خه‌ندان-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای دهۆك رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی پارێزگاكه بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، رێگای سه‌ره‌كی نێوان دهۆك و زاوێته‌یان داخستبو، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه بڵاوه به‌خۆپیشاندانه‌كه كرا.
له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا پۆلیسی دهۆك بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ بۆ ماوه‌یه‌ك رێگای سه‌ره‌كی نێوان دهۆك- زاوێته له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی گوندی ئێمینیكیه‌وه داخرا و ناڕه‌زایه‌تیان به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كه‌می ئاو ده‌ربڕی، به‌شێوه‌یه‌كی به‌په‌له‌ش، پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دهۆك و قائیمقام له‌و ره‌وشه ئاگاداركرانه‌وه.
پۆلیسی فریاكه‌وتن و چالاكیه مه‌ده‌نیه‌كان گه‌یشتنه شوێنی خۆپیشاندانه‌كه و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه بڵاوه‌یان به هاولاتیان كرد
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پۆلیسی فریاكه‌وتن و چالاكیه مه‌ده‌نیه‌كان گه‌یشتنه شوێنی خۆپیشاندانه‌كه و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه بڵاوه‌یان به هاولاتیان كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی لێبكه‌وێته‌وه.
پارێزگاری دهۆك لایه‌نه‌كانی راسپارد، گله‌ی و گازانده‌ی هاوڵاتیان وه‌ربگرن
هه‌ر به‌گوێره‌ی رونكردنه‌وه‌كه، پارێزگاری دهۆك، هه‌ریه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زاوێته و به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی دهۆكی راسپارد، گله‌یی و گازانده‌ی هاوڵاتیان وه‌ربگرن و به‌جدی كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ن.