هاتنی گریزمان بۆ بارساو کاریگەریی لەسەر یانەکەو مێسی

- 13-07-2019 - 1417 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - ئەحمەد هێرۆیی

 

ئاشکرایە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەر یاریزانێک ڕووی کردبێتە یانەی بارسێلۆنا ڕاستەوخۆ پرسیاری ئەوە لای هەواداران و شڕۆڤەکارانی وەرزشی دروست بووە کە ئایا ئەم یاریزانە تاچەند دەتوانێت خۆی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی بارساو مێسی دا بگونجێنێت، بەدەر لە ئاستی یاریزانەکە لە ڕابردوودا هەمیشە گونجان یان نەگونجان پرسیارە سەرەکیەکە بووە، ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەوەی کە یانەی بارسا خاوەن تاکتیکێکی تایبەتەو ئەو تاکتیکەش لە نێو یاریگادا  لەلایەن لیۆنێل مێسی یەوە سەرپەرشتی دەکرێت،بۆیە زۆر گرنگە ئەو یاریزانەی کە پەیوەندی بەم یانەیەوە دەکات پێشتر بەتەواوی ڕەچاوی ئەوە بکات و ئامادەبێت بۆ ئەم ئەرکە.

 ئەگەر ئاوڕێک لە گرێبەستی ئەستێرەکان بدەینەوە کە پێشتر پەیوەندییان بەیانەی بارسێلۆناوە کردووە دەبینین زۆربەی ئەو یاریزانانە لە ژێر هەژموونی لیۆدا بزر بوون و ئەستێرەبوونیان وەک یاریزانێکی تۆپی پێ کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام لەم کاتەی ئێستادا لەگەڵ بەراوردکردنی گرێبەستی گریزمان بە ئەستێرەکانی ڕابردوو دەکرێ ڕەچاوی هەندێ شتی تازەش بکەین لەوانە، ئایا دوای ئەوەی مێسی تەمەنی گەیشتۆتە سەروی سی ساڵ ئایا ئێستا کاتی ئەوە نیە ئەستێرە نوێیەکان ڕۆڵ و کاریگەری مێسی لە یانەی بارسێلۆنادا کەم بکەنەوە؟ ئایا بەهەبوونی چەند ئەستێرەیەکی گەورە شانبەشانی لیۆ پێویست دەکات چیتر ڕاهێنەر پلانەکانی لەسەر تواناکانی لیۆنێل مێسی دابڕێژێتەوە؟ یان کاتی ئەوە هاتووە ئیتر مێسی بخرێتەوە چوارچێوەی پلانی ڕاهێنەرەوە نەک ڕاهێنەر پلانەکانی لە چوارچێوەی مێسی دا دابڕێژێتەوە؟ لە کۆتاییدا بە کورتی دەمەوێ بڵێم ئایا گۆڕانکاری دیار و بەرچاو لە تاکتیکی بارسێلۆنادا ڕوودەدات یان دووبارە یانەکە لەسەر هەمان ڕێچکە بەڵام بە دەم و چاوی نوێوە بنیات دەنرێتەوە ؟.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP