ئانالیزکردنی بەریەککەوتنەکانی قۆناغی شانزدەی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا

- 2-01-2020 - 2850 جار خوێندراوەتەوە

وەرزی ٢٠٢٠ _ ٢٠١٩ (بەشی دووەم و کۆتایی)

(چێڵسی – بایەرن میونخ)

* تاکو ئێستا ئەوەی هەیە  پێمان دەڵێت لەمێژووی چامپیۆنس لیگ هەر دوو یانەی چێڵسی و بایەرن میونخ ٤ یارییان بەیەکەوە ئەنجام داوە کە هیچکات لەبیر ناکرێن. یەک بردنەوە پشکی هەر یانەیەک بووە و لەو دوو یاریەش کە ئەنجامەکەی یەکسانبوون بووە ئەوا هەر جارەو یەکێکیان بەلێدانە یەکلاکەرەوەکان توانیویانە ببنە پاڵەوان.

*خاڵی هاوبەشی هەر ٤ یاری نێوان ئەم دوو یانەیە فرانک لامپارد بووە. ڕاهێنەری ئێستاکەی شین پۆشەکانی شاری لەندەن بەشداری هەر ٤ یارییەکەی کردووە.
 لەیاریزانەکانی ئێستای یانەی باڤاریا: مانویل نۆیەر، تۆماس مولەر و جیرۆم بواتینگ لەدوایین دوو ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان چێڵسی و بایەرن میونخ بەشداریان کردووە و لەپێکهاتەکەی ئێستای یانەی بلوز.یش تەنها یاریزان سیزار ئیزبلیکویتا لەیاری نێوان هەر دوو یانە لەجامی سۆپەری ئەوروپا، یاریزانی یەدەگی یانەکەی بووە.

*ساڵی ٢٠١٢ یانەی چێڵسی لەفەیناڵی ئەو ساڵی چامپیۆنس لیگ توانی بەلێدانە یەکلاکەرەوەکان بەربەستی یانە بایەرن میونخ تێپەڕێنێت و ئاهەنگی بەدەستهێنانی تاکە نازناوی خۆی لەخولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بگێڕێت. فرانک لامپارد ڕاهێنەری ئێستای یانەی چێڵسی لەو یارییەدا سێیەم لێدانی یەکلاکەرەوەی یانەکەی کردە گۆڵ. لەڕاستیدا نازناوی چامپیۆنس لیگ بەدیهاتنی خەونێکی لەمیژینەی یانەکە بوو. سەرەنجام ئەم دەستکەوتە لەساڵی ٢٠١٢ چووە ناو کارنامەی مێژووی بەشداریکردنی یانەی بلوز لەپاڵەوانەتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا. 

*هەر دوو یانەی چێڵسی و بایەرن میونخ لەجامی سۆپەری ئەوروپا لەساڵی ٢٠١٣ بۆ جارێكیتر بەرامبەر یەکدی وەستانەوە. ئەمجارە نۆرەی یانەی باڤاریا بوو تۆڵەی خۆی بکاتەوە. لەو یارییەدا دوای ئەوەی لەماوەی ١٢٠ خولەک، هەر دوو لا بە ٢ گۆڵ یەکسان بوون، کار گەیشتە لیدانە یەکلاکەرەوەکان و یانەی بایەرن میونخ توانی سەربکەوێت بەسەر یانەی چێڵسی و لەکۆتایی بووە پاڵەوانی ئەم جامە. 

*تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەم دوو یانەیە لەپاڵەوانەتی چامپیۆنس لیگ مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وەرزی ٢٠٠٥ – ٢٠٠٤ی ئەم پاڵەوانەتیە لەقۆناغی چارەکی کۆتاییدا. یاری چوون لەناو یاریگای ستەمفۆردبریچ ٤-٢ لەبەرژەوەندی یانەی چێڵسی  کۆتایی پێهات. لەیاری گەڕانەوە بایەرن میونخ بە ئەنجامی ٣-٢ لەناو یاریگای ئۆڵمپی میونخ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بەڵام لەکۆتایی ئەوە یانەی چێڵسی بوو بەهۆکاری تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر سەرکەوت بۆ قۆناغی دواتری پاڵەوانەتیەکە. 
*یانەی چێڵسی لەدوایین ٨ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆی بەرامبەر یانە ئاڵمانیەکان، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و ئامارەکانی تایبەت بەو ٨ یارییە دەڵێن: یانەی بلوزی لەندەنی ٣ یاری بردۆتەوە و (ئەنجامی یەکسانبوون) ناونیشانی ٥ یارییەکەیتر بووە. 

*لەوەتەی ساڵی ٢٠١٠ تا وەکو وەرزی ڕابردووی بەڕێوەچوونی پاڵەوانەتی چامپیۆنس لیگ لەوەرزی ٢٠١٩-٢٠١٨، یانەی بایەرن میونخ  ٨ جار گەیشتۆتە قۆناغی هەشتەم یان چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا هەر چەند بەدرێژایی بەڕێوەچوونی دوایین ١٠ خولی ئەم پاڵەوانەتیە تەنها یەک جار بۆتە پاڵەوانی چامپیۆنس لیگ. 

لیۆن – یۆڤێنتوس))
*تاکو ئێستا یانەکانی (یۆڤێنتوس و لیۆن) لەچوارچێوەی پاڵەوانەتیە ئەوروپیەکان ٤ جار بەرەوڕووی یەکتر بوونەتەوە. پشکی یانەی بیانکۆنەری لەم ٤ یاریە، سێ جار بردنەوە بووە و یارییەکیش بە یەکسانبوونی هەر دوولا کۆتایی پێهاتووە. 

*رودی گارسیا راهێنەری یانەی لیۆن ئاشنایە بەخولی سێریا ئەی و بە تایبەت یانەی یۆڤێنتوس چونکە لەساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٦ ڕاهێنەری یانەی ڕۆمای ئیتاڵی بووە و کۆمەڵێک بیرەوەری خۆشی هەیە لەڕووبەڕووبوونەوەکانی بەرامبەر یانەی خانمە پیرەکە. 

*میرالیم پیانیچ بزوێنەری سەرەکی بەگەڕخستنی یانەی یۆڤێنتوس لەهێڵی ناوەڕاستی ئەم یانەیە، لەریزی یانەی لیۆنەوە بوو بەجیهانی یاری تۆپی پێ ناسێندرا. هەر بۆیە ڕکابەری ئەم یاریزانە بەرامبەر یانە پێشووەکەی خۆی دەتوانێت خاڵی هەرە سەرنجڕاکێشی یاری نێوان هەر دوو یانەی لیۆن و یۆڤێنتوس لە قۆناغی شانزدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بێت. جگە لەمەش یاریدروستکەرەکەی یانەی بیانکۆنەری لەو کاتەی بەدرێسی یانەی ڕۆما یاری دەکرد، رودی گارسیا ڕاهێنەری گورگەکانی پایتەخت بووە. 

*لەپێکهاتەی یاریزانانی یانەی یۆڤێنتوس، یاریزانی ئەستێرە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ زیاتر لەهەر یاریزانێکیتری یانەکەی، لەخولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی لیۆن یاری کردووە. دۆنی پرتوگالی ٤ جار لەم خولە بەرەڕرووی هەر یەک لەیانەکانی لیۆن و ئەتلەتیکۆ مەدرید بۆتەوە و بەتایبەت توانیویەتی ٤ گۆڵ لەیانەی لیۆن تۆمار بکات.  

(ناپۆلی – بارسێلۆنا)
*ناونیشانی ئەم یاریە دەبێتە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی فەرمی نیوان هەر دوو یانە تایبەت لەچامپیۆنس لیگ. بەڵام بیرمان نەچێت ئەفسانەی مەزنی ساڵانی زووی ناپۆلیەکان ڕابردووی یاریکردن بەدرێسی بارسێلۆنای هەیە. دیەگۆ ئارماندۆ مارادۆنا لەنێوان ساڵەکانی ١٩٨٢ تا ١٩٨٤ی زایینی، یاریزانی یانەی بارسا بووە و دواتر ەیوەست بووە بەریزەکانی یانەی ناپۆلی ئیتاڵیەوە و ٧ وەرزی مێژوویی و لەبیرنەکراوی لەم یانەیە بەسەر برد. 

*بارسێلۆنا لەدوایین ٣٥ یاری لەناو یاریگای کامپ نۆ (یاریگای تایبەتی یانەکە) لەخولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەهیچ شێوەیەک نەدۆڕاوە. هەر بۆیە لەباشترین دۆخدا لەیاری گەڕانەوە میوانداری لەیانەی ناپۆلی دەکات.

*بارسێلۆنا لەدوایین ٤ یاری خۆی بەرامبەر یانە ئیتاڵیەکان ٣ بردنەوە و یەکسانبوونێکی بەدەست هێناوە. ئەمە لەکاتێک ئامارەکانی تایبەت بەدوایین ٩ یاری یانەکەی هەرێمی کاتالۆنیا بەرامبەر یانەکانی وڵاتی ئیتاڵیا پێمان دەڵێن: بارسا ٥ بردنەوە، ٣ یەکسانبوون و دۆڕاندنێکی تووش هاتووە کە بێ شک هەمان ئەو دۆڕاندنە قورسەکەی یاری بەرامبەر یانەی ڕۆما بوو. هەر چەند تاڵیش بێت بەڵام با جارێکیتر چیرۆکی ئەو یارییەتان بەبیر بهێنینەوە ... . وەرزی ٢٠١٨ – ٢٠١٧ ی چامپیۆنس لیگ بوو. لەقۆناغی هەشتەمی پاڵەوانەتیەکە هەر دوو یانەی بارسێلۆنا و ڕۆما کەوتنە بەرامبەر یەکدی. لەیاری چوون و لەبەردەم یاریگا و هاندەرانی خۆی، بارسا بەئەنجامێکی گەورە ٤-١ لەیانەی ڕۆما بردەوە. بەڵام یاری گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا بووە مۆتەکەیەکی گەورە کاتێک گورگەکانی ڕۆما توانیان ٣-٠ و دوور لەچاوەڕوانی لەیانەی بارسێلۆنا ببەنەوە و بەم هۆیەش توانیان زەبلاحەکەی ئیسپانیا لەدرێژەی پاڵەوانەتیەکە دوور بخەنەوە و سەکەوتن بۆ قۆناغی پێشکۆتایی. 

*بەریەککەوتنی دووبارەی یاریزان کۆستاس مانولاس و بارسێلۆنا لەئێستاوە و پێشوەختە بۆتە پێشهاتێکی گەرم و گۆڕی ئەم یارییە. مانولاس هەمان ئەو یاریزانە بوو لەیاری گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی وەرزی ٢٠١٨ – ٢٠١٧ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، گۆڵی یەکلاکەرەوە و سەرکەوتنی یانەی ڕۆمای بەرامبەر بارسێلۆنا تۆمار کرد و توانی لەناو یاریگای ئۆڵەمپیکۆی شاری ڕۆما و لەبەردەم زیاتر لە ٧٠ هەزار هاندەر، چرکەساتێکی زێڕین و مێژوویی بۆ گورگوکانی پایتەخت بخوڵقێنێت. 

* فابیەن رۆیز ئەم یاریزانەی لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو و لەلایەن یانەی بارسێلۆنا گرینگیەکی زۆری پێ دەدرێت، دەتوانێت ڕکابەریەکی سەرنجڕاکێش لەناوەندی یاریگا لەگەڵ ناوەڕاستکارانی بارسێلۆنا دروست بکات. 
*بارسێلۆنا سەرکەوتووترین یانەی بەشدار لەقۆناغی شانزدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە و تاکو ئێستا ١٣ جار توانیویەتی سەرکەوتوو بێت لەگەیشتن بەقۆناغێ چارەکی کۆتایی ڕکابەریەکانی ئەم پاڵەوانەتیە.        

(تۆتنهام هۆتسبێرز – لایپزیگ)
*یانەی لایپزیگ.ی ئاڵمانیا یەکەم ئەزموونی خۆی لەبەشداریکردن لەقۆناغی شانزدەی چامپیۆنس لیگ تاقی دەکاتەوە و یەکەم جاریشە بەرامبەر یانەی تۆتنهام هۆتسبێرز یاری بکات. 

* لەوانەیە  ڕکابەری نێوان ڕاهێنەرانی هەر دوو یانەکە لەم یاریە گرینگترین خاڵی بەیەکگەیشتنی تۆتنهام و لایپزیگ بێت. یولیان ناگلێزمان بە ٣٢ ساڵ و ٦مانگ تەمەنەوە، گەنجترین ڕاهێنەرە بەدرێژایی مێژووی بەڕێوەچوونی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کە توانیویەتی تیپەکەی  لەقۆناغی کۆمەڵەکانەوە بگەیەنێتە قۆناغی شانزدەی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ. لەولاتر خۆزێ مۆرینهۆ، ڕاهێنەرە بەتوانا و بەئەزموونەکە دەبیندرێت. سپیشەڵ وەن لەسەردەمی راهێنەرایەتیکردنی خۆی دا و بەتایبەت لەڕکابەریەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ڕاهێنەری ٦ یانەی جیاواز بووە و لەم لایەنەوە پێویستە بڵێین مۆرینهۆخاوەن ژمارەیەکی پێوانەیی تایبەت بەخۆیەتی. ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ هەر ٦ یانەکەدا بەلایەنی کەمەوە بۆ جارێک، ئەزموونی گەیشتن بەقۆناغە یەکلاکەرەوەکانی ئەم خولەی لەکارنامەدا هەڵگرتووە. 

*بێ شک هەر دوو یاریزان (تیمۆ ڤێرنەر و هاری کین) ئەستێرە هەرە دیارەکانی بەیەکگەیشتنی ئەم دوو یانەیە دەبن و بەسەرنجدان بەئاماری ئەو گۆڵانەی هەر دوو یاریزانەکە لەسەرجەم  ڕکابەریەکان تۆماریان کردووە دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین ئەم دوو ئەستێرەیە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لەپێکهاتەی یانەکانیان لەم یارییەدا بگێڕن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP