خه‌ندان-
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، ئه‌ندامی خولی پێشوی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، پێشبینی ده‌كات ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه ئێستا له عێراقدا هه‌یه "قوڵتر ببێته‌وه" تا ئه‌و ئاسته‌ی كه داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت، ده‌شڵێت، "موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دو بژارده‌ی هه‌یه، یان حكومه‌تی زۆرینه هه‌ڵده‌بژێرێت كه تا ئێستا نه‌یتوانیوه، یان ئۆپۆزسیۆن بون هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆیه پێموانیه ماڵی شیعه بگه‌نه رێككه‌وتن".
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی په‌یوه‌ست به ناده‌ستوریبونی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، "بڕیاره‌كه ده‌بوایه پێش 10 ساڵ یه‌كلایی بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌نده نه‌كه‌وێته ناو ئیلتیزاماته‌وه كه ئێستا ده‌رچون لێیان زۆر زحمه‌ته، كاتی خۆی ئێمه سه‌ردانی دادگای فیدڕاڵیمان كرد و هه‌واَلی ئه‌م دۆسیه‌یه و كۆمه‌ڵێك دۆسیه‌ی ترمان پرسی، ئه‌وكاته زۆر به‌ڕونی سه‌رۆكی دادگای فیدڕاڵی پێیوتین كه هه‌ركاتێك په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا گرفتی تێده‌كه‌وێت ئه‌م دۆسیه‌یه ده‌كه‌وێته به‌رباس و هه‌ركاتێكیش رێكده‌كه‌ون ده‌ڵێن بێده‌نگی لێبكه‌ن، دادگای فیدڕاڵی نایه‌وێت ئاڵۆزی دروستبكات، چونكه دادگای فیدڕاڵی ئه‌سڵه‌ن ده‌یه‌وێت ئیستقراری وڵات دروستبكات، بۆیه بڕیاره‌كه‌ی لایه‌نێكی سیاسی تیایه به تاكید، به‌ڵام دیوه‌كه‌ی تریشی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك سه‌رپێچی یاسایی و ده‌ستوری كردوه، له‌مادده‌ی 110ی ده‌ستوردا زۆر رونه فرۆشتنی نه‌وت به‌ر هه‌وڵاتێك ده‌چێته چوارچێوه‌ی بازرگانی ده‌ره‌كی، هه‌رێمی كوردستان هیچ جۆره په‌یوه‌ندیه‌ك و هه‌ماهه‌نگییه‌كی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا نه‌بوه، چ حه‌قله كۆنه‌كان و چ حه‌قله نوێكان، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی كۆمه‌ڵێك مه‌سجی تیایه و په‌یوه‌ندیان به‌و دۆخه سیاسیه‌وه هه‌یه، كه ئێستا هه‌یه".
ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی چه‌ندێك باسی نه‌وت ده‌كات هێنده‌ش مه‌به‌ستی غازه، گه‌یشتنی غازی هه‌رێم ئاسانتره بگاته ئه‌وروپا وەک لە وڵاتانی خلیج
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ناتوانرێت تانه‌ی لێبدرێت و به‌پێی ده‌ستور دیاریكراوه و خه‌ڵكی عێراق و كوردستان ده‌نگیان به ده‌ستوره‌كه داوه، ده‌كرا نه‌یه‌ڵن بگاته ئه‌م دۆخه، به‌تایبه‌ت هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كه له‌وكاتی قه‌یرانه‌دا كه كۆمه‌ڵێك گرفتیان هه‌یه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ‌دا ده‌چن ده‌ست بۆ مه‌له‌فێكی حه‌ساستر ده‌به‌ن له نه‌وت، كه ئه‌ویش مه‌له‌فی غازه، دڵنیابن له‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی چه‌ندێك باسی نه‌وت ده‌كات هێنده‌ش مه‌به‌ستی غازه، چونكه نه‌وت ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌ك گرێبه‌ستی بۆ دروستبوبێت، كه 58 گرێبه‌ستن له‌گه‌ڵ 37 كۆمپانیا كراون و سه‌ر به 30 وڵاتی بیانین، ئێستا ته‌ماحێكی زۆر گه‌وره دروستبوه له‌سه‌ر غازی هه‌رێمی كوردستان، كه كۆمه‌ڵێك وڵات ده‌یانه‌وێت سود له‌و غازه وه‌ربگرن، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه غازیان هه‌یه ئێران و وڵاتانی خلیج به‌تایبه‌ت قه‌ته‌ر و ئیمارات، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌یت به هه‌رێم گه‌یشتنی غازی هه‌رێم ئاسانتره بگاته ئه‌وروپا، عێراقیش ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵیه و رێگه به‌وه‌نادات".
بڕیاری دادگای فیدڕاڵی په‌رچه‌كرداری ئه‌و بڕیاره‌ی به‌رپرسانی هه‌رێمه، كه چون له توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان باسیان له پرسی غاز كردوه
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید باسی له‌وه‌شكرد، "بڕیاری دادگای فیدڕاڵی په‌رچه‌كرداری ئه‌و بڕیاره‌ی به‌رپرسانی هه‌رێمه، كه چون له توركیا له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆماری توركیا باسیان له پرسی غاز كردوه و زۆر به ئاسانی ئه‌ردۆگان وتویه‌تی، ئه‌گه‌ر ئێمه له روسیاوه غازمان بۆ نه‌یه‌ت هه‌رێمی كوردستان‌مان له‌به‌رده‌ستدایه بۆ غاز".
خه‌ڵكی كوردستان چیان ده‌وێت له حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم بۆیان نه‌كات و حكومه‌تی فیدڕاڵی بۆیان بكات ئه‌بێت چ گرفتێكیان هه‌بێت؟
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی خزمه‌ت به خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات؟، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید وتی، "سه‌یری ئه‌وه بكه خه‌ڵكی كوردستان چیان ده‌وێت له حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم بۆیان نه‌كات و حكومه‌تی فیدڕاڵی بۆیان بكات ئه‌بێت چ گرفتێكیان هه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر له هاوڵاتییه‌ك بپرسین ئایا پێتخۆشه به‌نزین به 900 دینار بكڕیت یاخود به 450؟ به تاكید ده‌بێت به 450، ئه‌گه‌ر لێی بپرسین ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی عێراق پابه‌ندده‌كات كه به‌نزین به 450 به سه‌رجه‌م شاره‌كان دابه‌ش بكات هاوڵاتییه‌كی هه‌رێم ده‌بێت هه‌ڵوێستی چی بێت؟ له‌كاتێكدا موچه‌ی نیه و خزمه‌تگوزاری نیه و به‌نزین گرانه و جۆرێك له ناسه‌قامگیری هه‌یه له هه‌رێم، بۆیه هاوڵاتیانی هه‌رێم له‌و حیاكایه‌ته بێزاربون كه به‌ناوی قه‌ومچێتی و شكۆوه، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم پێی ده‌فرۆشرێت، خه‌ڵك پێویستی به‌وه‌یه خزمه‌ت بكرێت، كێ خزمه‌تی بكات كێشه‌ی نیه، چونكه دواجار له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵیدایه و پاسپۆرتی ئه‌و وڵاته‌ی پێیه، له هه‌مو حاڵه‌تێكدا 200 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا نه‌بێت نه‌یتوانیوه موچه وه‌ربگرێت، بۆیه هه‌مو به‌رپرسیارێتیه‌كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كه نه‌یاتوانی ئیداره‌ی ئه‌م هه‌رێمه بچوكه بده‌ن".
له‌بری ئه‌وه‌ی براده‌رانی هه‌رێم بیفرۆشن و كه‌س نازانێت به چه‌ندی ده‌فرۆشن و به كێی ده‌فرۆشن و پاره‌كه‌ی چی لێده‌كه‌ن؟ چۆن خه‌رجی ده‌كه‌ن؟ له‌ناو بودجه‌ی عێراقدا بڕی نه‌ته‌كه دیاردەبێت
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا، شێوازی ئیداره‌دان و به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاكانی عێراق هێنده سه‌ركه‌وتوه كه هه‌رێمی كوردستانیش بدرێته ده‌ست حكومه‌تی عێراق؟، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید وتی، "ئه‌وه مانای ئه‌وه‌نیه كه ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی جێبه‌جێبو ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بدرێت به‌وان، نه‌خێر، بڕیاره‌كه ته‌نها په‌یوه‌ندی به نه‌وته‌وه هه‌یه‌و به‌پێی مادده‌ی 121ی ده‌ستور ئیداره‌ی هه‌رێم دانیپێدانراوه، سیستمی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه، ته‌نها ئه‌وه‌یه كێشه‌ی نه‌وت له نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی براده‌رانی هه‌رێم بیفرۆشن و كه‌س نازانێت به چه‌ندی ده‌فرۆشن و به كێی ده‌فرۆشن و پاره‌كه‌ی چی لێده‌كه‌ن؟ چۆن خه‌رجی ده‌كه‌ن؟ له‌ناو بودجه‌ی عێراقدا بڕی نه‌ته‌كه دیارده‌بێت كه چه‌ند به‌رهه‌مده‌هێنێت و ئه‌و پاره‌یه‌ی كه ته‌رخانده‌كرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ناو بودجه‌دا جێگیر ده‌كرێت، ئازایه‌تی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌یه كه نه‌یه‌ڵن پشكی هه‌رێم كه‌مبێته‌وه به‌وه‌ی كه 12.67% به‌پێی داتا‌و به‌یاناتی عێراق بكه‌ن به 13.92%، ئه‌وه‌ی هه‌رێم هه‌یه‌تی مانگانه ده‌بێت به راسته‌وخۆ".
كاتی خۆی مه‌كگۆرك به به‌رپرسانی هه‌رێمی وتوه، من له ئێوه تێناگه‌م كێكێكی بچكۆله‌تان هه‌یه و كێكێكی گه‌وره‌ش هه‌یه، ئه‌م كێكه‌ی خۆتان بۆ ناخه‌ن ئه‌م كێكه گه‌وره‌یه
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "كاتی خۆی برێت مه‌كگۆرك به به‌رپرسانی هه‌رێمی وتوه، من له ئێوه تێناگه‌م كێكێكی بچكۆله‌تان هه‌یه و كێكێكی گه‌وره‌ش هه‌یه، ئه‌م كێكه‌ی خۆتان بۆ ناخه‌ن ئه‌م كێكه گه‌وره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی زیاترتان ده‌ستبكه‌وێت؟، من ئامارێكم لایه له ساڵی 2005ه‌وه تا 2014، هه‌رێم 108 ملیار دۆلاری بۆ هاتوه، كه ده‌كاته نزیكه‌ی 150 ترلیۆن دینار، هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ته‌ی خۆی نه‌وت ده‌فرۆشێت تا ئێستا 25 ترلیۆن دیناری بۆ هاتوه‌ته‌وه، چ مه‌نتقێك قبوڵی ده‌كات كه ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌ریده‌هێنێت به‌شی زۆری هه‌روا به هه‌ده‌ر بڕوات له رێگه‌ی كۆمپانیاكانه‌وه؟، ئه‌مان یه‌ك ئامانجیان هه‌بو كه ده‌یانویست نه‌وت ده‌ربهێنن و بینێرنه ده‌ره‌وه، ته‌نیا ده‌یانویست سه‌نه‌دێكی سیاسیان هه‌بێت له ده‌ره‌وه، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان كردوه و دواجار زه‌ریبه‌ی ئه‌و كۆمپانیایانه ده‌چێته خه‌زێنه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌رگریان لێبكات، له ریفراندۆمدا كام له‌و ده‌وڵه‌تانه هاتنه سه‌ر خه‌ت و به‌رگری له كوردستان بكه‌ن و بڵێن ئه‌و ناوچانه‌ی كه كوردی لێبوه هه‌رده‌بێت لێیبێت؟".
له‌و 9 دادوه‌ره‌ی كه كۆبونه‌ته‌وه بۆ باسكردن له پرسی نه‌وت و گاز، 6 دادوه‌ریان سه‌ر به هاوپه‌یمانه‌كانی پارتین
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید وتیشی، "له‌و 9 دادوه‌ره‌ی كه كۆبونه‌ته‌وه بۆ باسكردن له پرسی نه‌وت و گاز، 6 دادوه‌ریان سه‌ر به هاوپه‌یمانه‌كانی پارتین، یه‌كێكیشیان پارتییه، دوانیان سونه‌ن و سیانیشیان سه‌ر به موقته‌دا سه‌درن، بۆ نه‌یانتوانی به‌رگری له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن؟ كه زۆرێك له سونه‌كان له هه‌ولێر نیشته‌جێن، له دو قۆناغدا هه‌ردو هێزه سونیی و شیعییه‌كه به فریای پارتی نه‌كه‌وتن، ئێستا پارتی حه‌قی خۆیه‌تی بپرسێت ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی بۆچیه؟ له‌كاتێكدا له دو قه‌زیه‌دا پێنج دادوه‌ری هی ئه‌وان بون، پارتی له هه‌وڵی سه‌رۆك كۆماردایه پێش ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی بهێنێت كاندیده‌كه‌ی دورخرایه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه بوه به عه‌یب بۆ پارتی، چونكه دوجار كه‌سایه‌تییه‌كی پارتی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی دورخراوه‌ته‌وه، ده‌بێت پارتی و هۆشیار زێباری ئێستا له چ وه‌زعێكدابن؟ هه‌موان كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه‌مان بینی كه له چ دۆخێكدابو!".
17 جار مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هاتون سه‌ردانی هه‌یئه‌ی سیاسی ره‌وتی سه‌دریان كردوه، گه‌یشتوینه‌ته نزیكبونه‌وه و ره‌نگه رێككه‌وتن بكه‌ین
له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و ره‌وتی سه‌در، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید وتی، "پێش ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه بكرێت بۆ مێژو ئه‌مه ده‌ڵێم، من حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانم بینی پرسیارمان لێ‌كرد و وتی، 17 جار مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هاتون سه‌ردانی هه‌یئه‌ی سیاسی ره‌وتی سه‌دریان كردوه، گه‌یشتوینه‌ته نزیكبونه‌وه و ره‌نگه رێككه‌وتن بكه‌ین، یه‌ك داواكاریان هه‌یه كه پارتی وه‌كو مه‌رجه‌عی كورد مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت واتا ئه‌وه‌ی بۆ كورد ده‌كرێت له رێگه‌ی پارتی و به‌تایبه‌ت له رێگه‌ی كاك مه‌سعوده‌وه بكرێت، كه واتا پارتی زۆر گرفتی ئه‌وه‌ی نیه كه رێككه‌وتنه‌كه چی تیایه، به‌ڵكو له‌ناو كوردا پارتی بناسرێت و له‌ناو پارتیشدا به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی بناسرێت، ئه‌گینا پارتی رۆژێك له رۆژانی دۆخی كوردی مه‌به‌ست نه‌بوه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان بوایه وای لێنه‌ده‌كرد كه كردی".
له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێو ماڵی شیعه و یه‌كلاییبونه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پیشوی عێراق وتی، "ئه‌وه‌ی بۆی ده‌چم ئه‌وه‌یه، ئه‌و ئه‌زمه‌یه قوڵتر ده‌بێت تا ئه‌و ئاسته‌ی دوباره داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت، موقته‌دا سه‌در دو بژارده‌ی هه‌یه یان حكومه‌تی زۆرینه هه‌ڵده‌بژێرێت، كه تا ئێستا نه‌یتوانیوه، یان ئۆپۆزسیۆن بون هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆیه پێموانیه ماڵی شیعه بگه‌نه رێككه‌وتن".