هێزه‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌: ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن قبوڵ ناكه‌ین

11:22 - 13/10/2021

5067جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 

هێزه‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌ جگه‌ له‌ ره‌وتی سه‌در كه‌ موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، كۆده‌نگیه‌كیان له‌ژێر ناوی "هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ سیاسییه‌كان" پێكهێنا و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراقیان ره‌تكرده‌وه‌ و راشیانگه‌یاند، "ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن قبوڵ ناكه‌ین و هه‌مو ڕێوشوێنێكی پێویست ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ڕێگریكردن له‌ ده‌ستكاریكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ران".

هه‌ریه‌ك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی (فه‌تح، ده‌وڵه‌تی یاسا، عه‌سائیب ئه‌هل حه‌ق و كه‌تائیبی حزبوڵا و ژماره‌یه‌ك ره‌وتی دیكه‌) كۆده‌نگیه‌كیان له‌ژێر ناوی (هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ سیاسییه‌كان) پێكهێنا و له‌راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا رایانگه‌یاند، به‌ مه‌به‌ستی مسۆگه‌ركردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و متمانه‌ و به‌دیهێنانی پابه‌ندی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ كه‌ له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عی باڵای ئاینیه‌وه‌ داوا ده‌كرێت، جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و ئارام و دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی زاڵبون به‌سه‌ر ئه‌و گومان  و كێشه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018دا په‌ره‌یان سه‌ند و چه‌ندین روداوی ناخۆشیان لێكه‌وته‌وه‌.

به‌مه‌به‌ستی پشتگیریكردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و پاكی هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ندین تێبینی ته‌كنیكیمان پێشكه‌ش به‌كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كردوه‌

ئه‌وه‌شیانخسته‌ڕو، به‌مه‌به‌ستی پشتگیریكردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و پاكی هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ندین تێبینی ته‌كنیكیمان پێشكه‌ش به‌كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كردوه‌ و كۆمیسیۆن به‌ڵێنی پێداین، هه‌مو ئه‌و كێشانه‌ سه‌رجه‌م كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بوه‌ به‌و هه‌مو ڕێكاره‌ یاساییانه‌ی پێشتر رایگه‌یاندبو، به‌و پێیه‌ش ناڕه‌زایه‌تی خۆمان دژی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین و قبوڵیان ناكه‌ین و هه‌مو ڕێوشوێنێكی پێویست ده‌گرینه‌به‌ر بۆ ڕێگریكردن له‌ ده‌ستكاریكردنی ده‌نگی ده‌نگده‌ران".

ئه‌مه‌ش له‌ دوای ئه‌وه‌دێت كه‌ ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراق رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌ راگه‌یه‌ندرا و هێزه‌ سیاسییه‌ شیعیه‌كان جگه‌ له‌ ره‌وتی سه‌در ده‌نگه‌كانیان به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كرد، به‌جۆرێك هاوپه‌یمانی فه‌تح 14 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا له‌كاتێكدا له‌ هه‌ڵبژاردنی 2018 له‌ په‌رله‌مان 48 كورسی به‌ده‌ستهێنابو.