ویسلی شنایدەر بەفەرمی ماڵئاوایی لەجیهانی یاری تۆپی پێ کرد

- 15-08-2019 - 372 جار خوێندراوەتەوە

 

ویسلی شنایدەر ناوەڕاستکاری هێرشبەری تۆپی پێی وڵاتی هۆڵەندا لەدوای 17 ساڵ یاریکردن لەبەرزترین ئاستەکان وەک یاریزانێکی پیشەگەر، بڕیاری دا کۆتایی بەسەردەمی پیشگەری خۆی لەیاری تۆپی پێ بهێنێت.
شنایدەر کە رابردوویەکی زێڕینی یاریکردنی بەدرێسی هەر یەکە لەیانەکانی ئەیاکس، ریال مەدرید، ئینتەرمیلان، گالاتاسەرای، نیس و یانەی ئەلغەڕافەی قەتەری لەکارنامەی سەردەمی پیشگەری خۆی لەهەگبەدا هەڵگرتووە؛ بەدرێژایی ئەنجامدانی 574 یاری لەسەر ئاستی یانەکان سەرکەوتوو بوو لەتۆمارکردنی 155 گۆڵ. 
هەگبەی زێڕینی دەستکەوتەکانی ویسلی شنایدەر لەسەردەمی یاریکردنی ئەم یاریزانە: 

🏆 نازناوی خولی نایابی تۆپی پێی هۆڵەندا (ئێرێدێویژێ) لەساڵی 2004

🏆 جامی یانەکانی هۆڵەندا لەساڵانی 2007_2006

🏆 سۆپەر جامی یانەکانی هۆڵەندا لەساڵی 2006

🏆 نازناوی لالیگای ئیسپانیا لەساڵی 2008

🏆 نازناوی سێریا ئەی ئیتاڵیا لەساڵی 2010

🏆 کۆپا ئیتاڵیا لەساڵەکانی 2011_2010

🏆 سۆپەر جامی یانەکانی ئیتاڵیا لەساڵی 2010

🏆 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەساڵی 2010

🏆 نازناوی جامی یانەکانی جیهان لەساڵی 2010

🏆 سۆپەر لیگی یانەکانی تورکیا لەساڵەکانی 2015_2013

🏆 جامی یانەکانی تورکیا لەساڵەکانی 2016_2015_2014

🏆 سۆپەر جامی یانەکانی تورکیا لەساڵانی 2016_2015_2013

🏆 نازناوی جامی ئەستێرەکانی قەتەر لەساڵی 2019

ئەمانە بەشێکی زێڕین بوون لەویترینی پڕ لەدەستکەوت و نازناوی شنایدەری تەمەن 35ساڵە و سەردەمی پیشەگەری ئەو یاریزانە هەڵبەت لەسەر ئاستی یانەکان. بەڵام لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی - هۆڵەندا، ویسلی شنایدەر لەساڵی 2003 تا 2018 بەدرێسی هەڵبژاردەی تۆپی پێی هۆڵەندا بەشداری 134 یاری نێودەوڵەتی کردووە و توانیویەتی 31 گۆڵ بۆ هەڵبژارەی نیشتیمانی وڵاتەکەی تۆمار بکات. شنایدەر لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا
لەڕکابەرییەکانی جامی جیهانی تۆپی پێی 2010 پلەی دووەم و 2014 پلەی سێیەمی مۆندیالی بەدەستهێنا.

بێ شک ساڵی 2010ی زایینی، ساڵێکی پڕ لەدەستکەوت بۆ شنایدەر بوو لەیاری تۆپی. جگە لەوەی لەسەر ئاستی ئیتاڵیا و بەدرێسی یانەی ئینتەرمیلان هەموو نازناوە ناوخۆیێەکانی ئەم وڵاتەیان چنیەوە، هاوڕێ لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی هۆڵەندا گەیشتنە فەیناڵی یارییەکانی مۆندیالی تۆپی پێ لەئەفریقیای باشوور. بەڵام لەیاری کۆتایی بەگۆڵێک بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا تووشی دۆڕاندن هاتن و پلەی دووەمی مۆندیالیان بەدەستهێنا. نازناوی باشترین پاسۆڕ و ناوەڕاستکار لەخولی یانە پاڵەونەکانی ئەوروپا و تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لەیارییەکانی مۆندیال بووە هۆکار تاکو شنایدەر لەساڵی 2010 یەکێک بێت لەباشترین یاریزانانی جیهان بۆ یاری تۆپی پێ و خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونی لەو ساڵەدا. هەر چەند تێکەڵ بوونی تۆپی ئاڵتوونی و خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵی فیفا، بووە هۆی ئەوەی سەرەڕای ئەم هەمووە دەستکەوتە لەو ساڵەدا، بەڵام لەکۆتایی ناوی شنایدەر تەنانەت لەناو سێ بەربژێری کۆتایی بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتەش نەبینرا. زۆرێک پێیان وابوو غەدرێکی مێژوویی لەم یاریزانە و ناوبانگی یاری تۆپی پێ لەجیهان کراوە. 
بەم شێوەیە لەدوای هەر دوو یاریزان ڕۆبێن ڤان پێرسی و ئاریەن ڕۆبن، سێیەمین ئەستێرەی جیلی ئاڵتوونی هەڵبژاردەی هۆڵەندا دوێنێ بەفەرمی ماڵئاوایی لەجیهانی یاری تۆپی پێ کرد.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP