بافڵ تاڵه‌بانی: ئه‌و غه‌درانه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوكییه‌كان ده‌كرێن خه‌ریكه‌ ده‌گه‌نه‌ ئاستێك كه‌ قابیلی قبوڵ نابێت

03:13 - 28/09/2021

2683جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی له‌په‌یامێكدا بۆ شاری كه‌ركوك رایگه‌یاند، ئه‌و غه‌درانه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوكییه‌كان ده‌كرێن و به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ خه‌ریكه‌ ده‌گه‌نه‌ ئاستێك كه‌ قابیلی قبوڵ نابێت، ده‌ستی برایه‌تی بۆ ھه‌مو نه‌ته‌وه‌ و پێكھاته‌ و ئاینزاكان درێژده‌كه‌ین، باوه‌ڕمان به‌ شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ به‌ڵام له‌مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆشمان خۆشنابین".

بافڵ تاڵه‌بانی له‌په‌یامێكی ڤیدیۆییدا له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ شاری كه‌ركوك رایگه‌یاند، كه‌ركوك بۆ ئێمه‌ قودسی كوردستانه‌، قه‌ڵای سه‌وزی پێكه‌وه‌ژیان و برایه‌تی ھه‌مو نه‌ته‌وه‌ و پێكھاته‌ ره‌سه‌نه‌كانی شاره‌كه‌یه‌، كه‌ركوك ئه‌مانه‌تی مام، خوێنی شه‌ھیدان و كوڕانی شۆڕشی نوێیه‌ كه‌ خوێنیان بۆ به‌خشی و بۆ ساتێكیش كه‌ركوكییه‌كانیان جێنه‌ھێشت، بۆیه‌ كه‌ركوكییه‌كان خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی یه‌كێتین".

یه‌كێتی وه‌ك حیزبێكی ده‌ربه‌ست و په‌یوه‌ست به‌رێبازی مام و خوێنی شه‌ھیدان ھه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌ركوكییه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌

وتیشی، "یه‌كێتی وه‌ك حیزبێكی ده‌ربه‌ست و په‌یوه‌ست به‌رێبازی مام و خوێنی شه‌ھیدان ھه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌ركوكییه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌ ئێستا و ئاینده‌ش به‌هه‌مان ڕوحیه‌تی كاركردنه‌وه‌ درێژه‌پێده‌ری ئه‌و ڕێبازه‌ پیرۆزه‌ ده‌بین و ده‌ستبه‌رداری نابین".

باوه‌ڕمان به‌ شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ به‌ڵام له‌مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆشمان خۆشنابین

بافڵ تاڵه‌بانی باسی له‌وه‌شكرد، "ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌ ئاشتی، برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ به‌ڵام ئه‌و غه‌درانه‌ی كه‌ له‌ كه‌ركوكییه‌كان ده‌كرێن و به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ خه‌ریكه‌ ده‌گه‌نه‌ ئاستێك كه‌ قابیلی قبوڵ نابێت، ده‌ستی برایه‌تی بۆ ھه‌مو نه‌ته‌وه‌ و پێكھاته‌ و ئاینزاكان درێژده‌كه‌ین، باوه‌ڕمان به‌ شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ به‌ڵام له‌مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆشمان خۆشنابین".

كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان شاده‌ماری خوێنی نوێبونه‌وه‌ی یه‌كێتین و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی رونتر ھه‌نگاوده‌نێین

بافڵ تاڵه‌بانی هه‌ر له‌په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، "دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رێچكه‌ی مام به‌رناده‌ین، كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كان شاده‌ماری خوێنی نوێبونه‌وه‌ی یه‌كێتین و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی رونتر ھه‌نگاوده‌نێین".

نیشانەکردن

بافل تاڵەبانى