باڵۆن دۆر؛ چیرۆکە نەبیستراوەکەی دزیە گەورە و بچوکەکان

- 5-12-2019 - 1813 جار خوێندراوەتەوە

لەوەتەی بەخشینی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی، بەبەردەوامی و لەهەر ساڵێک  بیر و بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە براوەی کۆتایی ئەم خەڵاتە هاتۆتە کایەوە. تا ئەو کاتەی زۆر جار بۆچوونە جیاوازەکان لایان وابووە لەبەخشێنی ئەم خەڵاتە، نادادپەروەریەکی گەورە ئەنجام دراوە. 

لەڕاستیدا تۆپی ئاڵتونی گرینگترین وگەورەترین خەڵاتی یاری تۆپی پێیە کە هەر ساڵە و لەسەر ئاستی تاکەکەسی، بەیاریزانێک دەبەخشرێت. 

لەکاتی ئێستادا بەدستهێنانی ئەم خەڵاتە بەنرخە، بۆتە گەورەترین خەون و ئاواتی هەر یاریزانێکی یاری تۆپی پێ. ئەم خەڵاتە کە لەلایەن بڵاوکراوەی وەرزشی بەناو و دەنگی (فڕانس فوتبۆڵ)ەوە دەدرێتە باشترین یاریزانی جیهان، لەمەودای نێوان ساڵەکانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٥ لەگەڵ خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی فیفا تێکهەڵکێش کرابوو و ببوونە یەک خەڵات بەڵام لەساڵی ٢٠١٦ جارێکیتر گەڕێندرایەوە سەر هەمان ڕێچکەی پێشووی خۆی. 

ئەمساڵێش هەروەک ئەم چەند ساڵەی دواییمان، کۆمەڵێک قسە و باس و  بیر و بۆچوونی جیاواز لەپەیوەندی بە براوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی و باڵۆن دۆر.ی ٢٠١٩ هاتبووە کایەوە بەڵام لە کۆتایی ئەوە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی بوو لەشەوێکی ساردی پاییزی شاری پاریس و لەناو هۆڵی شانۆی (شالاتە)ی ئەم شارە،  خەڵاتەکەی بۆ شەشەم جار کردە بەشی خۆی. ئەم پێشهاتە لەکاتێک بۆ ئەستێرە ئەرجەنتینیەکەی یانەی بارسێلۆنا هاتە کایەوە کە خەڵکانێکی زۆر باوەڕیان وابوو ڤیرجیل ڤان دایک، بەرگریکاری بەتوانا و ئاستبەرزی یانەی لیڤەرپول و هەڵبژاردەی هۆڵەندا، شایستەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بوو. لەڕابردووشدا ڕووداری لەو شێوەیەمان بینیوە و بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا هاندەرانی یاری تۆپی پێ،  بەهۆی نەبوونی دادپەروەری لەبەخشینی ئەم خەڵاتە دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان هەڵبڕیوە. لەم ڕاپۆڕتەدا مەبەستمانە ئاماژە بدەین بەگرینگترین ڕووداوە نامۆکانی پێدان و بەخشینی ئەم خەڵاتە بەتایبەت لەم دوو دەیەی دواییدا. 

مایکڵ ئۆین / براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەساڵی ٢٠٠١ 
لەساڵی ٢٠٠١ رائول گۆنزالێس ئاستێکی بێ وێنەی لەپێکهاتەی ئەو کاتی یانەی ریال مەدرید  پێشکەش کرد و زۆربەی ڕاگەیاندنە وەرزشیەکانی وڵاتی ئیسپانیا ناوبراویان وەک پاڵێوراوێکی بەهێزی  بەدەستخستنی ئەم خەڵاتە ناوزەد کردبوو. بەڵام دوور لەچاوەڕوانی هەمووان و لەکۆتایی خەڵاتەکە گەیشتە دەست (مایکڵ ئۆین) ئەستێرەی ئینگلیزی ئەو سەردەمەی یانە لیڤەرپول. ئۆین لەساڵی ٢٠٠١ پێنج نازناوی جیاوازی لەگەڵ یانەی ڕیدز بەدەست هێنابوو هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت هیچکام لەو نازناوانە پرێستیژ و بایەخێکی ئەوتۆیان نەبوو . رائول لەساڵی ٢٠٠١ وەک دووەم باشترینی یاریزانی جیهان هاتە دەستنیشانکردن. پێشهاتێک کە ئەوپەڕی ناڕەزایەتی و تووڕەیی ئیسپانیەکانی لێکەوتەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت لەسەر ئەو باوەڕن ڕووداوەکانی ئەو ساڵەی بەخشینی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی، فێڵکردن و دزیەکی گەورە بووە. 

ئاندرێ شێفچینکۆ / براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەساڵی ٢٠٠٤ 
زێدەڕۆیی نیە گەر بوترێت وەرزی ٢٠٠٤-٢٠٠٣ سەردەمی هەرە زێڕینی یاریکردنی تێری هێنری فەڕەنسی ئەستێرەی پێشووی یانەی ئاڕسناڵی ئینگلیزی بوو. یاریزانە فەڕەنسیەکە لەو وەرزەی ڕکابەریەکان بەئاستێکی بەرز و بێ وێنەوە لەیارییەکاندا دەرکەوت. تۆپچەکانی لەندەنی لەو ساڵەدا بێ ئەوەی یەک یاریشیان دۆڕاندبێت، لەکۆتایی بوونە پاڵەوانی خولی پریمەرلیگ و تێری هێنری بەتۆمارکردنی ٣٠ گۆل وەک گۆڵکاری خولەکە هاتبووە دەستنیشانکردن. لەگەڵ ئەمەش هێنری مافی خۆی وەرنەگرت و لەبەرامبەر ئاندرێ شێفچینکۆی ئوکڕاینی، تەنها بەهۆکاری ئەوەی لەگەڵ یانەی ئەی سی میلان نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەست هێنابوو، بووە براوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی. هێنری هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ جارێکیتر یەکێک بوو لەپاڵێوراوە سەرەکیەکانی وەرگرتنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەڵام نەیتوانی براوەی خەڵاتەکە بێت و لەکۆتایی وەک سێیەم باشترین یاریزانی جیهان لەو ساڵەدا دەستنیشانکرا. 

فابیۆ کاناڤارۆ / براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەساڵی ٢٠٠٦
کاناڤارۆ دوایین بەرگریکارێک بووە بتوانێت خەڵاتی تۆپی ئاڵتۆنی بەدەست بهێنێت. ئەو بەرگریکارە ئیتاڵیە لەساڵی ٢٠٠٦ هاوڕێ لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی بوونە پاڵەوانی ڕكابەریەکانی جامی جیهانی لەو ساڵەدا. لەگەڵ ئەمەش خەڵکانیکی زۆر لەو ساڵەدا زێنەدین زێدان.یان بەشیاوی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دەزانی. گەرچی زێدان لەگەڵ هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەڕەنسا لەفەیناڵی ڕکابەریەکانی مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی ئاتزۆری شکستی خواردبوو بەڵام ئەوە ئاستە سەرسوڕهێنەرەکەی ناوبراو بوو وای کرد  بەتاقی تەنیا فەڕەنسا بگەیەنێتە یاری فەیناڵی جامی جیهانی ٢٠٠٦.

لیۆنێل میسی / براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەساڵی ٢٠١٠
بەئەگەری زۆر سەیروسەمەرەترین خەڵاتی تاکەکەسی لەسەدەی ٢١ ، دەگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ساڵی ٢٠١٠ی زایینی لەلایەن لیۆنێل میسی.ەوە. هەموومان باش ئاگاداری ڕووداوەکانی جیهانی یاری تۆپی پێین لەو ساڵەدا. هەڵبژاردەی ماتادۆر لەساڵی ٢٠١٠ بووە پاڵەوانی ڕکابەریەکانی مۆندیال. بابەتێک کە بووە هۆکار لەو ساڵەدا هەمووان قسە لەسەر لە ڕکابەری بەهێزی نێوان ئاندرێس ئێنیەستا و چاڤی هێرناندێز بکەن و بەتاسەوە چاوەڕێی ئەوە بکەن ئاخۆ کامیان لەکۆتایی دەبێتە براوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتۆنی ساڵی ٢٠١٠ . بەڵام لەوپەڕی ناباوەڕیدا میسی خەڵاتەکەی کردە بەشی خۆی. بابەتێک کە لەوانەیە خودی میسی.ش بۆی قورس بێت باوەڕی پێ بهێنێت. لەو ساڵەدا میسی بە ٢٢.٦٥٪ دەنگەکان بەتۆپی ئاڵتۆنی گەیشت و لەدوای ئەو ئێنیەستا با ١٧.٣٦٪  و چاڤی بە ١٦.٤٨٪ی  دەنگەکان، بوونە دووەم و سێیەم باشترین یاریزانی جیهان لەو ساڵەدا. 

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ / براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەساڵی ٢٠١٣
فڕانک ریبێری لەوەرزی ٢٠١٣-٢٠١٢ درەوشاوەترین وەرزی لەهەر هەموو سەردەمی یاریزانی خۆی بەڕێ کرد و لەگەڵ یانەی بایەرن میونخ سەرجەم نازناوەکانیان یەک لەدوای یەک چنیە

بەڵام لەتڕۆپکی سەرسووڕماویدا، لەکۆتایی ئەم خەڵاتە گەیەندرایە دەست دۆنی پرتوگالیەوە. زۆرێک هەبوون لەو ساڵەدا کاریگەرێتی نەرێنی دەنگ و هەرای ڕاگەیاندنەکانیان بە سەرەکیترین هۆکار دەزانی  بۆ هەڵبژاردنی ڕۆناڵدۆ. بەڵام هەرچیەک بوو بەدڵنیاییەوە ساڵی ٢٠١٣ بووە شوێنی تۆمارکرانی یەکێک لەخراپترین ساڵەکان لەپەیوەندی بە بەخشینی خەڵاتی تۆپی ئاڵتۆونی کە هیچ جۆرە دادپەروەریەکی تێدا ڕەچاو نەکرابوو. 

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ / براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەساڵی ٢٠١٤
لیف یاشین گۆڵپاریزە ئەفسانەییەکەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران. تەنها ئەو گۆڵپارێزەی مێژووی یاری تۆپی پێیە کە توانیویەتی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەدەست بهێنێت. ئەو لەساڵی ١٩٦٣ی زایینی توانی ببێتە براوەی ئەم خەڵاتە. لەڕاستیدا ساڵی ٢٠١٤ بۆی هەبوو ببێتە دووەم ساڵێک لەمێژوودا کە تیایدا بەدوور لە هێرشبەرەکانی یاری تۆپی پێ لەجیهان، ئەوا گۆڵپارێزێک خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بباتەوە. نۆیەری ئاڵمانی لەساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ هەڵبژاردەی مانشافت، بوونە پاڵەوانی ڕکابەریەکانی جامی جیهانی تۆپی پێ لەو ساڵەدا و توانی لەسەرجەم یارییەکان بە ئاستێکی بەرزەوە پارێزگاری لەگۆڵی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات. بەڵام لەکۆتایی چی ڕوویدا؟! خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ٢٠١٤ بە ٣٧.٦٦٪ی دەنگەکان گەیشتە دەست ڕۆناڵدۆی پرتوگالی و نۆیەر لەدوای لیۆنێل میسی بەسێیەم باشترین یاریزانی جیهان لەو ساڵە هەڵبژێردرا. 
 
لۆکا مۆدریچ / براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەساڵی ٢٠١٨
لەبنەڕەت ناتوانین بەگومانەوە وەک نادادپەروەریەک سەیری خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی ساڵی ٢٠١٨ بکەین. ناوەڕاستکار و یاریدروستکەری بەتوانای کڕواتی یانەی ریال مەدرید بەشیوەیەک لەشێوەکان بووە قوربانی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو.  لەساڵی ٢٠٠٩ یانیش ساڵی ٢٠١٠ یاریزانانی وەک چاڤی و ئێنیەستا شایستەی ڕاستەقینەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بوون بەڵام دوور لەچاوەڕوانی هەموو لایەک تۆپی ئاڵتونی نەگەیشتە دەست ئەوانەوە. ئەمەش وایکرد ئەوەندەیتر گومان دروست بێت لەمەڕ بۆچوونێکی جێی پرسیار کە بەردەوام دەڵێت: " تا میسی و ڕۆناڵدۆ بوونیان هەبێت ئەوانیتر بۆیان نیە هەر باسی ئەم خەڵاتە بکەن و دەستیان لەگەیشتن بەم خەڵاتە کورت دەمێنێتەوە". بەڵام مۆدریچ ئەم یاسا نەنوسراوەی تێک و پێک شکاند و دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی کڕواتیا بۆ فەیناڵی ڕکابەریەکانی مۆندیال لە ساڵی ٢٠١٨ و لەولاتریش بەدەستهێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، لەکۆتایی خەڵاتی باشترین یاریزانی فیفا و تۆپی ئاڵتونی بەشایستەییەوە درا بەیاریزان مۆدریچ.   

لەکۆتاییش لیۆنێل میسی / براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر لەساڵی ٢٠١٩
ئەستێرە بەناوبانگەکەی وڵاتی ئەرجەنتین و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا، لەوەرزی ڕابردوو لەسەر ئاستی تاکەکەسی هەموو شتێکی کرد و هەر وەک هەمیشە بە ئاستە ئەفسووناویەکەی، چێژی زۆری پێ بەخشین. لیۆ لەڕکابەریەکانی لالیگا و خولی چامپیۆنس لیگی ئەوروپا، نازناوی گۆڵکاری هەر دوو پاڵەوانەتیەکەی کردە بەشی خۆی و لەماوەکانی ڕابردووش وەک باشترین یاریدروستکەری ساڵی ٢٠١٩ هاتە دەستنیشانکردن. لەگەڵ ئەمانەش لەوەرزی ڕابردوو میسی نەیتوانی جگە لەلالیگا هیچ نازناوێکیتر بۆ یانەی بارسێلۆنا بەدەست بهێنێت. لەم ساڵانەی دواییدا وەک پێوەڕ بەدەستهێنانی نازناوی خۆلی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بۆتە گرینگترین فاکتەر بۆ هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی جیهان و بەخشێنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی. نازناوێک کە لەوەرزی ڕابردوودا میسی و یانەکەی پێی نەگەیشتن. بەپێچەوانەوە و لەلایەکیتر ڤیرجیل ڤان دایک، گرینگترین ڕکابەری میسی، توانیبووی لەگەڵ لیڤەرپول بەو نازناوە بگات. جگە لەمەش ڤان دایک لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی پێی هۆڵەندا گەیشتە فەیناڵی ڕکابەریەکانی پاڵەوانەتی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ ئەوەی هەمووان هاوڕا بن لەسەر ئەوەی کە بەدڵنیاییەوە ئەم بەرگریکارە بەتوانایە دەبێتە براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری ٢٠١٩ بەڵام لەکۆتایی ئەوەی هەمووان بەتەمای بوون، ڕووینەدا و ئەستێرە ئەرجەنتینیەکەی بارسا بۆ جاری شەشەم ئەم خەڵاتەی بەدەست هێنایەوە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP