یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان بڕیار و راسپارده‌ى نوێی ده‌ركرد

7/20/2019 8:31:00 PM 1232 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20/7/2019 به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا و، ئه‌م بڕیار و راسپاردانه‌ى خواره‌وه‌ى ده‌ركرد:

1- یارى كۆتایی خولى نایابى فوتساڵى كچانى كوردستان، له‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ 24/7/2019 له‌ كاتژمێر 4:30 ـى ئێواره‌ له‌ هۆڵى (ساڵح عه‌لى) له‌ سلێمانى ئه‌نجام ده‌درێت.

2- له‌ یارى نێوان پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر و دهۆك له‌ خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر له‌ كۆنترۆڵ نه‌كردنى یاریگه‌كه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كى باش، بۆیه‌ ئاگادارى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ یارییه‌كانى داهاتوو به‌ شێوه‌یه‌كى زۆرباش له‌ پاراستنى تیپى میوان و سه‌رپه‌رشتیارى یارى و ده‌سته‌ى ناوبژیوانان یاریگه‌كه‌یان كۆنترۆڵ بكه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یارییه‌كانیان ده‌گواسترێته‌وه‌ یاریگه‌ى دیكه‌.

3- له‌ یارى نێوان ده‌روازه‌ و خاك له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، به‌ هۆى جنێودان و هێرشكردن بۆ سه‌ر ده‌سته‌ى ناوبژیوانانى یارییه‌كه‌ له‌ لایه‌ن یاریزانى یانه‌ى ده‌روازه‌ (زانیار عوسمان) ژماره‌ 14، بڕیاردرا به‌:

• راگرتنى ناوبراو بۆ سێ یارى.
• غه‌رامه‌كردنى ناوبراو به‌ بڕى 300000 سێسه‌د هه‌زار دینار.

4- له‌ یارى نێوان كۆیه‌ و چه‌مچه‌ماڵ له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، به‌ هۆى ده‌ركردن و ده‌رچوون له‌ گیانى وه‌رزشى له‌ لایه‌ن یاریده‌ده‌رى راهێنه‌رى لاوانى یانه‌ كۆیه‌ (رووداو جه‌مال) بڕیاردرا به‌:

• راگرتنى ناوبراو بۆ یه‌ك یارى، كه‌ نابێت له‌ نێو یاریگه‌ ئاماده‌ بێت.
• غه‌رامه‌كردنى ناوبراو به‌ بڕى 250000 دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار.

5- ئاگادارى یانه‌ى كۆیه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ كۆنترۆڵ كردنى یاریگه‌كه‌یان و، رێكخستنى یاریگه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى جوان و رێك، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یارییه‌كانى داهاتوویان ده‌گواسترێته‌وه‌ یاریگه‌یه‌كى دیكه‌.

6- راگرتنى ئه‌م سه‌رپه‌رشتیار و ناوبژیوانانه‌ى خواره‌وه‌ بۆ یه‌ك هه‌فته‌ له‌ سه‌رپه‌رشتى كردن و به‌رێوه‌بردنى یارییه‌كان، ئه‌مه‌یش به‌ هۆى كه‌مته‌رخى و نه‌گه‌یشتى فۆڕم و راپۆرتى یارییه‌كانیان:

• یارى نێوان پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى و زانكۆى جیهان له‌ خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان، سه‌رپه‌رشتیارى یارى (تاریق سه‌عید) ده‌سته‌ى ناوبژیوانان (ئارام فه‌ره‌یدوون، كه‌یوان حه‌مید، بڕیار قادر و په‌یوه‌ند یوسف).

• یارى نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید و سیروانى شاره‌زوور له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، سه‌رپه‌رشتیارى یارى (سه‌لام مه‌حموود) ده‌سته‌ى ناوبژیوانان (هه‌ژار حه‌سه‌ن، ئاسۆ ئه‌حمه‌د، پاڤێڵ جه‌لال و هه‌ڵمه‌ت حه‌یده‌ر).

• یارى نێوان رانیه‌ و سۆلاڤ له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، ده‌سته‌ى ناوبژیوانان (هێرش عوسمان، رێبوار عومه‌ر، فارووق ئه‌مین و ئاكام عه‌لى).

7- سه‌رپه‌رشتیارى یارى و ده‌سته‌ى ناوبژیوانان، به‌رپرسیارن له‌ نه‌گه‌یشتنى فۆڕم و راپۆرتى یارى بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی یه‌كێتییه‌كه‌مان.

8- ئاگادارى فێرگه‌كانى تۆپی پێی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ قۆناغى كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تى فێرگه‌كانى تۆپی پێی كوردستان، دواى جه‌ژنى قوربانى پیرۆز ئه‌نجام ده‌درێت.

9- یارییه‌كانى خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان هه‌ر پێنج رۆژ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت:

• یارییه‌كانى گه‌ڕى چواره‌م له‌ رۆژى سێشه‌ممه‌ 23/7/2019 ئه‌نجام ده‌درێت.
• یارییه‌كانى گه‌ڕى پێنجه‌م له‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 28/7/2019 ئه‌نجام ده‌درێت.

10- به‌ بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى بۆ ریزى یانه‌ پله‌نایابه‌كانى تۆپی پێی عێراق و به‌ ده‌ستهێنانى پله‌ى دووه‌مى خولى یانه‌ پله‌یه‌كه‌كانى عێراق، پیرۆزباییه‌كى گه‌رم له‌ یانه‌ى زاخۆ ده‌كه‌ین، به‌ هیواى سه‌ركه‌وتنى زیاتر و پێشكه‌وتنى به‌رده‌وام، دووباره‌ پیرۆزه‌.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP