خەندان- هیوا عەبدوڵا
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند، سەرەڕای نەبونی بودجە و قەیرانی دارایی، بەڵام لەماوەی سێ ساڵی رابردودا دو نەخۆشخانە و سێ هۆڵی فریاکەوتن لە پارێزگای هەڵەبجە کراونەتەوە و گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی بەردەوام بوە، هەروەها تیمێک لەباشترین پزیشکانی ئێران هێنراونەتە پارێزگاکە و لەم کاتەدا چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەکەن.
بودجەی تەندروستی هەڵەبجە کاتێک قەزا بو لەگەڵ ئێستا کە پارێزگایە هەمان بودجەیە
د. ئازاد مستەفا له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ خهندان باسی لە رەشی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە کرد و رایگهیاند، دۆخی تەندروستی، خزمەتگوزاری، شارەوانی و هەمو کەرتەکانی دیکەی هەڵەبجە دەتوانرێت بوترێت کە تەنها لەسەر کاغەز بوە بە پارێزگا، چونکە بۆ نمونە بودجەی تەندروستی هەڵەبجە کاتێک قەزا بو لەگەڵ ئێستا کە پارێزگایە هەمان بودجەیە، لەکاتێکدا کاتێک تۆ دەبیتە پارێزگا خەڵک داخوازی زیاتر هەیە.
لە سێ ساڵی رابردودا دو نەخۆشخانە و سێ هۆڵی فریاکەوتن کراونەتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، وەک کەرتی تەندروستی یەکێک لە کێشەکانیان ئەوەیە نەخۆشخانە گرنگەکانیان بودجەی راییکردنی کاروبارەکان "نەسریە"یان نیە، هەروەها بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگاکەش بەشی تەنها سوتەمەنی و ئیفادیش ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدراوە هەڵەبجە گەشە و ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێت بۆیە لە سێ ساڵی رابردودا دو نەخۆشخانە و سێ هۆڵی فریاکەوتن کراونەتەوە کە سەرجەمیان بە هەوڵی رێکخراوەکان و کەسایەتییەکان بونیادنراون.
ژمارەیەک لە باشترین پزیشکانی ئێران لە نەخۆشییەکانی چاو و هەناسە هاتون بۆ هەڵەبجە
لەبارەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیاییش د. ئازاد مستەفا وتی، لەماوەی رابردودا لەهەردو لایەنی دارایی و تەندروستی رەزامەندی وەرگیرا بۆ ئەوەی 53 کەس بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بنێردرێنەوە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی چارەسەرکردنیان، بەڵام بەجۆرێک هەوڵ دەدرێت چارەسەریش لەناوخۆدا لاواز و کەم بایەخ نیشان بدرێت، چونکە لەم کاتەدا ژمارەیەک لە باشترین پزیشکانی ئێران لە نەخۆشییەکانی چاو و هەناسە لە هەڵەبجەن و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی دەبینن و چارەسەریان بۆ دەکەن.
نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بەپشتیوانی حکومەتی ئەڵمانیا و فڕەنسا بەڕێوەدەبەین
ئەوەشی خستەڕو، نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای جێبەجێکار بەفەرمی رادەستی حکومەتی نەکردوە بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی، بەڵام تەندروستی هەڵەبجە نەخۆشخانەکەی وەرگرتوە و لەئێستادا بەکاریدەهێنێت ئەویش بەئامانجی ئەوەبو کە چیتر بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بەبێ شوێنێک نەمێننەوە کە چارەسەری تێدا وەربگرن، لەم کاتەشدا زۆرینەی کاروبارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بەهاوکاری حکومەتی ئەڵمانیا و فڕەنسا و لەرێگەی رێکخراوەکانیانەوە ئەنجام دەدرێن.