مەرگی د.شێرکۆ بابان نوسەر و روناکبیر راگەیەنرا

03:30 - 10/06/2021

5679جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د.شێرکۆ بابان، مامۆستای زانکۆ، نوسەر و زمانناسی کورد لە تەمەنی 68 (شەست و هەشت) ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە مرد.

 لە تەمەنی 68 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی مرد

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ى حوزه‌یرانى 2021، د.شێرکۆ بابان، مامۆستای زانکۆ، نوسەر و زمانناسی کورد لە تەمەنی 68 (شەست و هەشت) ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی مرد.

کەسایەتییەکی زانستی لێهاتو و قەڵەمێکی بەبڕشت بو لەخزمەتکردنی زمانی کوردیی

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەپەیامێکدا باسی لەوەکردوە، پرۆفیسۆر د.شێرکۆ بابان، جگە لەوەی ئەندازیارێکی بەتوانای میکانیک و میکاترۆنیک بو، کەسایەتییەکی زانستی لێهاتو و قەڵەمێکی بەبڕشت بو لەخزمەتکردنی زمانی کوردیی و خاوەن دیدگا و تێڕوانیی تایبەت بو بۆ خوێندنەوەی لایەنە جیاوازەکانی زمان و لە ماوەی ژیانیشیدا توانی خزمەتێکی بەرچاوی ئەو بوارە بکات.

 چەندین  کتێب و توێژینەوە و بەرهەمی زانستیی لەبواری زمانی کوردی نوسیوە

ئەوەشی خستوەتەڕو، ناوبراو  چەندین  کتێب و توێژینەوە و بەرهەمی زانستیی لەبواری زمانی کوردیی پێشکەش بە ناوەندی ڕۆشنبیریی کردوە، بۆیە لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورەیە.   

 

ژیاننامه‌ى شێرکۆ بابان:

 

- ساڵی 1953 لە چەمچەماڵ لە دایکبوە - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە چەمچەماڵ و ئامادەیی لە کەرکوک خوێندوە. 
- ساڵی 1976 زانکۆی تەکنۆلۆژیای بەغدای تەواوکردوە.

- لە 1980 چوەتە فڕەنسا و لە 1985 دکتۆرای لە بواری کانزا و دروستکاری کانزایی وەرگرتوە.

- لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین مامۆستا بو.

- نوسەری زیاتر لە 10 کتێبە لە بوارەکانی زمان و رێزمانی کوردیدا و سەرپەرشتیاری کتێبی وانەی کوردی پۆلی شەشەمی ئامادەیی بوە.