خهندان-
نوێنەری ئێران لە رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بەئامادەبونی سێ دیپلۆماتکار لە جەددەی سعودیە دەستیان بەکارەکانیان کردەوە و دوای ئەوەی ماوهی شەش ساڵی رابردو بههۆی ناكۆكی تاران و ریازهوه كارهكانیان راگیرابو.
بەپێی راپۆرتەکان، ئەو سێ دیپلۆماتكارهی ئێران لەم چەند رۆژەی دواییدا چونەته شاری جهدده و وا بڕیارە دوای شەش ساڵ له دابڕان كارهكانیان لهو شاره دەستپێبکەنەوە.
سعودیە ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێدانی ڤیزا بە سێ دیپلۆماتکاری ئێرانی بۆ ئامادەبون لە نوێنەرایهتی ئێران بۆ رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی
حوسێن ئەمیر عەبدوللهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "سعودیە ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێدانی ڤیزا بە سێ دیپلۆماتکاری ئێرانی بۆ ئامادەبون لە نوێنەرایهتی ئێران بۆ رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە جەددە، پێدانی ڤیزا بهو دیپلۆماتكارانه نیشانەی ئەرێنی و باشە".
تیشک خستنە سەر پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سیاسەتی رەهای ئێمەیە
خەتیب سەعیدزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوێنێ دوشەممە رایگهیاند، "تیشک خستنە سەر پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سیاسەتی رەهای ئێمەیە، سەردانە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو بۆ دروستکردنی چارەسەری هەرێمی گشتگیر لە ناوچەکەدا دههێنێته ئاراوه، پێشوازی لە هەر چارەسەرێک دەکەین کە لە ناو هەرێمەوە بێت بەمەرجێک رێز لە بنەماکانی سەروەری دەوڵەتەکان و هێڵە سورەکانی هەر وڵاتێک بگرێت".
لە خولی چوارەمی دیالۆگ لە بەغدا بە نوسراو بۆچونەکانمان پێشکەشی لایەنی سعودیه کرد
سەعیدزادە وتیشی، "ئێمە لە خولی چوارەمی دیالۆگ لە بەغدا بە نوسراو بۆچونەکانمان پێشکەشی لایەنی سعودیه کرد و چاوەڕێی وەڵامدانەوەمان کرد، پێشەکی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ سعودیە ئەوەیە کە لایەنی بەرامبەر گرنگی بە لێدوان و کارەکانی خۆی بدات".
ئێران ئامادەیی دهربڕیوه بۆ كردنهوهی باڵیۆزخانەکەی لە سعودیە
ئهوهشی خستهڕو، "ئێران ئامادەیی دهربڕیوه بۆ كردنهوهی باڵیۆزخانەکەی لە سعودیە و بەهەنگاوی کرداریی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ تەواوکردنی ئەم كاره".
نوسینگەی نوێنەرایەتیی ئێران لە جەددە لە ساڵی 2015دا پاش ئەوەی ئێران و سعودیە دوای هێرشەکەی سەر باڵوێزخانەی شانشینی سعودهیه لە تاران و کونسوڵگەرییەکەی لە مەشهەد، پەیوەندییەکانیان پچڕاند، داخرا.
دوایین نوێنەری هەمیشەیی ئێران بۆ رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لەجەددە مەهدی هەمزە بو، کە لەگەڵ دیپلۆماتە ئێرانییەکانی دیکەی نیشتەجێی جەددە بەرەو تاران گهڕایهوه.