ھەر ئێوە نەبوون ... ؟

- 11-03-2016 - 1879 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ دروست بوونی قەیرانی دارایی و پەککەوتنی بواری وەرزش بەشێوەیەکی گشتی و بڕینی مینحە و سەرچاوە داراییەکانی وەرزشی ھەرێم لەلایەن حکومەتەوە بەشێوەیەکی تایبەتی ، ڕووی راستەقینەی بەرپرسانی وەرزشی ئەم ھەرێمە دەرکەوت ، کە ھەر بەرپرسە و بەپێ میزاجی خۆی دواتر لایەن و حزبەکەی لێکدانەوە بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە دەکات.

لەئێستادا بەرپرسانی وەرزشی ھەرێم کەوتونەتە سەنگەرگرتن لە یەکتر و ھەریەکە تۆمەت بۆ ئەوەی بەرامبەری دورست دەکات و ھۆکاری سەرھەڵدانی ئەم قەیران و وێرانکاریانەیش دەیخەنە ئەستۆی یەکتری ، دەپرسم ھەر ئێوە نەبوون لەکاتی خێر و خێرات و بوونی پارە لە قاسەکانتاندا دەستان خستبووە نێو دەستی یەکترو برا بەشی بەشتان دەکرد ؟ ھەر ئێوەنەبوون بەسەر پشتی حزبدا سەرکەوتن و دواتر حزبتان وەلانا و باسی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆتانتان دەکرد ؟ باشە ئێوە نەبوون بەپارەی وەرزش بەیەکەوە گەشتان دەکرد بۆ ووڵاتان وێنەی سێڵفی تان پۆست دەکرد ؟ وابزانم ھەر ئێوەش بوون لەبەر زۆر ئیفاد وەکو ( قاز ) بەدوای یەکەوە وەستا بوون ؟ پێم وابێت ھەر ئێوە بوون لە میدیا کانەوە باسی غەدری پەرلەمان و لایەنە سیاسیەکانتان دەکرد دەرھەق بە وەرزش.

بەڵام ئێستا کە پارە نەما ھەمووتان پشتان لەیەکتر کرد و کەوتنە سەنگەرگردن لەیەکتر بەناوی دلسۆزی و خەمخۆری بۆ وەرزش ھەندێکتان تۆمەت دەبەخشن و ھەندێکتان موزایەدە دەکەن , ھەموو ئەو وێرانکارییەانەی کەبەسەر وەرزشدا ھاتوە توانا و ڕووی راستەقینەی ئێوە دەردەخات ، ڕاستە کە دەڵێن مرۆڤ لە کاتی تەنگانە و لێقەوماندا بۆت دەردەکەوتێت ، فەرموون تەشریف بەرن گیرفان گەرمەکان , کەرەم بکەن دڵسۆزەکان , لەخەو ھەستن خەیاڵەکان , وەرزشی ھەرێم لێی قەوماوە و شکۆی شکاوە کوان ئێوە لە کوێن ، بەداخەوە خۆتان کەڕ و ڵاڵ کردووە وەک بڵی ھیچ روونەدابێت , بەداخم لە ووڵاتێکدا دەژیم ئەگەر یاسا سەروەر بوایە ئێستا بەشی ھەرە زۆرتان لە زینداندا کۆتا رۆژەکانی دونیاتان بەرێدەکرد ، بەڵام چی دەڵێت لەم ووڵاتەدا بەرپرس و سەرۆکەکان پیرۆزی و سەروەری و تەواوی سیفاتە جوانەکانی یاسایان لە خۆیاندا کۆکردوەتەوە .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP