دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی راگرتنی کارەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان دواخرا

12:28 - 19/01/2022

3229جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا یەکلاییکردنەوەی سکاڵای هەردو پەرلەمانتار مەحمود مەشهەدانی و باسم خشان لەسەر نایاساییبونی یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان، بۆ رۆژی سێشەممەی داهاتو (25-1-2022) دوابخات.
 
دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بەئامادەبونی سکاڵاکاران و پارێزەرەکانیان کۆبوەوە لەسەر نایاساییبونی یەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمان، دوای گوێگرتنیش لە سکاڵاکاران، دادگا بڕیاریدا یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە بۆ  بۆ رۆژی سێشەممەی داهاتو (25-1-2022) دوابخرێت.

بڕیاریدا کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵپەسێردرێت
رۆژی پێنجشەممەی رابردو دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی پەرلەمانتاران مەحمود مەشهەدانی و باسم خشان، بڕیاریدا کارەکانی دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردرێت.
پارێزەرەکانیان باس لەوە دەکەن لە کۆبونەوەکەدا پێشێلکاری یاسایی و دەستوری رویداوە
ئەو دو پەرلەمانتارە سکاڵایان لەسەر محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و هەردو جێگرەکەی تۆمارکردوە و پارێزەرەکانیان باس لەوە دەکەن لە کۆبونەوەکەدا پێشێلکاری یاسایی و دەستوری رویداوە.
کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە هەڵدەپەسێردرێت
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا کاری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە و بەشێوەیەکی کاتی هەڵدەپەسێردرێت.
سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا کۆبونەوەکە بۆ ماوەیەک رابگیرێت ئەوەش ناڕەزایی پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە 
رۆژی 9-1-2022 پەرلەمانی عێراق بەسەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان کۆبوەوە و دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا کۆبونەوەکە بۆ ماوەیەک رابگیرێت ئەوەش ناڕەزایی پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و دۆخی مەحمود مەشهەدانیش تێکچو و گەیەنرایە نەخۆشخانە.
من کۆبونەوەی پەرلەمانم راگرتوە و دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکە ناسایی بوە
دوای نەخۆشکەوتنی مەحمود مەشهەدانی، کۆبونەوەی پەرلەمان بەسەرۆکایەتی دوەم بەتەمەنترین پەرلەمان دەستیپێکردەوە و تیایدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرا، لای خۆیەوە مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان رایگەیاند ئەو کۆبونەوەی پەرلەمانی راگرتوە و دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکە ناساییە.

نیشانەکردن

عێراق