ئه‌ژی ئه‌مین: پێویسته‌ په‌رله‌مانی نوێی عێراق هاوسه‌نگی خۆی بپارێزێت له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ

10:22 - 13/10/2021

4927جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یامێكدا له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی تازه‌ هه‌ڵبژێردراوی نوێنه‌ران هاوسه‌نگی سیاسیی خۆی بپارێزێت له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌یدا.

ئه‌ژی ئه‌مین، سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌تویته‌ر په‌یامێكی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و نوسیویه‌تی، "وێڕای پیرۆزبایی له‌ هه‌ڵبژێردراوانی خولی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی فیدڕاڵ، داواكارین په‌رله‌مانتارانی نوێی گه‌لی كوردستان، دڵسۆزانه‌ و هاوهه‌ڵوێست پارێزه‌ری كیانی سیاسی و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی كوردستان بن كه‌ له‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقدا، له‌ به‌رئه‌نجامی‌ خه‌باتی درێژخایه‌ن و نه‌پساوه‌ی سه‌ركرده‌ و رۆڵه قاره‌مانه‌كانمان چه‌سپێندراون".

پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی تازه‌ هه‌ڵبژێردراوی نوێنه‌ران هاوسه‌نگی سیاسیی خۆی بپارێزێت له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌یدا

راشیگه‌یاندوه‌، "به‌ له‌به‌رچاوگرتنی پێگه‌ی هه‌ستیار و كاریگه‌رییه‌ ناوچه‌یی و بایه‌خه‌ نێوده‌وڵتییه‌كه‌ی، ئه‌نجومه‌نی تازه‌ هه‌ڵبژێردراوی نوێنه‌رانی عێراق، پێویسته‌ هاوسه‌نگی سیاسیی خۆی بپارێزێت له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌یدا".

رۆڵی ئه‌مریكا له‌ بونیادنانه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ی ژێرخانی سیاسی و سه‌ربازیی و ئه‌منیی  پێویسته به‌وپه‌ڕی هه‌ماهه‌نگیی بونیادنه‌رانه‌ی نێوان دو گه‌ل و دو ده‌وڵه‌تی دۆست، ره‌چاو بكرێت

ئه‌ژی ئه‌مین باسی له‌وه‌شكردوه‌، "له‌م چركه‌ساته‌ مێژوییه‌دا، ڕۆڵی هاوپه‌یمانان و به‌تایبه‌ت ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌ بونیادنانه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ی ژێرخانی سیاسی و سه‌ربازیی و ئه‌منیی عێراق، پێویسته‌ به‌وپه‌ڕی هه‌ماهه‌نگیی بونیادنه‌رانه‌ی نێوان دو گه‌ل و دو ده‌وڵه‌تی دۆست، ره‌چاو بكرێت".

چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت پشتیوانی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ها باڵاكان و ده‌نگی ڕه‌وای گه‌ل و رێنیشانده‌ری حوكمی ره‌شیدبن

سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئه‌ندامانی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و به‌تایبه‌تت، سه‌ركه‌وتوانی گه‌لی كوردستان له‌م كێبڕكێ دیموكراسییه‌دا، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت پشتیوانی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ها باڵاكان و ده‌نگی ڕه‌وای گه‌ل و رێنیشانده‌ری حوكمی ره‌شیدبن.