موقته‌دا سه‌در داوای دان به‌خۆداگرتن ده‌كات.. "سه‌رۆك وه‌زیران نه‌ رۆژئاوایی و نه‌ رۆژهه‌ڵاتی ده‌بێت"

11:42 - 13/10/2021

8389جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئامانجی خۆی بۆ شه‌ڕی گه‌نده‌ڵیی به‌پێی یاسا ده‌ربڕی و راشیگه‌یاند، "سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتو نه‌ رۆژئاوایی و نه‌ رۆژهه‌ڵاتی ده‌بێت و شكۆ هێز بۆ وڵات ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، داواشده‌كه‌م، هه‌موان دان به‌خۆیاندا بگرن".

موقته‌دا سه‌در له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، "ئاشتی گه‌ل له‌ نیشتمانه‌كه‌ماندا مه‌شێوێنن، من ته‌نها گرنگی به‌ سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و سه‌لامه‌تی عێراق ده‌ده‌م، خۆشه‌ویستی نیشتمان له‌بڕواوه‌یه‌".

به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌ته‌كانیانه‌وه‌


راشیگه‌یاندوه‌، داواده‌كه‌م هه‌موان دان به‌خۆیاندا بگرن و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخه‌نه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌ته‌كانیانه‌وه‌.

ئێمه‌ له‌ خۆڕاگری و به‌رگریكردنداین به‌رامبه‌ر به‌ داگیركاری و تیرۆر و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل


موقته‌دا سه‌در باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئێمه‌ له‌ خۆڕاگری و به‌رگریكردنداین به‌رامبه‌ر به‌ داگیركاری و تیرۆر و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ده‌ست به‌رامبه‌ر هیچ عێراقیه‌ك به‌رز ناكه‌ینه‌وه‌، هه‌ر شتێك ببێت".
به‌ پێی یاسا شه‌ڕی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ین و سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی عێراقیش نه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی و نه‌ ڕۆژئاوایی ده‌بێت

رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه‌، "به‌ پێی یاسا شه‌ڕی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ین و سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی عێراقیش نه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی و نه‌ ڕۆژئاوایی ده‌بێت و شكۆ و هێز بۆ عێراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌".

ئه‌و په‌یامه‌ی موقته‌دا سه‌در له‌كاتێكدایه‌ به‌هۆی دابه‌زینی ده‌نگه‌كانی هێز و لایه‌نه‌ شییعه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مان كه‌ 10ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چو، هۆشداری له‌ دروستبونی كێشه‌ و ئاڵۆزی ده‌درێت و به‌شێك له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنه‌به‌ری هه‌مو رێكارێكیان كردوه‌ و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنیان ره‌تكردوه‌ته‌وه‌.

Image

نیشانەکردن

موقته‌دا سه‌در