خەندان-
شەوی رابردو هەشت ئۆتۆمبێلی لاندکرۆزەر لەگەڕەکی وەزیرانی شاری هەولێر دزران، دوای ئەوەی دەرکەوت کۆمپانیایەکی ساختە بەناوی هەلیکارەوە داوای ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە و شۆفێری لەهاوڵاتیان کردوە، دواتریش بەپاساوی بەستنی GPS ئۆتۆمبێلەکانیان بردوە.
هەندێکیان لەپێناو ئەو هەلی کارەدا خانوەکانیان فرۆشتوە و بونەتە کرێچی
هەفتەی رابردو کۆمپانیایەک لەشاری هەولێر بەناوی هەلی کارەوە داوای لەهاوڵاتیان کردوە هەر کەسێک ئۆتۆمبێلی لاندکرۆزەری سەروی 2017ی هەیە پەیوەندییان پێوەبکات تاوەکو کاریان لەگەڵ بکات، لەبەرامبەریشدا هەشت کەس داواکاریان پێشکەشکردوە کە هەندێکیان لەپێناو ئەو هەلی کارەدا خانوەکانیان فرۆشتوە و بونەتە کرێچی.
مەترسی ئەوەیان هەیە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ دەرەوەی هەرێم بگوازرێنەوە
کۆمپانیاکە بەناوی بەستنی GPS هەشت ئۆتۆمبێلەکەی بردوە و لەشەوی رابردوەوە چارەنوسی ئۆتۆمبێلەکان نادیارە، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکانیش باس لەوەدەکەن داواکارن لە هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر بەزوترین کات بەدواداچون بکەن بۆ بابەتەکە چونکە مەترسی ئەوەیان هەیە ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ دەرەوەی هەرێم بگوازرێنەوە کە نرخی هەرکامێکیان لەسەروی 50 هەزار دۆلاری ئەمریکییە.
نابێت ئێوە بزانن GPSکە لەکام شوێنی ئۆتۆمبێلەکەدا دا دەنرێت
بەگوێرەی زانیارییەکان کۆمپانیاکە ڕایگەیاندوە کە مانگانە بڕی 1800 دۆلار دەدەنە هەر شۆفێرێک، بەڵام وەکو ئەوان دەیڵێن کۆمپانیاکە مەرجی ئەوە بوە کە ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری لاندکرۆزەر بێت، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بردوە بۆ کۆمپانیاکە، پێیان وتراوە دەبێت GPS لە ئۆتۆمبێلەکانتاندا دابنرێت و نابێت خۆشتان بێن، چونکە نابێت ئێوە بزانن GPSکە لەکام شوێنی ئۆتۆمبێلەکە دادەنرێت.