هەواڵی ئەمڕۆ

لەرێگەی درۆنەوە هێرشکرایەسەر ئەبوزەبی

12:34 - 17/01/2022

7068جار خوێندراوەتەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەبوزەبی

خەندان-
پۆلیسی شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە سێ تانکەری سوتەمەنی لەناوچەیەکی پیشەسازی ئەبوزەبی تەقینەوە و ئاگرێکیش لەنزیک فڕۆکەخانەی شارەکە دروستبو، کە چەند درۆنێک لەئاسمانی شارەکەوە بینراون و گومان دەکرێت تەقینەوەکان لەرێگە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەوە ئەنجامدرابێت.

 ئاگر لەناوچەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەبوزەبی دروستبوە

پۆلیسی ئەبوزەبی بە ئاژانسی هەواڵی ئیماراتی راگەیاندوە، سێ تانکەری گواستنەوە سوتەمەنی لەناوچەی ئایکاد تەقینەوە، هاوکات ئاگر لەناوچەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەبوزەبی دروستبوە، روداوەکانیش زیانی مادییان هەبوە.

تەقینەوەکان لەرێگەی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجام دراون

ئاماژە بەوەشکراوە، لێکۆڵینەوە لە روداوەکان دەستیپێکردوە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش فڕۆکەی درۆن لە ئاسمانی ئەبوزەبی بینراوە، بۆیە گومان دەکرێت تەقینەوەکان لەرێگەی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ئەنجام درابن.

گروپی حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیاریەتی خۆی لەسەر هێرشەکان راگەیاند

لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لەگروپی حوسییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لەرێگەی درۆنەوە "ژمارەیەک ناوچەی ستراتیژییان" لە ئەبوزەبی کردوەتە ئامانج ئەویش وەک وەڵامدانەوەیەک دژی هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ دروستکردنی گرژی لەیەمەن و سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری.

نیشانەکردن

ئیمارات