سەرکردەیەکی سەربازی نزیک لە سيستانی لەهەوڵێکی کوشتن رزگاری بو

10:03 - 17/01/2022

2305جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شەوی رابردو دەستڕێژی گولـلە لەماڵی حەمید یاسری، فەرماندەی لیوای "انصار المرجعية" کرا لە قەزای رمیسەی سەر بە پارێزگای موسەننا لەباشوری عێراق، پاسەوانەکانی ئەو فەرماندەیەش وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.

 سێ چەکدار دەستڕێژی گولـلەیان لەماڵی حەمید یاسری کردوە
میدیاکانی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویانکردەوە، شەوی رابردو سێ چەکدار لەناو ئۆتۆمبێلێکەوە دەستڕێژی گولـلەیان لەماڵی حەمید یاسری، فەرماندەی لیوای "انصار المرجعية" کردوە و دوای روبەڕوبونەوەیان لەلایەن پاسەوانەکانی ئەو فەرماندەیەوە، چەکدارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتون.
مانگی ئابیش  روبەڕوی هێرشێکی چەکداری دیکە بوەتەوە
حەمید یاسری یەکێکە لەپیاوە ئاینی و فەرماندە سەربازییەکانی نزیک لە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، مانگی ئابی ساڵی رابردوش لەکاتی پێشکەشکردنی وتارێکدا روبەڕوی هێرشێکی چەکداری دیکە بوەتەوە.
ئەوانەی هاوسۆزیان بۆ جگە لەنیشتیمانەکەیان هەیە، خیانەتکارن 
پێشتر یاسری لەلێدوانێکدا باسی لەوەکردبو، "ئێمە لە ئیمامی حسێنەوە فێری ئەوە بوین ئەوانەی جگە لە نیشتیمانەکەیان لایەنگری و هاوسۆزیان بۆ شوێنێکی دیکە هەیە، خیانەتکارن و  هەر ئەو لایەنانەش تۆمەتبارن بەکوشتنی ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای مافەکانیان دەکرد".

نیشانەکردن

عێراق