خه‌ندان-
مه‌حمود ره‌زا، ئه‌ندامی خولی پێشوتری په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، ئێستا كه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژێردراوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه دو سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی دیكه‌ش بمێننه‌وه، ئه‌وان پێكه‌وه گونجاون و پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیراندا هه‌یه، كه ناوی "وه‌ره‌قه‌ی سپی"یه بۆ چاكسازی له سیستمی ئابوری‌دا، ئه‌و بیرۆكانه‌ی كه كاریان له‌سه‌ر كردوه ده‌بێت به‌رده‌وام بن، ده‌شڵێت، "لایه‌نه سونیه‌كان، سه‌در و به‌شێك له ئه‌وانه‌ی له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدان له دكتۆر به‌رهه‌م رازین، رۆشنبیرانی عه‌ره‌بیش له دكتۆر به‌رهه‌م رازیین، هیوادارم ئه‌و حه‌قده‌ی پارتی بۆ دكتۆر به‌رهه‌می هه‌ڵگرتوه زیانێكی دیكه له كورد نه‌دات".
مه‌حمود ره‌زا له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رایگه‌یاند، "ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت یه‌كێتی كورد و یه‌كده‌نگی كورد و یه‌كێتی شیعه و یه‌كده‌نگی سونه له راستیدا ئه‌مانه نیه، حزبی جیاجیا له‌ناو كورد، سونه و شیعه‌دا هه‌یه و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیان هه‌یه و پێمخراپه ئه‌زمونه‌كانی رابردو دوباره ببێته‌وه و 18 ساڵه به ته‌وافق و پشك پشكێنه له عێراقدا حكومه‌ت دروست ده‌كرێت و ساڵ له دوای ساڵیش دۆخی چینی كرێكار و هه‌ژاران و چینی ناوه‌ڕاست خراپتر بوه، كۆمه‌ڵێك ده‌سته دروستبون و شكڵی مافیاییان وه‌رگرتوه له‌سه‌ر حسابی میلله‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه گشتییه‌كانی خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندبون، ئه‌م درێژه‌پێدانی پشك پشكێنه و رێككه‌وتنی حزبیانه زیانی هه‌یه ئه‌مه بۆ كوردستانیش راسته، ده‌بو له كوردستانیش حزبی حاكم و ئۆپۆزسیۆن هه‌بوایه، له عێراقیشدا هه‌ندێك كه‌س پێیان خه‌ته‌ره به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیان له‌وه‌دا هه‌بێت و به‌ناوی یه‌كێتی كورد و یه‌كێتی شیعه و سونه‌وه سودێكی تایبه‌تیان پێده‌گات".
له پێشتریشدا پێنج تا شه‌ش حكومه‌تمان تاقیكردوه‌ته‌وه به ته‌وافق و پشك پشكێنه دروستكراوه له هه‌مویان فه‌شه‌لیان هێناوه
مه‌حمود ره‌زا پێیوایه "راسترین رێگا ئه‌وه‌یه به‌شێك له كورد، سونه و شیعه حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتیمانی پێكبهێنن و به‌شێك له شیعه، سونه و كورد و بێلایه‌نه‌كان كه ئینتیمایان بۆ هیچ حزبێك نیه و ئێستا له په‌رله‌مانن ئۆپۆزسیۆن بن، هیچ نیزامێكی دیموكراتیش پێناگات ئه‌گه‌ر حزبی حاكم و حزبی ئۆپۆزسیۆن نه‌بێت، له پێشتریشدا پێنج تا شه‌ش حكومه‌تمان تاقیكردوه‌ته‌وه به ته‌وافق و پشك پشكێنه دروستكراوه له هه‌مویان فه‌شه‌لیان هێناوه، پێویست ده‌كات له‌مه‌وه بگۆڕدرێت، من پێموایه پارتی زه‌ڕبه‌ی زۆر گه‌وره‌ی له عێراق و كوردستایش داوه، به‌ڵام من پێمخۆشه ئێستا پارتی بچێت له گه‌ڵ سونه‌كان و ره‌وتی سه‌در حكومه‌ت پێكبهێنن و بتوانن ئه‌وكات ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز ده‌بێت و لێخۆشبون نابێت، لێره‌ش هه‌یه له كوردستان ئه‌و دو حزبه هه‌رچی تاڵانی ئه‌كه‌ن به‌ڵام بۆ یه‌كی ده‌پۆشن، چونكه هه‌ردوكیان سودمه‌ندن، له به‌غداش هه‌روایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته نه‌مێنێت كه هه‌مویان به‌شدارن و هه‌مویان له فه‌ساددا رۆڵیان هه‌بوه جگه له‌وانه‌ی تازه چونه‌ته په‌رله‌مان هه‌مویان له گه‌نده‌ڵییه‌وه گلاون، له‌به‌رئه‌وه با به‌و گه‌نده‌ڵیه‌شه‌وه ببن به حوكمڕان یان ئۆپۆزسیۆن".
دز و مافیای گه‌وره دروستبوه له كوردستان و عێراقدا ئه‌و پاره زۆره ده‌به‌نه ده‌ره‌وه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و حزب و بنه‌ماڵه به‌كاریده‌هێنن
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا حكومه‌تی نیشتیمانی برینه‌كانی حوكمڕانی چاره‌سه‌ر ده‌كات، مه‌حمود ره‌زا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، "ئه‌وه ته‌جروبه‌كی تازه‌یه و ده‌بێت بیكه‌ین و هیواموایه سه‌ربكه‌وێت، كه‌س ناتوانێت پشبینی بكات سه‌رده‌كه‌وێت یان نا، به‌ڵام ئه‌زمونێكی نوێیه و ئێمه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام به ته‌وافق و پشك پشكێنه بڕۆین هیچ قازانجێك ناكه‌ین، هه‌زارساڵ له رێگه‌یه‌كی هه‌ڵه بڕۆین ناگه‌ینه ئه‌نجامێكی راست، ئه‌و هه‌مو پاره‌یه دیارنه‌ماوه له عێراق و كوردستاندا باسی سه‌دان ملیۆن دۆلار ده‌كرێت كه براوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، دز و مافیای گه‌وره دروستبوه له كوردستان و عێراقدا ئه‌و پاره زۆره ده‌به‌نه ده‌ره‌وه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و حزب و بنه‌ماڵه به‌كاریده‌هێنن، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ته‌وافق و پشك پشكێنه به‌رده‌وام بێت ئه‌وان به‌رده‌وام قازانج ده‌كه‌ن و دزییه‌كانیان زیاتر ده‌بێت، ده‌بێت له شوێنێكدا رایبگرین و ئێستا كاتیه‌تی، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گۆڕانی دروستكردوه و خۆپیشانه‌كانی 2019 گۆڕانی دروستكردوه و ئه‌گه‌ر كاری له‌سه‌ر بكرێت ده‌توانین عێراق باش بكه‌ینه‌وه كه ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كوردستان ده‌بێت".
له كوردستان و عێراقیشدا ئه‌گه‌ر چه‌كی میلیشیاكان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت دۆخمان ساڵ له‌دوای ساڵی خراپتر ده‌بێت
له‌باره‌ی تانه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی داوه، مه‌حمود ره‌زا وتی، "تانه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان تاچه‌ند ئه‌نجامی هه‌بو له‌مه‌شدا هه‌رئه‌وه‌نده ئه‌نجامی ده‌بێت، له‌راستیدا مه‌وقیفه‌كه سیاسیه و ئه‌وان ترسیان هه‌یه له سه‌در، ئێستا دوجۆر میلیشیا له عێراقدا هه‌یه جۆرێكی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه و به‌شێكیشیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نین و 68 گروپی چه‌كدار له عێراقدا هه‌ن، وه‌لائیان بۆ عێراق نیه و له ده‌ره‌وه ده‌جوڵێنرێن، سه‌در دژی ئه‌مه‌یه، سه‌در خۆی میلیشای هه‌یه به‌ڵام رێكخراوه و به‌ده‌ستی خۆیه‌وه‌یه‌تی و وه‌كو پلاكی كاره‌با، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه به‌ده‌ست سه‌ركرده عێراقییه‌كان نین به‌ده‌ستی ئێرانه و به‌كاریان ده‌هێنێت، ئه‌وان له‌وه ده‌ترسن سه‌در هه‌وڵبدات یاخود بتوانێت ئه‌و چه‌كانه له‌ده‌ستیان وه‌ربگرێته‌وه بۆیه ده‌یانه‌وێت بچنه ناو حكومه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌وه بپارێزن، له كوردستان و عێراقیشدا ئه‌گه‌ر چه‌كی میلیشیاكان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت دۆخمان ساڵ له‌دوای ساڵی خراپتر ده‌بێت".
له‌باره‌ی رێككه‌وتنی پارتی، دو لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سونه و ره‌وتی سه‌در، كه ده‌وترێت لاوازترین رێككه‌وتنی سیاسیی كورده له‌رو ناوه‌ڕۆكه‌وه، مه‌حمود ره‌زا وتی، "كاتی خۆی كورد له حكومه‌تی یه‌كه‌می مالیكدا پێكه‌وه بون و ئه‌وكاتی پێیان ده‌وت سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد كه دیسانه‌وه هه‌ر موسته‌ڵه‌حه و له ئه‌رزی واقعدا وجودی نیه، چونكه هه‌مو حزبێك سه‌ری خۆی هه‌یه و به‌گوێی ده‌كات، له په‌رله‌مانی عێراقیشدا هاوپه‌یمانی كوردستان هه‌بو كه یه‌كێتی و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵیشی تیابو، 19 خاڵیاندا كه به‌م مه‌رجانه ده‌چنه ناو حكومه‌ته‌وه هه‌مو خاڵه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌ڵام چونكه به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌بو له وه‌زاره‌ت و پاره‌یان ده‌ست ده‌كه‌وت و گوێیان به‌هیچ نه‌دا".
پارتی ئه‌وه‌نده‌ی پێبكرێت زوڵم له یه‌كێتی و هه‌مو حزبه‌كانی دیكه ده‌كات، یه‌كێتیش زوڵم له حزبه‌كانی دیكه و به‌شێكیش له‌ناو حزبه‌كه‌یدا ده‌كات
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پێیوایه په‌رتبونی هێزه كوردستانیه‌كان تاكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، "به‌رده‌وام ئه‌وانه‌ی له به‌غدا روده‌ده‌ن په‌یوه‌ندیان به دۆخی كوردستانه‌وه هه‌یه، له‌كوردستاندا دۆخێكی نامه‌قوڵ و ناجێگیر هه‌یه و مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵات هه‌ستپێده‌كه‌ین به ئاشكرا له هه‌رێم، پارتی ته‌حه‌كوم به سیاسه‌تی گشتی و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه و ناوچه‌یی ده‌كات و بۆ خۆی قۆرخی كردوه، یه‌كێتیش له‌ناوچه‌ی خۆی دیسانه‌وه قۆرخی كردوه، هه‌ردوكیشیان له‌ناوچه جێناكۆكه‌كان 13 ساڵ حوكمڕانی موتڵه‌ق بون و نه‌یاتوانی حوكمێكی ره‌شید بهێننه كایه‌وه تا نه‌ته‌وه‌كانی دیكه له خۆیان رازی بكه‌ن، نه‌ك ئه‌وه‌یان نه‌كرد به‌ڵكو كوردی ناوچه‌ی جێناكۆكیشیان له‌خۆیان ره‌نجاند، بۆیه ئه‌م به هه‌ڵه موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات قه‌ت ناتگه‌یه‌نێته ئه‌وه‌ی له به‌غدا پێكه‌وه‌بن، پارتی ئه‌وه‌نده‌ی پێبكرێت زوڵم له یه‌كێتی و هه‌مو حزبه‌كانی دیكه ده‌كات، یه‌كێتیش زوڵم له حزبه‌كانی دیكه و به‌شێكیش له‌ناو حزبه‌كه‌یدا ده‌كات، بۆیه ئه‌م زوڵم و ناعه‌داله‌تی و بێویژدانیه‌ی له هه‌رێمی كوردستان موماره‌سه ده‌كرێت ره‌نگدانه‌وه‌ی سلبی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و یه‌كێتییه‌ی له‌به‌غدا كه خه‌ڵكی بێلایه‌ن داوای ده‌كات".
دڵمان به په‌رله‌مان خۆش بو، په‌رله‌مان له 1992ه‌وه هه‌مانە ئێستا هه‌ر وجودی نیه ساڵ له دوای ساڵ حزبه‌كان به ئه‌نقه‌ست په‌رله‌مان رسوا ده‌كه‌ن
مه‌حمود ره‌زا وتیشی، "ئه‌م په‌رته‌وازییه‌ی له عێراقدا هه‌یه هه‌موی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و زوڵمه‌یه كه له كوردستاندا هه‌یه، تاوه‌كو سیستمی حوكمڕانی راست نه‌كرێته‌وه ئه‌م دۆخه به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیه كه‌س به‌ته‌مای ئه‌وه نه‌بێت كورد رۆژێك له رۆژان به یه‌ك پاكێج بچێته به‌غدا، چونكه دامه‌زراوه‌یه‌كی دروستكردنی بڕیاری سیاسی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له هه‌رێمی كوردستان وجودی نیه، دڵمان به په‌رله‌مان خۆش بو، په‌رله‌مان له 1992ه‌وه هه‌مانە ئێستا هه‌ر وجودی نیه ئه‌وكاته زۆرباشتر بو، به‌ڵام ساڵ له دوای ساڵ حزبه‌كان به ئه‌نقه‌ست په‌رله‌مان رسوا ده‌كه‌ن".
د. به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری ده‌ورێكی باشی بینیوه به‌قه‌ده‌ر ئه‌و سوێنده ده‌ستوریه‌ی کە خواردویه‌تی
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا پێیوایه كه رێكه‌وتنی پارتی، سونه‌كان و سه‌در بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار كاری پێده‌كرێت یاخود ئه‌و ڤیتۆیه‌ی كه باس ده‌كرێت پارتی له‌سه‌ر د. به‌رهه‌م ساڵح هه‌یه بۆ كاندیدی سه‌رۆك كۆمار لایده‌بات؟، مه‌حمود ره‌زا وتی، "یه‌كێتی باشی نه‌كرد كه بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كه‌ی كرد، پارتی ئه‌وه‌ی له دڵ گرتوه كه بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كه‌ی كردوه، لێره‌ش له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا له په‌رله‌مان ده‌نگیان به نێچیرڤان بارزانی نه‌دا، ئه‌مجاره‌ش ده‌نگیان به شاخه‌وان نه‌داوه و پارتی ئه‌مه‌ی له دڵ گرتوه، هیوادارم ئه‌م ته‌شه‌نه‌وجه سیاسیانه‌ی یه‌كێتی و پارتی خاوی بكه‌نه‌وه و بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌بێ كێشه رێبكه‌ون، پۆستی سه‌رۆك كۆمار بوه‌ته عورف كه پشكی كورده و هی پێكهاته‌ی كورده نه هی یه‌كێتیه نه هی پارتیه، باشترین شت ئه‌وه‌یه كه هه‌مو حزبه‌كان رێكبكه‌ون له‌سه‌ر كه‌سێك بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری هه‌موان بێت نه‌ك نوێنه‌ری پارتی یان یه‌كێتی بێت، هیوادارم پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر د. به‌رهه‌م نه‌بێت و پێموایه د. به‌رهه‌م ساڵح له‌كوردستاندا جگه له پڕۆژه‌ی تواناسازی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستنه‌هێناوه به‌ڵام له‌راستیدا بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری ده‌ورێكی باشی بینیوه به‌قه‌ده‌ر ئه‌و سوێنده ده‌ستوریه‌ی كه به‌پێی مادده‌ی 50ی ده‌ستور خواردویه‌تی، توانایه‌كی زۆر باشی هه‌یه مادام لێره ناتوانرێت ئه‌و خزمه‌ته بكات بۆ بشكێنرێت با له عێراقدا به‌رده‌وام بێت".
هیوادارم ئه‌و حه‌قده‌ی پارتی بۆ دكتۆر به‌رهه‌می هه‌ڵگرتوه زیانێكی دیكه له كورد نه‌دات و واز له ڤیتۆكه‌ی بهێنێت
ئه‌وه‌شی وت، "ئێستا كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام دو سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی دیكه بمێننه‌وه، له‌به‌ركۆمه‌ڵێك هۆكار، ئه‌وان پێكه‌وه گونجاون و پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا هه‌یه، كه ناوی وه‌ره‌قه‌ی سیپییه بۆ چاكسازی له سیستمی ئابوری عێراقدا، ئه‌م بیرۆكانه‌ی كه له‌ناو وه‌زاره‌تدا كاریان له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه كردوه ده‌بێت به‌رده‌وام بن، چونكه هه‌موجارێك یه‌كێك كێشه‌كانی عێراق ئه‌وه‌یه هه‌ر حكومه‌تێك دێت كاره‌كانی پێشتر سفر ده‌كاته‌وه به‌بێ بونی پلانێكی عیلمی به‌پێی میزاجی تاقمی نوێ ده‌ستده‌خه‌نه‌وه كاروباری ئابوری و سیاسیه‌ت و ئه‌منی، ئه‌مه زۆر خه‌ته‌ره، هیوادارم ئه‌و حه‌قده‌ی پارتی بۆ دكتۆر به‌رهه‌می هه‌ڵگرتوه زیانێكی دیكه له كورد نه‌دات و واز له ڤیتۆكه‌ی بهێنێت و ئه‌م ستافه ده‌ربچنه‌وه".
لایه‌نه سونیه‌كانیش و سه‌در و به‌شێك له ئه‌وانه‌ی له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدان له دكتۆر به‌رهه‌م رازین
رونیشیكرده‌وه، "لایه‌نه سونیه‌كانیش و سه‌در و به‌شێك له ئه‌وانه‌ی له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیدان له دكتۆر به‌رهه‌م رازین، رۆشنبیرانی عه‌ره‌بیش له دكتۆر به‌رهه‌م رازیین، خه‌ڵكی كوردستان ده‌یانه‌وێت كه وه‌زیرێك یان سه‌رۆك كۆمار كه ده‌چێته به‌غدا چی له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد به‌ته‌نها ئه‌وه‌بكات، به‌تایبه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار ته‌شریفاتیه و ده‌ستور ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاریكردوه سوێندی ده‌ستوریه‌كه‌ی رونه و ده‌ستور ده‌پارێزێت و به‌شداری عێراق له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه و ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بپارێزێت له زاخۆ بێت یان به‌سره".