یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان بڕیار و راسپارده‌ى نوێی ده‌ركرد

7/6/2019 8:25:00 PM 1032 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6/7/2019 به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و جێگر و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانى، یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی خۆى ئه‌نجامدا و، ئه‌م بڕیار و راسپاردانه‌ى ده‌ركرد:

1- كۆبوونه‌وه‌ى هونه‌رى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى هه‌ر چوار یانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ى قۆناغى چوارگۆشه‌ى زێرینى خولى نایابى فوتساڵى كچانى كوردستان (زێره‌ڤانى، ئه‌فرۆده‌یت، چۆمان و سیروانى نوێ) ئه‌نجامدرا، ئه‌م بڕیارانه‌ درا:
• یارییه‌كانى به‌ شێوازى یه‌ك دۆڕان به‌ دوو یارى (چوون و هاتن) به‌مشێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت.
چۆمان × زێره‌ڤانى (هۆڵى چۆمان).
ئه‌فرۆده‌یت × سیروانى نوێ (هۆڵى ئه‌فرۆده‌یت).
• سڕینه‌وه‌ى سه‌رجه‌م كارته‌ زه‌رد و سووره‌كانى یاریزانان.
• زیادكردنى یاریزان له‌سه‌ر لیستى ناوى یاریزانان ناكرێت.
• یارى كۆتایی له‌ شارى سلێمانى ئه‌نجام ده‌درێت.
• رۆژى شه‌ممه‌ 13/7/2019 یارییه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت.

2- كۆبوونه‌وه‌ى هونه‌رى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى تیپى تازه‌پێگه‌یشتووانى یانه‌ پله‌یه‌كه‌كانى كوردستان ئه‌نجامدرا، ئه‌م بڕیارانه‌ درا:
• خوله‌كه‌ به‌ به‌شدارى 12 یانه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت و هه‌ر گرووپێك شه‌ش یانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت:
گرووپى یه‌كه‌م: (دووبز، ئاڵتون كۆپرى، بابه‌گوڕگوڕ، هێرش، خاك و پیشه‌سازى).
گرووپى دووه‌م: (پێنجوێن، شۆریجه‌، بابان، سلێمانى، چه‌مچه‌ماڵ و گازى باكوور).

• خوله‌كه‌ به‌ شێوازى خول به‌ یه‌ك قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت.
• له‌ هه‌ر گرووپێك دوو یانه‌ بۆ قۆناغى دووه‌م سه‌رده‌كه‌وێت.
• سێ یانه‌ بۆ خولى نایابى تازه‌پێگه‌یشتووانى كوردستان بۆ وه‌رزى 2019/2020 سه‌رده‌كه‌وێت.
• یارییه‌كان رۆژى دووشه‌ممه‌ 5/8/2019 به‌رێوه‌ ده‌چێت.
• دواین كات بۆ پێشكه‌شكردنى لیستى ناوى یاریزانان (كشوفات) رۆژى شه‌ممه‌ 20/7/2019 ده‌بێت.

3- له‌ یارى نێوان سه‌یدسادق و رزگارى له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى یانه‌ى سه‌یدسادق له‌ ئاماده‌كردنى ژوورى جلگۆڕینى یاریزانان تیپى میوان، داوا له‌ یانه‌ى سه‌یدسادق ده‌كه‌ین بۆ یارییه‌كانى داهاتوو به‌ جوانترین و پاكترین شێوه‌ (W.C) و ژوورى جلگۆڕینى یاریزانان و سه‌رپه‌رشتیارى یارى و ناوبژیوانان ئاماده‌ بكات.

4- به‌ هۆى كه‌مته‌رخه‌مى له‌ لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیارى یارى نێوان سه‌یدسادق و رزگارى (حوسێن محه‌ممه‌د) له‌ خولى پله‌یه‌كى لاوانى كوردستان، به‌ هۆى نه‌بوونى لۆگۆى یه‌كێتى تۆپی پێی كوردستان له‌سه‌ر درێسى یاریزانانى یانه‌ى سه‌یدسادق، بڕیاردرا به‌ راگرتنى ناوبراو بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ له‌ سه‌رپه‌رشتیارى یارییه‌كان.

5- ئاگادارى تیپى لاوانى یانه‌ى سه‌یدسادق ده‌كه‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ لۆگۆى یه‌كێتییه‌كه‌مان له‌سه‌ر قۆڵى لاى ڕاستى درێسى یاریزانان به‌ روونى هه‌بێت و دیار بێت.



Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP