خه‌ندان-
د. موحسین ئه‌دیب، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی رایگه‌یاند، نوخبه و كاربه‌ده‌سته‌كانی هه‌رێمَ وه‌كو پێویست قه‌دری كایه‌ی رۆشنبیریان نه‌زانیوه، ئه‌گینا بودجه‌یه‌كی باش ته‌رخانبكرێت بۆ رۆشنبیری ده‌توانێت ئاماده‌یی كورد له دنیادا زۆر به‌هێز بكات، ئه‌مه‌ش چه‌ندێك خزمه‌ته به كایه‌ی رۆشنبیری به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش خزمه‌ت به‌كایه‌ی سیاسی و به‌هێزكردنه‌وه‌ی كورد ده‌كات، به‌وه‌ی كه نه‌بینه ئامانجی داگیركه‌ران و زلهێزه‌كانی دنیا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، چونكه ئه‌گه‌ر حزورت له دنیادا هه‌بو به‌ئاسانی نابیته نێچیری وڵاتانی داگیركه‌ر، ئه‌م حزوره‌ش چه‌ندێك له رێگای سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده‌ش له رێگه‌ی كایه‌ی رۆشنبیرییه‌وه‌یه.
كایه‌ی رۆشنبیری یان هێزی نه‌رم، خزمه‌تی هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌گی هه‌بێت
د. موحسین ئه‌دیب له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی دۆخی رۆشنبیری سلێمانی رایگه‌یاند، "بۆ ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر رۆشنبیری بكه‌ین ده‌بێت قسه له‌سه‌ر كایه‌ی كوردبون بكه‌ین، ده‌توانین له دو چه‌مكه‌وه قسه له‌سه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكه‌ین، ئه‌وانیش بریتین له چه‌مكه‌كانی بون و ئاماده‌گی، ئێمه خۆشبه‌ختانه وه‌كو كورد بونمان هه‌یه وێڕای ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌رمان بوه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو ببرێین و بسڕدرێینه‌وه، ئێمه وه‌كو كورد ماكی ئه‌وه‌مان تیایه كه بمێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تیایدا كێشه‌مان هه‌یه په‌یوه‌ندی به ئاماده‌ییمانه‌وه هه‌یه، هه‌مو نه‌ته‌وه‌یه‌ك له دو رێگاوه ده‌توانین بڵێین ئاماده‌یی هه‌یه، یه‌كه‌میان له‌ڕوی سیاسییه‌وه كه له رێگای ده‌وڵه‌ته‌وه حزور په‌یدا ده‌كات، ئه‌وی دیكه‌یان كایه‌ی رۆشنبیری یان هێزی نه‌رمه، كه خزمه‌تی هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌گی هه‌بێت".
کورد زۆر زۆر زیاتر پێویستی به‌وه هه‌یه كه له‌ڕوی رۆشنبیرییه‌وه ئاماده‌گی به‌هێز له‌دونیادا په‌یدا بكات
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، نه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر خاوه‌نی یه‌كه‌ی سیاسی یان ده‌وڵه‌تی خۆی بێت چه‌ندێك پێویستی به كایه‌ی رۆشنبیری و هێزی نه‌رمه بۆ ئه‌وه‌ی حزوری له‌سه‌ر ئاستی دونیا په‌یدا بكات، بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆنین له نمونه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد، زۆر زۆر زیاتر پێویستی به‌وه هه‌یه كه له‌ڕوی رۆشنبیرییه‌وه ئاماده‌گی به‌هێز له‌دونیادا په‌یدا بكات.
وه‌كو پێویست كار له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كراوه، كه ئێمه حزورێكی به‌هێزمان له دنیادا په‌یدا بكه‌ین
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئاماده‌یی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه و سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی دونیا له روی رۆشنبیرییه‌وه چۆنه، د. موحسین ئه‌دیب وتی، "به‌داخه‌وه ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی كورد و وه‌كو سلێمانی كه ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش ته‌مسیلی كوردبون بكات، لاوازه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه خاوه‌نی هێزی ره‌ق نین و ره‌نگه نه‌شتوانین ببین به‌خاوه‌نی له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه خاوه‌نی هێزی نه‌رم و ئه‌ده‌ب و كلتور و پاشخانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندین، به‌ڵام له رێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه وه‌كو پێویست كار له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كراوه، كه ئێمه حزورێكی به‌هێزمان له دنیادا په‌یدا بكه‌ین، بۆیه به‌لای منه‌وه زۆر گرنگه وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم خاوه‌نی سیاسه‌تێكی كلتوری به‌هێزبین و قه‌دری ئه‌وه بزانین كه ئێمه له رێگای سیاسه‌تی كلتوری و رۆشنبیریه‌وه حزوری گه‌وره په‌یدا بكه‌ین".
سلێمانی بوه‌ته تاران و هه‌ر كتێبێك كه ده‌نوسرێت، وه‌رده‌گێردرێته سه‌ر زمانی كوردی
موحسین ئه‌دیب له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا كورد له دوای 31 ساڵ له راپه‌ڕین له‌ڕوی رۆشنبیرییه‌وه چی ده‌ستكه‌وتوه وتی، "وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی پێویستی به توێژینه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رپێی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین له‌راستیدا قابیلی به‌راورد نیه، راسته به‌ر له راپه‌ڕین ئه‌ده‌ب و هونه‌ری مقاوه‌مه و به‌ره‌نگاری حزوری هه‌بوه و زاڵبو، به‌ڵام دوای راپه‌ڕین ده‌بێت بڵێین هونه‌ر به‌مانا راسته‌قینه‌كه‌ی حزوری هه‌یه، به بۆچونی من دیارترین شتێك كه له‌دوای راپه‌ڕین له هه‌رێمی كوردستان و به‌دیاریكراوی سلێمانی حزوری گرنگی هه‌یه بریتییه له جوڵه‌ی وه‌رگێڕان له‌زمانه‌كانی دیكه‌ی جیهانه‌وه، ئه‌مه‌ی پێتده‌ڵێم قسه‌ی من نیه به‌ڵكو قسه‌ی ئه‌دیبه‌كانی دهۆك و هه‌ولێره، كه سلێمانی بوه‌ته تاران و هه‌ر كتێبێك كه ده‌نوسرێت، وه‌رده‌گێردرێته سه‌ر زمانی كوردی، وێڕای هه‌ر سه‌رنجێك له‌سه‌ر وه‌رگێڕان، بونی ئه‌م وه‌رگێڕانه ئه‌گه‌رچی له ئاستێكی پێویستدا نه‌بێت و زۆر پڕۆفیشناڵ نه‌بێت به‌گشتی، به‌ڵام بونی یه‌كێكه له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه دوای راپه‌ڕین له پێش راپه‌ڕین جیا ده‌كاته‌وه".
یه‌كێك له خه‌ونه گه‌وره‌كانم بریتییه له وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه له زمانی كوردییه‌وه بۆ زمانه زیندوه‌كانی دنیا
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له پاڵ وه‌رگێڕان بۆ زمانی كوردی ئایا چه‌ند به‌رهه‌می كوردی وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانه زیندوه‌كانی دنیا، موحسین ئه‌دیب وتی، "یه‌كێك له‌و خه‌ونه گه‌ورانه‌ی كه من هه‌مبو پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م پۆسته وه‌ربگرم و ئێستاش یه‌كێك له خه‌ونه گه‌وره‌كانم بریتییه له وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه له زمانی كوردییه‌وه بۆ زمانه زیندوه‌كانی دنیا، له فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌ده‌بیشدا وتارێكم پێشكه‌شكرد و ئه‌م پڕۆژه‌یه‌م دیسانه‌وه وروژانده‌وه و ناومنا به باڵیۆزكردنی كتێب، ئێمه وه‌زیری ده‌ره‌وه و كونسوڵمان نیه له وڵاتانی دنیادا، به‌ڵام ده‌توانین له رێگای كتێبه‌وه ئه‌و فه‌راغه‌ی كه وه‌زیری ده‌ره‌وه دروستكردی كردوه و ئێمه نیمانه بتوانن ببینه وه‌زیرێكی هه‌میشه‌یی، ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیرییه‌وه هه‌بوه و هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر داواكراوه له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه بودجه‌یه‌كی بۆ ته‌رخانبكرێت، له دو مانگی رابردودا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا به دابینكردنی 522 ملیۆن دینار بۆ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه، كه حزور و ئاماده‌یی ئێمه له دنیادا به‌هێزتر ده‌كات و ئێمه له یاده‌وه‌ری دنیادا ده‌بوژێنێته‌وه".
له‌بواری سینه‌مادا ئێمه ئه‌كته‌ری باشمان هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه كێشه‌ی گه‌وره‌مان له‌وه‌دابێت كه ده‌رهێنه‌ری باشمان نه‌بێت
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "گرنگه ئێمه یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ین كه جه‌ختكردنه‌وه بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چۆن سیاسه‌تی كلتوری بخه‌ینه خزمه‌تی كوردبونه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر خاوه‌نی سیاسه‌تێكی رونی كلتوری نه‌بین ئه‌وكاته ده‌بینه خاوه‌نی سیاسه‌تێكی كلتوری خراپ كه میدیاكان و خه‌ڵك ئاڕاسته‌ی ده‌كه‌ن و ئه‌وكاته نه‌ك له خزمه‌تی كوردبوندا نیه به پێچه‌وانه‌وه دژی كوردبونیش ده‌وه‌ستێته‌وه، له‌بواری سینه‌مادا ئێمه ئه‌كته‌ری باشمان هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه كێشه‌ی گه‌وره‌مان له‌وه‌دابێت كه ده‌رهێنه‌ر و سینارست و وێنه‌گری باشمان نه‌بێت، بۆیه ئێستا ئێمه به‌نیازی ئه‌وه‌ین كه وۆركشۆپێكی گه‌وره بكه‌ینه‌وه له‌بواری سیناریۆو ده‌رهێنان و پڕۆدیسه‌ری و وێنه‌گرتندا، بۆ سینه‌ماكاره‌كانی سلێمانی تاوه‌كو ژێرخانێكی باش بۆ هونه‌رمه‌نده‌كانی خۆمان و ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بێن كایه‌كه‌وه دروستبكه‌ین".
سلێمانی ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی هه‌یه كه ده‌توانێت تاڕاده‌یه‌كی باش ته‌مسیلی كوردبون بكات
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌وان چ پلانێكیان هه‌یه تاوه‌كو جارێكی دیكه سیاسه‌تی رۆشنبیری دابڕێژنه‌وه، موحسین ئه‌دیب ده‌ڵێت، "سلێمانی ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی هه‌یه كه ده‌توانێت تاڕاده‌یه‌كی باش ته‌مسیلی كوردبون بكات، بۆیه ده‌بێت كایه رۆشنبیریه‌كه‌شی له خزمه‌تی كلتور و رۆشنبیری كوردیدا بێت، ئه‌مه به دو ئامانج ده‌كرێت، یه‌كه‌میان كاتێك كه هونه‌رێكی كوالێتی به‌رز پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌یت واتا جواندۆستی له‌ناخی خه‌ڵكدا زیندوده‌كه‌یته‌وه و خه‌ڵك فێری ژیان دۆستی و لێبورده‌یی ده‌كه‌یت و فێری ئه‌وه‌ی ده‌كه‌یت كه عاشقی ژیان و ژیاندۆستی بێت، كاتێك ئه‌مه‌ت زیندوكرده‌وه ته‌نها پێشكه‌شكردنی هونه‌رێك نیه بۆ چێژ به‌ڵكو تاكه‌كانیش دورده‌خاته‌وه له‌وه‌ی كه خه‌ریكی توندڕه‌وی و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری بن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه جوانییه‌كانی خۆت پیشانی ئه‌وانی دیكه‌ش بده‌یت، بۆ نمونه له رێگای وه‌رگێڕانی كتێبی كوردی و فیلمی باشه‌وه، چونكه كاتێك ده‌بیته خاوه‌نی فیلم واتا ده‌بیته بینراو، تا ئێستا به‌داخه‌وه تاڕاده‌یه‌كی زۆر به بینه‌ری ماوینه‌ته‌وه و ئه‌م بینه‌ریه دۆخێكی لاوازه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تیابێت، راسته ره‌نگه نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی دنیا ئێمه بناسن به‌ڵام خه‌ڵكی وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا ئێمه وه‌كو كورد ناناسن به‌ڵكو وه‌كو شه‌ڕكه‌رێك ده‌ناسن".
بودجه‌یه‌كی باش ته‌رخانبكرێت بۆ رۆشنبیری ده‌توانێت ئاماده‌یی ئێمه له دنیادا زۆر به‌هێز بكات
وتیشی، "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه وه‌كو ئه‌دیب، سینه‌ماكار و هونه‌رمه‌ند و شێوه‌كار بناسرێین و ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندی به بودجه‌وه هه‌یه، لێره‌وه داوا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌م كه گرنگییه‌كی تایبه‌ت به وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بدات، كه ئه‌مه یه‌كێكه له كێشه‌كان، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و كایه‌ی رۆشنبیری ده‌توانێت به ئه‌ندازه‌ی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بگره زیاتریش خزمه‌تی كوردبون بكات، نوخبه و كاربه‌ده‌سته‌كانی ئێمه وه‌كو پێویست قه‌دری كایه‌ی رۆشنبیریان نه‌زانیوه، ئه‌گینا بودجه‌یه‌كی باش ته‌رخانبكرێت بۆ رۆشنبیری ده‌توانێت ئاماده‌یی ئێمه له دنیادا زۆر به‌هێز بكات، ئه‌م خزمه‌ته‌ش چه‌ندێك خزمه‌ته به كایه‌ی رۆشنبیری به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش بگره زیاتریش خزمه‌ت به كایه‌ی سیاسی و به‌هێزكردنه‌وه‌ی ئێمه‌ش ده‌كات، به‌وه‌ی كه نه‌بینه ئامانجی داگیركه‌ران و زلهێزه‌كانی دنیا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، چونكه ئه‌گه‌ر حزورت له دنیادا هه‌بو به‌ئاسانی نابیته نێچیری وڵاتانی داگیركه‌ری دنیا، ئه‌م حزوره‌ش چه‌ندێك له رێگای سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده‌ش له رێگه‌ی كایه‌ی رۆشنبیرییه‌وه‌یه".
ده‌توانین له رێگه‌ی هێزی نه‌رم و دیبلۆماسییه‌تی نه‌رمه‌وه كونسوڵ بۆ خۆمان دروستبكه‌ین
بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی رونیشیكرده‌وه، "ئێستا شتێك هه‌یه پێی ده‌وترێت دیپلۆماسییه‌تی نه‌رم، هه‌مو وڵاتانی دنیا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌مو وڵاتێك كونسوڵخانه‌ی هه‌یه كه دو كاری سه‌ره‌كی هه‌یه، یه‌كه‌میان، كایه‌ی بازرگانی و و دوه‌میان رۆشنبیری، ئێمه ده‌وڵه‌تمان نیه تا ببینه خاوه‌نی كونسوڵخانه، به‌ڵام ده‌توانین له رێگه‌ی هێزی نه‌رم و دیبلۆماسییه‌تی نه‌رمه‌وه كونسوڵ بۆ خۆمان دروستبكه‌ین، هه‌مو ئه‌مانه‌ش به‌وه ده‌بێت هونه‌رێكی كوالێتی به‌رز پێشكه‌ش به دنیا بكه‌ین".
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له 31 ساڵی رابردودا سیاسه‌تێكی كلتوری رون و ئاشكرای نه‌بوه
له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه له‌رابردو بۆ رۆشنبیری خه‌رجكراوه، كه‌مبوه یان وه‌ك ده‌وترێت باش به‌كارنه‌هاتوه؟، موحسین ئه‌دیب وتی، "ره‌نگه هه‌ردوكیان راست بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیرییه‌وه نیه، وه‌ك وتم وه‌ك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له 31 ساڵی رابردودا سیاسه‌تێكی كلتوری رون و ئاشكرای نه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ی كورد حزورێكی به‌هێز له ئاستی دنیادا په‌یدا بكات، تۆ تێبینی بكه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كۆتا وه‌زاره‌ته كه موچه وه‌رده‌گرێت و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌هیچ كابینه‌یه‌كدا له‌لایه‌ن هیچ حزبێكه‌وه شه‌ڕی له‌سه‌ر نه‌كراوه، چونكه وه‌كو پێویست قه‌دری نه‌زانراوه له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێكی كلتوری به‌هێز و تێگه‌یشتنێكی قوڵ هه‌بێت له كایه‌ی رۆشنبیری، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری زۆر له وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی، پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه گرنگتره بۆ خزمه‌تی كوردبون، هیوادارم نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له ئاینده‌دا لایه‌كی باشتر له‌م كایه بكاته‌وه".
كاتێك كایه‌یه‌ك ده‌بێت به بازرگانی له كوالێتی داده‌به‌زێت، ده‌شكرێت به بازرگانیبونی هونه‌ر كوالێتی هونه‌ر به‌رزبكاته‌وه
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئێستا كاتی ئه‌وه‌نیه كه به‌رهه‌مه‌كانی رۆشنبیری له كوردستان به پیشه‌سازی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی سود به وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ئه‌و كه‌سانه بگه‌یه‌نێت؟ موحسین ئه‌دیب وتی، "ئه‌مه پرسیارێكی گرنگه، به‌ڵام ده‌كرێت له دو روانگه‌وه وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه، یه‌كه‌میان به بازرگانیبونی هونه‌ر چه‌ندێك ئیجابیه هێنده‌ش سلبیه، چونكه كاتێك كایه‌یه‌ك ده‌بێت به بازرگانی له كوالێتی داده‌به‌زێت، ده‌شكرێت به بازرگانیبونی هونه‌ر كوالێتی هونه‌ر به‌رزبكاته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت ئاگامان له شتێك بێت ئێمه وه‌كو كورد ژماره‌مان كه‌مه، بۆیه وه‌به‌رهێن و بازرگانی كورد وه‌به‌رهێنان ناكات له كایه‌ی رۆشنبیری‌دا، چونكه وه‌رگر كه‌مه، بۆنمونه فیلمێك به‌رهه‌مده‌هێنیت هه‌موی چوار بۆ پێنج ملیۆن بینه‌ر هه‌یه، به‌ڵام فیلمێكی ئه‌مریكی لانیكه‌م ملیارێك كه‌س بینه‌ریه‌تی، ئه‌مه‌ش زۆر ئاسان بازرگانان راده‌كێشێت به‌ڵام ئێمه هه‌م ژماره‌مان كه‌مه‌و هه‌م شێوه‌زارمان جیاوازه‌و وه‌كو پێویست له یه‌كتری تێناگه‌ین، بۆیه ده‌بێت حكومه‌ت پشتیوانی بكات له پێناو ئه‌وه‌ی كوالێتی هونه‌ر دانه‌به‌زێنرێت، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاشه‌وه كه ده‌ستبه‌كاربوین جه‌ختمانكردوه‌ته‌وه كه وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ببێته وه‌به‌رهێن به‌جۆرێك بتوانێت خۆی بژیه‌نیت یان بودجه‌یه‌كی باشتر بۆ حكومه‌ت كۆبكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه له پێناو كایه‌ی رۆشنبیری خه‌رجبكرێت".