خه‌ندان-
وانگ یی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا چه‌ند زانیاریه‌كی نوێی خسته‌ڕو، راشیگه‌یاند، چه‌ندین توێژینه‌وه ده‌ریانخستوه كه په‌تای كۆرۆنا، به‌هۆكاری جیاجیا له چه‌ند شوێنێكی جیهان بڵاوبوه‌ته‌وه.
وانگ یی له چاوپێكه‌وتنێكیدا رایگه‌یاند، كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا له چین بڵاوبوه‌وه راسته‌وخۆ ڕێوشوێنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌وباره‌یه‌وه گرته‌به‌ر، سه‌ره‌تاش هۆكاره‌كان و پاشان زانیاری سه‌ره‌تاییه بڵاوكرانه‌وه، له‌وانه‌ش زنجیره‌ی جیناته‌كانی ڤایرۆسه‌كه خرانه‌ڕو.
چین یه‌كه‌م وڵات بوه كه ڕاپۆرتی له‌سه‌ر توشبوانی كۆرۆنا بڵاوكردوه‌ته‌وه
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وڵاته‌كه‌ی یه‌كه‌م وڵات بوه كه ڕاپۆرتی له‌سه‌ر توشبوانی كۆرۆنا بڵاوكردوه‌ته‌وه، "ئێمه له پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژه زانیاری و به‌سیاسیكردن بوین، سور بوین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دڵنیابین له‌وه‌ی كه ڕێگاكانی شه‌ڕی په‌تاكه به درۆ ناشێوێندرێن".
ده‌سه‌ڵاتدارانی چین توێژینه‌وه‌ی نهێنی له ئه‌شكه‌وته‌كان ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ گه‌ڕان به‌دوای بنه‌چه و سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا
ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشێتدپرێس، ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی كۆرۆنا بڵاوكردوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌یخستوه‌ته‌ڕو، ده‌سه‌ڵاتدارانی چین توێژینه‌وه‌ی نهێنی له ئه‌شكه‌وته‌كان ئه‌نجامده‌ده‌ن بۆ گه‌ڕان به‌دوای بنه‌چه و سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئه‌وشه‌ی به "كونی ره‌ش" وه‌سفكردوه.
چین به‌به‌های سه‌دان هه‌زار دۆلار وه‌ك به‌خشین ده‌داته ئه‌و زانایانه‌ی له باره‌ی بنه‌ماكانی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، حكومه‌تی چین به‌به‌های سه‌دان هه‌زار دۆلار وه‌ك به‌خشین ده‌داته ئه‌و زانایانه‌ی له‌باره‌ی بنه‌ماكانی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ن، به‌رپرسان چاودێری ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كان ده‌كه‌ن و داوای ڕه‌زامه‌ندی لیژنه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن بۆ په‌سه‌ندكردنی بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ر ورده‌كارییه‌ك.
له رۆژی 11ی (شوبات/2)ی 2020دا ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای وه‌ك په‌تایه‌ك دیاریكرد و تاوه‌كو ئێستاش له‌سه‌تاسه‌ری جیهان 84472703 (هه‌شتا و چوار ملیۆن و چوارسه‌د و حه‌فتا و دو هه‌زار و حه‌وتسه‌د و سێ) توشبوی كۆرۆنا تۆماركراه.