کامیان زیاتر ئامادەن ئینتەرمیلانی کۆنتی یان بارسێلۆنای ڤاڵڤێردی؟

- 30-09-2019 - 1493 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد هێرۆیی

 

وا بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو لە گەڕی دووەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا هەر دوو یانەی بارسێلۆنا و ئینتەرمیلان یاری لوتکەی ئەم گەڕە لە بەهێزترین گروپی ئەم پاڵەوانیەتیە لەسەر یاریگای (کامپ نۆ)ی  تایبەت بە یانەی بارسێلۆنا ئەنجام بدەن.

ئەگەر سەیرێکی ئاست و بارودۆخی هەردوو یانەکە بکەین لە سەرەتای وەرزەوە دەبینین یانەی ئینتەر میلان بەسەرکردایەتی کۆنتی لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەیە و یانەکە لە باشترین ڕۆژەکانی خۆیدایەتی و لەسەرەتای وەرزەوە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندوە، لە بەرامبەردا یانەی بارسا بە یەکێک لە خراپترین دەسپێکەکانی لەماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا دەستی بەم وەرزە کردووە، کە ئاست و ئەنجامی یانەکە بە جۆرێکە کە ناتوانێت هیچ دڵنیاییەک بە هەوادرانی بدات کە لە هیچ یارییەک دا سەرکەوتنی مسۆگەرە، ئەمەش بەتایبەتی دوای پێکانی ئەفسانە و ئەستێرەی یانەکە لیۆنێل مێسی کە بۆشاییەکی گەورەی لەم تیپەدا دروست کردووە.

ئینتەرمیلان بەڕابەرایەتی کۆنتی گۆڕانکاری تەواوی بەخۆیەوە بینیوە لەهەموو لایەنەکانەوە، ئەم ڕاهێنەرە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە ئینتەر وەک شۆڕشێک دێتە بەرچاو لەم یانەیەدا، کۆنتی سەرەتا هەستا بە دوور خستنەوەی چەند ئەستێرەیەک کە لەوەرزی ڕابردوودا سەرکردایەتی یانەکەیان دەکرد، کە یەکێک لەهۆکارەکانی دوورخستنەوەیان من بۆ ئەوەی دەگێڕمەوە کە وەرزی ڕابردوو پشێویەکی زۆریان لە یانەکەدا دروست کردبوو، یانەکەیان کردبووە دوو بەش، ئەوەش کۆنتی ناچار کرد دەستبەرداریان بێت و لە جێگەی ئەوان چەند یاریزانێکی بەتوانای گواستەوە ڕیزەکانی یانەکەی  و بە زیادەوە شوێنی ئەوانی پێ پڕکردنەوە، جگە لەوەش توانی کەموکوڕییەکانی یانەکە لە سەرجەم هێڵەکان دەستنیشان بکات و لە ڕێگەی هێنانی یاریزانی نوێ وە کێشەکانی چارەسەربکات، وە دواتر ئەم ڕاهێنەرە هەستا بە گۆڕانکاری کردن لە پلان و شێوازی یاریکردنی یانەی ئینتەرمیلان، ئەویش بە چەسپاندنی شێوازی ۳-٥-۲ لە زۆربەی یارییەکاندا بەسەر یانەکەدا کە ئەم ڕاهێنەرە پێی ناسراوە،کە گرنگترین خاڵی ئەم پێکهاتەیە ئەوەیە یارمەتی تیپ دەدات کە بە ژمارەیەکی  زۆر بەرگری بکات و هێرش ببات، ئەوەش بە سود وەرگرتن لە هەردوو باڵی ناوەڕاستی یاریگا، کە زۆربەی کات (ئەساموا ، کاندرێڤا)ن. 

وە کۆنتی توانیویەتی گیانێکی جەنگاوەری بەبەر تیپەکەدا بکات، وای لە یاریزانەکان کردووە بەوپەڕی گرنگیەوە سەیری یارییەکان بکەن، وە وای لە یاریزانەکان گەیاندووە کە هیچتان شوێنتان مسۆگەر نیە و لەسەرتان پێویستە یاری بۆ یاری دووبارە خۆتان بسەلمێننەوە، بەوەش توانیویەتی ڕکابەرییەکی تەندروست لە نێوان یاریزانانی تیپەکەیدا دروست بکات.

بەڵام هەرچی یانەی بارسێلۆنایە سەرەڕای ئەوەی چەند بۆندێکیان کردووە بەڵام تا ئەم ساتە هیچ بەرەوپێش چوونێک بەم یانەیەوە دیار نیە و بگرە خراپتریش بووە. ئەوەش بە پلەی یەکەم بەهۆی پێکانی مێسی و هەڵکشانی تەمەنی چەند ئەستێرەیەکی دیاری یانەکە.

بەڵام بەگشتی ئەوەی جێگای دڵخۆشی هاندەرانی یانەکەیە ئەوەیە چەند ئەستێرەیەکی لاو لەم یانەیەدا دروست بوون و دەتوانن هاوکاری تیپەکە بکەن لەهەندێ بارودۆخ دا، بەڵام بە بڕوای من ناکرێ لە ئێستاوە هیوا لەسەر ئەم لاوانە هەڵبچنرێت بەوەی کە نازناوت بۆ ببەنەوە،بەڵکو  ئەوان تەنها  دەتوانرێت لەهەندێ کاتدا وەک کارتی گرنگ بەکاربهێنرێن، وە هیوایەکی تر بۆ ئەم یانەیە ئەوەیە بە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئاستی یانەکە بەرەو باشتربچێت و یانەکە لەو دۆخە نەخوازراوە ڕزگاری بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی یانەکە چەند ناوێکی گەورەی بۆ زیاد بووە و هیواو ئاواتی هاندەرانی یانەکە بۆ ئەم وەرزە دووبارە شادبوونەوەیە بە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP