خەندان-
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، رۆژی 8ی نیسان هێزەکانیان بۆ یادی گەریلا شەهیدەكانی وەرخەل لە ناوچەى زاپ هێرشیانکردوەتەسەر پێگەیەکی سەربازانی سوپای توركیا و ئامانجە دیاریکراوەکان بەدیهێناوە، بەڵام گەریلاکانیان لەو هێرشەدا بە چەکی کیمیایی شەهید بون.
مێژویان تۆمار کرد، بەڵام بە چەکی کیمیایی شەهید بون
هەپەگە ئەمڕۆ یەکشەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "لە 8ی نیسان هێزەکانمان لە قەڵای بێدەو لە دو باڵەوە چالاکییەکی هاوبەش و هەماهەنگی گەریلایانەیان لە دژی داگیرکەران ئەنجامدا. چالاکییەکە بە چەکی قورس ئەنجامدرا و ئامانجە دیاریکراوەکان بە وردی پێکران و تێکشکێنران، هەردو چالاکییەکەش لەلایەن هێزەکانمانەوە بۆ یادی قارەمانە نەمرەکانی وەرخەل ئەنجامدران، کە قارەمانانە شەڕیان کرد و مێژویان تۆمار کرد، بەڵام بە چەکی کیمیایی شەهید بون."
گوندەکانی دەشیش، سەرارۆ، ئێدین و گۆڕپانی کۆردینەیان بۆردومان کران
ئەوەش هاتوە، "لە 8ی نیسان لە کاتژمێر 09:00 بۆ 18:00 شاخی جودی لە ناوچەى زاپ لەلایەن بنکە سەربازییەکانی سەر سنوور بە تۆپ و بە فڕۆکەى جەنگی بۆردومانکران، هەروەها دوێنێ هەلیکۆپتەرەکان بە ئاسمانی گۆڕەپانی قاشورا لە ناوچەى مەتینادا سوڕانەوە. هاوکات هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکان دەوروبەری گوندەکانی دەشیش، سەرارۆ، ئێدین و گۆڕپانی کۆردینەیان بۆردومان کرد".
زۆرێک لەگوند و ناوچەکانی دانیشتوان چۆڵکراون
لەماوەی چەند مانگی رابردودا بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لەچەندین گوند و ناوچەی سنوری بادینان زیاتربون و بەهۆیەوەش زۆرێک لەگوند و ناوچەکانی دانیشتوان چۆڵکراون.