چین: پێویستە ئەمریکا سیاسەتە هەڵەکانی بەرامبەر وڵاتەکەمان بگۆڕێت

10:43 - 01/11/2021

4479جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای لەواشنتن کردوە  پابەندی سیاسەتی هەماهەنگی بێت لەگەڵ چین نەک وتنی شتێك و ئەنجامدانی شتێكی دیکە، هەروەها پێویستە  ئەمریکا "سیاسەتە هەڵەکانی بەرامبەر وڵاتەکەمان" بگۆڕێت.

 ڕەخنە لە ئەمریکا دەگرن بۆ دیپلۆماسییەتی بازنەی بچوک

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە پەراوێزی لوتکەی كۆمەڵەی 20 لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوەوە و رایگەیاند، دژایەتی چین لە بەرامبەر "سیاسەتە دەرەکییە هەڵەكانی ئەمریکا" دوپاتدەکەنەوە کە ئەو وڵاتە بەرامبەر چین گرتویەتییەبەر و ڕەخنە لە ئەمریکا دەگرن بۆ دیپلۆماسییەتی "بازنەی بچوک" کە فشارێکی زۆری لەسەر چەندین وڵاتی بچوک و مامناوەندا دروستكردوە بە مەبەستی سنورداركردنی چین.

چین و ئەمریکا لە  هەماهەنگیكردن سودمەند دەبن و لە ڕوبەڕوبونەوە زەرەرمەند دەبن

ئاماژەی بەوەشکرد، چین و ئەمریکا لە  هەماهەنگیكردن سودمەند دەبن و لە ڕوبەڕوبونەوە زەرەرمەند دەبن، هەروەها "بارودۆخی ڕاستەقینەی پرسی تایوان ئەوەیە، تەنیا یەک چین هەیە و تایوان بەشێکە لە چین و خراپ مامەڵەكردن و دەستێوەردان لەم بابەتە دەبێتە هۆی ڕودانی كێشەی مەزن و گشتگیر لە پەیوەندیە دوقۆڵیەكاندا".

 پابەندبونی ئەمریکا بە سیاسەتی یەک چین دوپات دەکەنەوە

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندوە، پابەندبونی ئەمریکا بە سیاسەتی یەک چین دوپات دەکەنەوە. هەردو وڵاتیش پارێزگاری لە پەیوەندی ئاسایی خۆیان دەكەن بۆ بەڕێوەبردنی جیاوازیەكان و خۆبەدور گرتن لە ڕوبەڕوبونەوە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە.

 

تازەترین گرژییەکانی چین و ئەمریکا:

 

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا واشنتن فەرمانی بە کۆمپانیای چینی  "تیلیكوم أمیریكانز" کرد کە لەماوەی 60 ڕۆژدا خزمەتگوزارییەکانی ڕابگرێت و کۆتایی بە نزیکەی 20 ساڵ لە کارکردنی لە ویلایەتە یەکگرتوەکان بهێنێت، ئەوەش فشارێکی زیاتریان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات دروست کرد.

سەرۆکی تایوان بونی ژمارەیەکی کەمی سەربازی ئەمریکی لە دورگەکە بۆ یارمەتیدان لە ڕاهێنانی سەربازی پشتڕاستکردەوە

هاوکات لەم هەفتەیەدا تسای ئینگ ون، سەرۆکی تایوان بونی ژمارەیەکی کەمی سەربازی ئەمریکی لە دورگەکە بۆ "یارمەتیدان لە ڕاهێنانی سەربازی" پشتڕاستکردەوە و ئەوەشی وت، کە ئەو "متمانەی تەواوی هەیە" کە سوپای ئەمریکا لە حاڵەتی هێرشی چینیدا بەرگری لەو وڵاتەکە دەکات.

ئەو لێدوانانەی سەرۆکی تایوان، پەکینیان توڕە کرد کە ڕۆژی پێنجشەممە دژایەتی خۆی بۆ پەیوەندیە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تایوان دوپاتکردەوە.
تایوان کە دانیشتوانەکەی نزیکەی 23 ملیۆن کەسە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی چینە

حکومەتی چین دەڵێت، تایوان کە دانیشتوانەکەی نزیکەی 23 ملیۆن کەسە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی چینە.

هەرچەندە ئەمریکا و چین و زلهێزە ناوکییەکانی جیهان و یەکەم زلهێزە ئابورییەکانی جیهان، لە کۆمەڵێک پرسدا ناکۆکن و لە ئێستادا لە جەنگێکی سارددا تێدەپەڕن، بەڵام ناکۆکیی ئەوان لەسەر تایوان تاکە کێشەیە کە ئەگەری ئەوە هەیە ڕوبەڕوبونەوەیەکی چەکداریی نێوانیان روبدات.

نیشانەکردن

ئەمریکا چین