لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و وه‌رزش و لاوان كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

1/16/2020 1:12:00 PM 1639 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی ڕۆشنبیری و كلتووری، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2020/1/15، لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح سه‌رۆكی لیژنه‌و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆكرا له‌سه‌ر دانانی به‌رنامه‌و پلانی وه‌رزی داهاتووی یاسادانان و ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌و كارانه‌ی كه‌ پێویسته‌ لیژنه‌كه‌ ئه‌نجامی بدات و كۆمه‌ڵێك یاسای گرنگ هه‌یه‌ كه‌پێویسته‌ كاری له‌سه‌ر بكات له‌وانه‌ یاساییه‌كی تایبه‌ت به‌لیژنه‌ی ئۆڵۆمپیی كوردستان و هه‌مواری چه‌ند یاسایه‌كی ترو له‌مباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆكراو ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنج و تێبینیه‌كانیان خسته‌ڕوو.

له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار جلال محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی جامی وڵاتانی كه‌نداو خسته‌ڕوو كه‌ له‌وڵاتی قه‌ته‌ر ڕێكخرابوو و ناوبراو وه‌ك نوێنه‌ری لیژنه‌ی ڕۆشنبیری به‌شداریی كردبوو له‌مه‌ڕاسیمی كردنه‌وه‌ی پاله‌وانێتیه‌كه‌دا.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌و دوای گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامان ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه‌و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیداركران به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و كاری پێویست.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP