ئه‌و دیدارانه كرا، به‌شه‌كه‌ی دیكه كاك شاسوار خۆی بڵاویكرده‌وه كه په‌یامی ناردوه بۆ ئه‌و دو هێزه و سه‌ردانه‌كه‌ش بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یامانه بو، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم ته‌نها بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا و ته‌رجه‌مه نه‌بو بۆ وه‌ره‌قه‌یه‌كی هاوبه‌ش كه چیبكه‌ن وه‌كو سێ هێزی ئۆپۆزسیۆن، ئیتر ئایا هۆكاره‌كه بێمتمانه‌ییه به یه‌كتر یان هۆكاره‌كه هێشتا ده‌ست شكانه‌وه و ململانێی حزبی هه‌یه، كه به‌رای من هه‌ڵه‌یه و ده‌بو سه‌ره‌ڕای هه‌مو كه‌موكوتییه‌كان، هه‌م ئۆپۆزسیۆن و هه‌م خه‌ڵكه ناڕازییه‌كه له‌سه‌ر شه‌قام جه‌بهه‌یه‌كی تۆكمه دروست بكه‌ن، به‌ڵام نه‌بونی متمانه‌و هه‌ندێك ته‌جروبه‌ی ئۆپۆزسیۆنی شكستخواردو له رابردودا رۆڵی هه‌بوه كه ئاسان به متمانه به یه‌كتری نه‌كه‌ن".
له‌وه‌ناچێت بۆ په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌م سێ هێزه پێكه‌وه شتێكی هاوبه‌شیان هه‌بێت
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا لێكنزیكبونه‌وه‌ی ئه‌و سێ هێزه به‌تایبه‌تی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستتن كۆتاییهاتوه؟، ده‌ڵێت، "ناڵێم كۆتایی هاتوه به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق هیچی لێسه‌وز نه‌بو، له‌وه‌ناچێت بۆ په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌م سێ هێزه پێكه‌وه شتێكی هاوبه‌شیان هه‌بێت".
فراكسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رێككه‌وتنێكیان واژۆكردوه كه هه‌رسێ پرسی ده‌ستور، كۆمسیۆن و یاسای هه‌ڵبژاردن به سازان و بكرێت
له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، كه ئێستا لایه‌نه‌كان ناكۆكن، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی ده‌ڵێت، "ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستا هه‌یه یه‌كێكه له كێشه‌كان و دو ساڵ و حه‌وت مانگه واده‌كه‌ی به‌سه‌رچوه، چه‌ندینجار به یاداشت به سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانمان وت بۆچی له‌م كۆمسیۆنه ناپرسنه‌وه؟، ته‌مه‌نی یاسایی كۆتایی هاتوه و به یاساش واده‌كه‌ی درێژ ناكرێته‌وه و ده‌بێت ده‌ستكاری یاسای كۆمسیۆن بكرێت، دو كه‌س له پێكهاته‌ی كۆمسیۆن نه‌ماون كه جوتیار عادل و كه‌سێكی دیكه‌ش كۆچی دواییكردوه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر یاسای كۆمسیۆن و سیستمی هه‌ڵبژاردن خیلافات هه‌یه، به‌ڕای ئێمه ئه‌و دو بابه‌ته یه‌ك پاكێجه و فراكسیۆنه‌كان ده‌توانن به رێكه‌وتن تێبپه‌ڕێنن، فراكسیۆنه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رێككه‌وتنێكیان واژۆكردوه كه هه‌رسێ پرسی ده‌ستور، كۆمسیۆن و یاسای هه‌ڵبژاردن به سازان و رێككه‌وتن بكرێت، ئێمه‌ش وه‌كو یه‌كگرتو له‌گه‌ڵ كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنیش له واده‌ی خۆیدا و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌مواربكرێته‌وه، كه چه‌ند گۆڕانكاریه‌كی تیایدا بكرێت له‌وانه سیستمی فره‌بازنه‌یی".
یه‌ك بازنه‌یی واده‌كات كه له هه‌ولێره‌وه ته‌حه‌كوم به دهۆكه‌وه بكرێت، له دهۆكه‌وه ته‌حه‌كوم به سلێمانییه‌وه بكرێت
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی یه‌كگرتو پێداگری له‌سه‌ر فره‌بازنه‌یی ده‌دات؟، ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت، "له هیچ كوێیه‌كی دونیادا باوی فره‌بازنه‌یی نه‌ماوه‌و هه‌روه‌ها نوێنه‌رایه‌تییه‌كی عادیلانه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی دانیشتوان به‌رجه‌سته ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پارێزگایه‌كی هه‌رێم ته‌حه‌كوم به پارێزگاكانی دیكه‌وه نه‌كات، به‌ڵام یه‌ك بازنه‌یی واده‌كات كه له هه‌ولێره‌وه ته‌حه‌كوم به دهۆكه‌وه بكرێت، له دهۆكه‌وه ته‌حه‌كوم به سلێمانییه‌وه بكرێت، بۆیه فره‌بازنه‌یی عادیلانه‌تره چونكه نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك له‌سه‌ر بنه‌مای دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌باته ناو په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین تۆماری ده‌نگده‌ران پاكبكرێنه‌وه كه ئه‌م تۆماره نزیكه‌ی 400 هه‌زار ده‌نگ جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ تۆماری بایۆمه‌تر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق".
گرفتی حه‌قیقی هه‌ن و له 13ی مانگیشه‌وه ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان دانه‌نیشتون و گه‌یشتونه‌ته بنبه‌ست
رونیشیكرده‌وه، "تاوه‌كو به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كۆمسیۆن چاره‌سه‌ر نه‌كرێت و فراكسیۆنه‌كان رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كان، هه‌ڵبژاردن كوا ده‌كرێت؟ ئه‌مه هه‌ر بوه‌ته دروشمێك ئه‌وه مانای وانیه كه حه‌ز بكه‌ین هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت، به‌داخه‌وه هه‌ر چوار خوله‌كه‌ی پێشوتری په‌رله‌مان هه‌ڵبژاردن دواكه‌وتوه و ئێستاش گرفتی حه‌قیقی هه‌ن و له 13ی مانگیشه‌وه ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان دانه‌نیشتون و گه‌یشتونه‌ته بنبه‌ست و نه‌ك كۆبونه‌وه‌ی حزبه‌كان هه‌یه نه كۆبونه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌یه، ئێستا له‌به‌رده‌م سێ بژارده‌داین، یان ئه‌وه‌تا رێكده‌كه‌وین به‌و هه‌موارانه و به سازان هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین، یان ئه‌وه‌تا په‌رله‌مان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و یان ته‌مه‌نی درێژ ده‌كرێته‌وه كه دیارده‌یه‌كی زۆر نه‌گونجاوه و عه‌یبه، له‌كاتێكدا به‌غدا به‌و هه‌مو كێشمه كێشه سیاسی و مه‌زهه‌بیه‌وه نه‌ك هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیدا ده‌كات به‌ڵكو پێشیشی ده‌خات، له‌كاتێكدا قه‌یرانه سیاسی و خزمه‌تگوزاریه‌كان هیچ كه‌متر نیه له به‌غدا".