ئانالیزکردنی بەریەککەوتنەکانی قۆناغی شانزدەی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا

- 25-12-2019 - 3859 جار خوێندراوەتەوە

وەرزی ٢٠٢٠ _ ٢٠١٩ (بەشی یەکەم)

(بورسیا دۆرتمۆند – پاریس سان جێرمان)
*هەر دوو یانە لەسەر ئاستی پاڵەوانەتیە ئەوروپیەکان، دوو یاری فەرمیان ئەنجام داوە و لەهەر دوو یاریەکەش بورسیا دۆرتمۆند و پاری سان جێرمان بەیەکسانبوون یاریگایان جێهێشتووە.
 
*رووبەڕووبوونەوەی تۆماس توخێل ڕاهێنەری یانەی پی ئەس جی بەرامبەر یانە پێشووەکەی خۆی واتە بورسیا دۆرتمۆند، خاڵی هەرە سەرنجڕاکێشی یاری نێوان ئەم دوو یانەیە دەبێت. ناوبراو لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٧ بۆ ماوەی دوو وەرز ڕاهێنەری زەردەواڵەکانی شاری دۆرتمۆند بووە و لە ١٠٨ یاری وەک ڕاهێنەری ئەم یانەیە، ٦٨ بردنەوە، ١٧ دۆڕاندن و ٢٣ یەکسانبوونی بەدەست هێناوە و بەگشتی و لەو ماوەیەدا تەنها یەک نازناوی بەدەستهێنا کە ئەویش نازناوی (دی ئێف بی پۆکال) بوو. 

*لەکاتی ئێستادا هەر دوو یاریزان کلیان ئێمپاپی و جیدۆن سانچۆ وەک دوو ئەستێرەی لاوی یاری تۆپی پێ لەجیهاندا ناوزەد دەکرێن. بۆیە بەدڵنیاییەوە لەبەرەوڕووبوونەوەی هەر دوو یانەی بورسیا دۆرتمۆند و پاریس سان جێرمان، نیگاکان زیاتر لەسەر ئەم دوو یاریزانە بەهرەمەندە فۆکۆس دەکرێن، چونکە هەر دووکیان توانایی ئەوەیان هەیە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەناو لاکێشەی سەوزی یاریگاکانی یاری تۆپی پێ بدرەوشێنەوە. 

*پاریس سان جێرمان و بورسیا دۆرتمۆند لەقۆناغی کۆمەڵەکانی وەرزی ٢٠١١-٢٠١٠ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دوو یاری چوون و هاتنیان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە بەشێوەیەک لەفەڕەنسا ١-١ یەکسان بوون و لەئاڵمانیا-ش هەمان ئەنجام دووبارە بوویەوە بەڵام بەبێ گۆڵ.  

*ئەوەی تایبەت بێت بەیانە پاریسیەکە پێویستە بوترێت، دوو ریمۆنتادا یان کامبەکی گەورەی مێژوویی تایبەت بەقۆناغی شانزدەی چامپیۆنس لیگ، لەکارنامەی یانەی پی ئەس جی نوسراوە و بەجێ ماوەتەوە. شکستی ١-٦ ی یانەی پاریس سان جێرمان بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا لەوەرزی ٢٠١٧-٢٠١٦ و دۆڕانی ١-٣ ی پی ئەس جی بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتد لەوەرزی ٢٠١٩-٢٠١٨ی ڕکابەریەکانی پاڵەوانەتی چامپیۆنس لیگ. ئەمە سەرەڕای ئەوەی یانە پاریسیەکە لەیاری چوونی خۆی بەرامبەر هەر دوو یانە، سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. 

(ریاڵ مادرید – مانچستەرسیتی) 
 *یانەی مانچستەرسیتی تاکو ئێستا ٤ جار بەرەوڕووی یانە ریاڵ مەدرید بۆتەوە و هیچکات نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ٢ دۆڕاندن و ٢ یەکسانبوون بەگشتی دەکاتە ئەنجامی ئەو ٤ یارییە بەرامبەر یانەی ریاڵ مەدرید. 

*رووبەڕووبوونەوەی گواردیۆلا لەگەڵ ریاڵ مەدرید، ئەمە دەبێتە خاڵێکی هەرە سەرنجڕاکێشی یاری نێوان ئەم دوو یانەیە. ئەو کاتەی گواردیۆلا راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بوو بە تایبەت لەچوارچیوەی یاری کلاسیکۆ وەک ڕاهێنەر، ١٥ جار بەرەوڕووی یانەی ریاڵ مەدرید بۆتەوە. ئەنجامی گشتی ئەم ١٥ یارییە بەم شێوەیە بووە: ٩ بردنەوە، ٤ یەکسانبوون و تەنها ٢ دۆڕاندن. سەرکەوتنە مێژووییەکانی ٢-٦ و ٠-٥ی گواردیۆلا لەگەڵ بارسێلۆنا بەرامبەر ریاڵ مەدرید بریتی دەبن لەدوو بردنەوەی گرینگی ئەم ڕاهێنەرە بەرامبەر یانەی میرەنگی کە لەسەردەمی ڕاهێنەرایەتی ئەودا بەدەست هاتوون. لەلایەکیتر ڕووبەڕووبوونەوەی گواردیۆلا لەگەڵ زێدان وەک دوو ڕاهێنەر کە هەر دووکیان لەکارنامەی یەکەم وەرزی بوون بەڕاهێنەری خۆیان، توانیوانە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ تیپەکانیان بەدەست بهێنن و لەماوەی ١١ وەرزی ئەم دواییەی چامپیۆنس لیگ، دووانی ٥ نازناوی پاڵەوانەتیەکەیان بردۆتەوە ئەوەندەیتر یاری نێوان هەر دوو یانەی مانسیتی و ریاڵ گرینگ دەکات.
   
*بێجگە لەمانەی باسمان لێوە کرد، بەریەککەوتنی یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستی هەر دوو یانەکە لەچەشنی خۆی گرینگ دەبێت. ریاڵ مەرید بەدرێژایی چەند وەرزی ڕابردوو خاوەن بەهێزترین هێڵی ناوەڕاست بووە بەراورد بە سەرجەم یانە بەهێزەکانیتر بەبوونی چەند یاریزانێکی ئەستێرەی وەک: تۆنی کروس، کاسیمیرۆ، لۆکا مۆدریچ. بەڵام لایەنەکەیتر کە دەکاتە یانەی سیتیزەن لەماوەی دوو وەرزی ڕابردوو لەسەر ئاستی کیشوەری ئەوروپا بۆتە خاوەن باشترین هێڵی ناوەڕاست بە بوونی یاریزانان: ئیلکای گۆندۆگان، دایڤید سیلڤا، بێرناردۆ سیلڤا و کیڤن دی بڕۆینە. 

*دوایین نازناوی یانەی میرەنگی لەخولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەیەکی وڵاتی ئینگڵتەڕا بوو بەدەستهات ئەویش بردنەوەی ١-٣ی یانەی لۆس بلانکۆس بوو بەرامبەر یانەی لیڤەرپول لەفەیناڵی چامپیۆنس لیگ لەساڵی ٢٠١٨.

*یەکەم نازناوی زێدان لەگەڵ یانەی میرەنگی لەو وەرزەی ٣ نازناوی بۆ ئەم یانەیە بەدەستهێنا تایبەت بوو بەخولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کاتێک تیپەکەی زێدان لەقۆناغی پێشکۆتایی وەرزی ٢٠١٦-٢٠١٥ ی ئەم پاڵەوانەتیە توانی بەو گۆڵەی یاریزان فێرناندۆ کە بەهەڵە لەگۆڵی خۆیان تۆماری کرد و بەلێکدانەوەی ئەنجامی یاری چوون وهاتنی نێوان ریاڵ مەدرید و مانچستەرسیتی، بگاتە یاری فەیناڵی چامپیۆنس لیگ و یانە ئینگلیزیەکەشی دوور خستەوە. 
 
*هەر دوو یانەی ریاڵ مەدرید و مانچستەرسیتی جارێکیتر بەڵام لەقۆناغی کۆمەڵەکانی وەرزی ٢٠١٣-٢٠١٢ ی پاڵەوانەتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەرەوڕووی یەکتر بوونەتەوە. لەیەکەم یاری ریاڵ لەناو یاریگای خۆیدا ٣-٢ سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بەڵام لەناو یاریگای ئیتیحاد یاری نێوان هەر دوو یانە ١-١ یەکسان کۆتایی پێهات. 
 
(ئاتلانتا – ڤالانسیا)
*لەمێژوودا یانەی ئاتلانتا دەبێتە حەوتەم یانە لەوڵاتی ئیتاڵیا کە سەردەکەوێت بۆ قۆناغی شانزدەی چامپیۆنس لیگ و یەکەم جارە لەم پاڵەوانەتیە بەرامبەر یانەی ڤالانسیا یاری دەکات. 

*دوایین ڕووبەڕووبوونەوەی یانەی ڤالانسیا بەرامبەر یانەیەک لەوڵاتی ئیتاڵیا و لەقۆناغە یەکلاکەرەوەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، هەڵگری بیروەریەکی خۆشە کاتێک ئەم یانەیە لەقۆناغی شانزدەی وەرزی ٢٠٠٧-٢٠٠٦ ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، لەناو یاریگای خۆی و لەیاری چوون بەرامبەر یانەی ئینتەرمیلان بەبێ گۆڵ یەکسان بوو و لەیاری گەڕانەوەش بە دوو گۆڵ لەگەڵ نێراتزۆری یەکسان بوویەوە بەڵام بەهۆکاری ئەوەی لەناو یاریگای یانە ئیتاڵیەکە دوو گۆڵی تۆمار کردبوو هەر بۆیە سەرکەوت بۆ قۆناغی دواتری پاڵەوانەتیەکە. 

*لەڕووی هێرشبردنەوە یانەی ئاتلانتا لەکاتی ئێستادا بەهێزترین یانەیە لەوڵاتی ئیتاڵیا و خۆلی سێریا ئەی ئەم وڵاتە. بەڵام یانەی ڤالانسیا لەبەرەوڕووبوونەوەی ئەو یانانەی زیاتر بەشێوازی هێرشبردن یاری دەکەن بەتایبەت لەوەرزی ئەمساڵی ڕکابەریەکان ئاستێکی پۆزەتیڤی لەخۆی نیشان داوە. بیرمان نەچێت لەقۆناغی کۆمەڵەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ و لەچوارچێوەی ڕکابەریەکانی تایبەت بەکۆمەڵەی هەشتەم، ڤالانسیا سەرووتر لە هەر دوو یانەی چێڵسی و ئەژاکس ئەمستێردام، بەپلەی یەکەم لەو کۆمەڵەیە سەرکەوت بۆ قۆناغی شانزدەی پاڵەوانەتیەکە. 

(ئەتلەتیکۆ مەدرید – لیڤەرپول)
*هەر دوو یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید و لیڤەرپول تاکو ئێستا ٤ جار بەرەوڕووی یەکتر بوونەتەوە و هەر کامەیان بردنەوەیەکیان بەدەستهێناوە و لەدوو یاریش یەکسان بوونە. هەر دوو یانە ٤ جار تۆڕی گۆڵی یەکتریان هەژاندووە بۆ ئەوەی ئامارەکانی تایبەت بەڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو یانەیە لەهەر هەموو شتێکدا یەکسان بێت. 

کەوابوو بەدڵنیاییەوە یاری چوون و هاتنی هەر دووکیان لەقۆناغی شانزدەی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز و چێژبەخش دەبێت. 

*لەدوای تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ، لیڤەرپول دەیهەوێت وەک یەکەم یانە لەوڵاتی ئینگڵتەڕا، پارێزگاری بکات لەنازناوی وەرزی ڕابردووی خۆی کە تێایدا بەشایستەییەوە بووە پاڵەوانی خۆلی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و دووبارە ئەم نازناوە بەدەست بهێنێتەوە. دوایین جار یانەی ناتینگهام فۆرێست توانیویەتی کارێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات.

*یەکەم بەرکەوتنی فەرمی  یۆرگن کلۆپ و دیەگۆ سیمۆنێ وەک دوو ڕاهێنەری بەتوانا کە هەر یەکەو شیوازی تایبەت بەخۆی هەیە لەیارییەکاندا ، دەتوانێت خاڵێکی سەرنجڕاکێشی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو یانەیە بێت لەقۆناغی شانزدەی چامپیۆنس لیگ.  

* بیرمان نەچێت بوونی هەر دوو گۆڵپارێز، یان ئۆبلاک و ئالیسۆن بێکەر لەچەشنی دوو لەهەرە باشترین گۆڵچیەکانی ئێستای جیهان، ئەوەندەیتر دەتوانێت پێناسەیەکی گرینگ  بەیاری نێوان هەر دوو یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید و لیڤەرپول لەقۆناغی شانزدەی ئەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ ببەخشێت.   

*خاڵی هاوبەشێ نیوان هەر دوو یانە لەم ساڵانەی دواییدا تەنها دەتوانێت فێرناندۆ تۆرێس بێت کە بێ شک کۆمەڵێک بیرەوەری خۆشی بۆ هاندەرانەی هەر دوو یانەی ئەتلەتیکۆ و لیڤەرپول لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە. 

 *لەقۆناغی پێشکۆتایی وەرزی ٢٠١٠ – ٢٠٠٩ی پاڵەوانەتی یۆرۆلیگ.ی یانەکانی ئەوروپا، یانەی لیڤەرپول و ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕووبەڕووبووی یەکتر بوونەوە. سەیر لەوەدابوو لەهەر دوو یاری چوون و هاتنی نێوانیان، هەر جارەو یانەی خاوەن یاریگا بەگۆڵێکی بێ وەڵام یارییەکەی خۆی بردبۆوە. هەر بۆیە یاری گەڕانەوەی نێوانیان چووە ناو کاتە زیادکراوەکان. لەناو یاریگای ئەنفیڵد هەر دوو یانە گۆڵێکیان لەکاتەزیاکراوەکان تۆمار کرد. لەکۆتایی ئەتلەتیکۆ مەدرید بەپشت بەستن بە یاسای گۆڵی تۆمارکراو لەناو یاریگای یانەی ڕکابەر سەرکەوت بۆ یاری فەیناڵ. لەیاری کۆتاییش بە سەکەوتن بەسەر یانەی فۆڵهام کە ئەویش هەر یانەیەکی ئینگلیزی بوو توانی ببێتە پاڵەوانی یۆرۆلیگ.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP