قەرەیلان: ئەردۆگان داوای لە ئێمە کرد ئاگربەست رابگەیەنین و شەڕ دژی پارتی بکەین

09:31 - 11/06/2021

21353جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەی پەکەکە رایگەیاند، ئەردۆگان مانگی رابردو شاندێکی ناردە لای پەکەکە و وتی، "لە باکور ئاگربەست رابگەیەنن، لە پارچەکانی دیکە چی دەکەن بکەن، ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئێوەدا نابێت، دەیانوت، ئێوە ناکۆکیتان لەگەڵ پارتی هەیە، لەگەڵ ئەوان شەڕ بکەن"، دەشڵێت، "گەریلا هێرشی نەکردوەتە سەر پێشمەرگە".

موراد قەرەیلان لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ستێرک تی ڤیدا رایگەیاند، "لەئێستادا دۆزی ئازادی گەلی کورد لە سەردەمێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت، لەسەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد پلانی دوژمن و نەیارەکان هەیە، لە باکوری کوردستان رێبەر ئاپۆ لە ساڵی 2013دا ئاگربەستێکی راگەیاند و ئاگربەستەکە 2 ساڵ بەردەوام بو، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بینی کە ئاگربەستەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی گەلی کورد بەهێز دەکات، چاوپێکەوتنەکان گەیشتنە ئەنجامێک و پەیامی هاوبەش بڵاوکرانەوە، بەڵام ئەردۆگان قبوڵی نەکرد و لەگەڵ پارتە توندڕەوەکانی وەک باخچەلی و دۆغو پەرینچەک کە دوژمنی گەلی کوردن، هاوپەیمانی بەست و هێرشی گشتگیری دەستپێکرد".

ئەوان شەش ساڵە لەدژی ئێمە شەڕێکی فراوان هەیە، سەرەتای ئەمساڵیش شەڕەکە زیاتر فراوان بو، 10 هەزار هەڤاڵمان لە زیندانەکانی تورکیادان و ئەوانیش لەژێر ئەشکەنجەدان
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەوان شەش ساڵە لەدژی ئێمە شەڕێکی فراوان هەیە، سەرەتای ئەمساڵیش شەڕەکە زیاتر فراوان بو، سەرەتا لە ئیمڕالی لەسەر رێبەر ئاپۆ ئەشکەنجە و زوڵم هەیە، ئێستا ئاگاداری دۆخی سەرۆکایەتی نین، دەوڵەتی تورکیا شەڕێکی دەرونی لەبەرامبەر ئێمە دەکات، 10 هەزار هەڤاڵمان لە زیندانەکانی تورکیادان و ئەوانیش لەژێر ئەشکەنجەدان، لە باکوری کوردستان هەمو رۆژێک مرۆڤی کورد لەژێر ناوی پەکەکەدا دەستگیردەکرێن، لەسەر گەلەکەمان ئەشکەنجە و زوڵم هەیە، جارێکیتر لە هەمو هەرێمەکانی باکوری کوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازی هەیە، ئێستا لە گارزان، وان، مێردین، بۆتان ئۆپەراسیۆن هەیە، لە باکور لە بەهارەوە زۆر شەڕ رویاندا، لەو شەڕانەدا شەهیدمانداوە".
ئایا چۆن هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە؟ ئایا ئەمە دەچێتە عەقڵەوە؟ بۆچی بە دەستی خۆمان بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەبەرانبەری خۆمان بکەینەوە؟
موراد قەرەیلان باسی لەوەشکردوە، "لە سەردەمێکی بەم شێوەیەشدا کە هێرشی فراوان لەبەرانبەرمان ئەنجام دەدرێت، ئایا چۆن هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە؟ ئایا ئەمە دەچێتە عەقڵەوە؟ بۆچی بە دەستی خۆمان بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەبەرانبەری خۆمان بکەینەوە؟ هەر کەسێک کە کەمێک ژیر بێت و لە شەڕێکی بەم شێوەیەدا بێت، لە شەڕی مان و نەماندا بێت، چۆن بەرەی دوەمی شەڕ لەدژی خۆی بکاتەوە؟، هەم لە شوێنێکی وەک مەتینا، ئێستا لە باکوری مەتینا شەڕ هەیە، لە ناو مەتینا بۆچی بەرەیەکی دیکە لەدژی پێشمەرگە بکەینەوە؟ لێرەدا هیچ ژیریەک نییە و هیچ بناغەیەک بۆ ئەو شتە نییە، واتە گەریلا هێرشی نەکردوەتە سەر پێشمەرگە، ئایا گەریلا شێت بوە بەرەی دوەم لەدژی خۆی بکاتەوە؟".
پلانیان هەیە کە ئیلا و بیلا پێشمەرگە لە بەرانبەر گەریلا بۆ شەڕ بەکاربهێنن، ئێمەش هیچ فەرمانێکمان نەداوە کە لەدژی پێشمەرگە شەڕ بکرێت
ئەوەشی خستوەتەڕو، "پلانیان هەیە کە ئیلا و بیلا پێشمەرگە لە بەرانبەر گەریلا بۆ شەڕ بەکاربهێنن، ئێمەش هیچ فەرمانێکمان نەداوە کە لەدژی پێشمەرگە شەڕ بکرێت و تەڤگەرەکەمان بە هیچ شێوەیەک بڕیارێکی بەم شێوەیەی نەداوە، ئێمە شەڕی کورد و کورد وەک کارەسات دەبینین، وەک گەورەترین هەڵە دەبینین، واتە هیچ هەڵوێستێکی بەم شێوەیەمان نییە، هیچ فەرمانێکی بەم شێوەیەمان نەداوە و بیر لە بڕیارێکی بەم شێوەیەش ناکەینەوە، بەڵام بە ڕاستی یاریەک هەیە، ئێمە باش دەزانین لەم کاتە مێژوییەدا شەڕی کورد و کورد بۆ داهاتوی گەلی کورد مەترسیەکی گەورە دروست دەکات، نە لە بەرژەوەندی ئێمە و نە لە بەرژەوەندی گەلی کورددایە".
لە مەتینا دۆخێکی نائاسایی هەیە، وا دەیبینی لەبەرانبەر دوكەڵ هەیە، زەویەکان دەسوتێن و فڕۆکە دەگەڕێت، تۆپ کار دەکات و توش هاتویت و لە پشتەوە دەستت بە جوڵە کردوە
وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ وتەکانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم دوای روداوەکەی مەتینا کە رایگەیاندبو، پێشمەرگە مۆڵەت لە هیچ کەس و لایەک وەرناگرێت لە جێگەیەکی کوردستان جوڵە بکات، قەرەیلان وتی، "لە دو لاوە، بە هەمو ئامێرێکی شەڕ و بە ئۆتۆمبێڵی زرێپۆش، خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کرد و هاتنە ناو هەرێمەکانی گەریلا، بە راستی هیچ واتایەکی نییە، ئەو هەرێمانە هەرێمی سەربازین و 25 ساڵە پێشمەرگە نەچوەتە ئەو ناوچانە و لەژێر کۆنتڕۆڵی گەریلادایە، بێ ئەوەی ئاگاداریەک بدەن هەڵیانکوتایە سەر هەرێمەکە، دەتوانن زانیاری بدەن، ئێستا وەها پیشانی دەدەن کە کارێکی یاساییان کردوە، ئەگەر شتێکی یاسایی و ئاشکرا دەکەن، دەتوانن زانیاریمان پێبدەن، یان دو بۆ 3 ئۆتۆمبێڵ بنێرن، ئایا 100 ئۆتۆمبێڵی سەربازی زرێپۆش ڕاستە؟ـ دەڵێن، ئێمە لەوێ سەروەرین، بۆ ئەوەی لە گردێک بچین بۆ گردێکی دیکە، یان بچینە شوێنێکی پێویست، فەرمان لە کەس وەرناگرین،  سەر سەری من باشە تو سەروەری، کاکی خۆم پێنج کیلۆمەتر نزیکی، لەوێ شەڕ هەیە، ئێستا بچۆ لایەکەوە، بۆچی هاوکاری تورکیا دەکەی، تو سەروەربە باشە، دۆخێکی نائاسایی هەیە، وا دەیبینی لەبەرانبەر دوكەڵ هەیە، زەویەکان دەسوتێن و فڕۆکە دەگەڕێت، تۆپ کار دەکات و توش هاتویت و لە پشتەوە دەستت بە جوڵە کردوە. ئەمە تا چ ڕادەیەک دۆخێکی مرۆڤیە، ئەمە تا چ ڕادەیەک یاساییە و تا چ ڕادەیەک کوردپەروەریە؟".
ئێستا لەنێوان ئێمەدا پەیوەندی هەیە، هەندێک دۆست نێوەنگیری دەکەن، لەم رۆژگارەدا هەمو مرۆڤێک کێشەکانی بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر دەکات
قەرەیلان دەشڵێت، "گەریلا هێرش ناکاتە سەر هیچ کەسێک، ئێستا لەنێوان ئێمەدا پەیوەندی هەیە، هەندێک دۆست نێوەنگیری دەکەن، لەم رۆژگارەدا هەمو مرۆڤێک کێشەکانی بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر دەکات، ئێمەی کورد بۆچی بە دیالۆگ کێشەکانمان چارەسەر ناکەین، بۆچی دەیانەوێت بە سەربازی بکەن، بە بێدەنگی، سەرباز و لەناکاودا هێرش دەکەن، بۆچی، هۆکار چییە و ئەمە لە خزمەتی کێدایە؟".
بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەو بڕیار و دەستوەردانەی پارتی لەسەر چیای مەتینا، بۆ تورکیا دەبێتە پشتگیری و بۆ بەرخۆدانی گەریلا لە گردی زەندورا
رونیشیکردەوە، "بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەو بڕیار و دەستوەردانەی پارتی لەسەر چیای مەتینا، بۆ تورکیا دەبێتە پشتگیری و بۆ بەرخۆدانی گەریلا لە گردی زەندورا، هەوڵدانێکە، ئەوان دەتوانن بڵێن وانییە، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ تەڵەکە بەم شێوەیەیە، راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ئەو رۆڵە دەبینن، لە ئێستادا رۆڵەکانی گەلی کورد لەو جێگەیە بەرخۆدان دەکەن، لە پشتەوە گەمارۆیان دەدەی، ئەمە بە واتای چی دێت؟، من لە هەندێک لایەندا بە راستی سادەم، من ئەمە بە ئاشکرایی دەڵێم و با گەلەکەمان بزانێت، هیوام وابو لە بەرانبەر داگیرکەری هەندێک کەس پشتگیریمان دەکەن، دەبینن کە ئێمە بەم شێوەیە لەدژی دوژمن شەڕ دەکەین و ئەوانیش هاوکاریمان دەکەن، هیوام بەم شێوەیە بو، بەڵام وانەبو".
ئێمە بەهیچ شیوەیەک دژی سەروەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان نین
قەرەیلان وتیشی، "داوا دەکەم بەرپرسانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتو، کۆمەڵ، زەحمەتکێشان، سۆسیالیست، حیزبی شیوعی، هەمو رۆشنبیران، هونەرمەندان، رێکخراوە مەدەنییەکان لە بەرامبەر ئەوەدا هەڵوێستیان هەبێت و بڕۆن بۆ ئەوێ، رەنگە مرۆڤ نەتوانێت بڕوات بۆ ئاڤاشین و زاپ و هەندێک شوێنی تر، چونکە رۆیشتن بۆ ئەو شوێنانە زەحمەتە، بەڵام رێگای مەتینا کراوەیە و رێگاکە دێت تاوەکو ناوەند، هەر کەس بیەوێت دەتوانێت بێت و سەیر بکات تاوەکو بزانێت کێ مافدارە و کێ مافدار نییە، دەستی خۆتان بخەنە سەر روداوەکە، ئێمە هەرگیز لە دژی سەروەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان نین، بەڵام وەک وتم، دیالکتیکی کوردستان هەیە، ئێستا هەلومەرجی ئاوارتە و نائاسایی هەیە، دوژمن دێتە سەرمان و هێرش دەکاتە سەرمان".
 لەڕێگەی هەندێک دۆستەوە ئەردۆگان شاندێكی نارد بۆ لامان‌و وتویان ئێوە لە باكوری كوردستان ئاگربەست لەگەڵ ئێمە رابگەیەنن
موراد قەرەیلان ئەوەشی وت، "ماوەیەک لەمەوبەر لەڕێگەی هەندێک دۆستەوە ئەردۆگان شاندێكی نارد بۆ لامان‌و وتویان ئێوە لە باكوری كوردستان ئاگربەست لەگەڵ ئێمە رابگەیەنن، ئیتر لە پارچەكانی تر چی دەكەن بیكەن ئێمە حەقمان نییە، ئەمە مانای چییە واتە ئاگربەست لەبەرامبەر ئێمە رابگەیەنن ئیتر ناكۆكیتان هەیە لەگەڵ پارتی بڕۆن شەڕ بكەن‌و ئێمە حەقمان نییە، لەبەرئەوە داوام كرد روبەرو مەسعود بارزانی ببینم‌و ئاگادار بێت کە دەوڵەتی تورکیا دەیانەوێت كورد بدەن بەیەكداو بزانین ئێمە دوژمنێكی وامان هەیە".