گریزمان له‌پاڵ میسی و ته‌كتیكی به‌رشه‌لۆنه‌

- 13-07-2019 - 3726 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - هەوراز كاوە

 

فۆڕت نایت گه‌یشته‌ یاریگای كامپانۆ، ئه‌و نیمار نییه‌ و ده‌رفه‌تێكی (120) ملیۆن یۆرۆی ڕه‌ت بكاته‌وه‌، كه‌چی به‌ڕازیلییه‌كه‌ داوای ده‌رفه‌تی دووه‌م ده‌كات بۆ هاتنه‌وه‌ی یاریگای خه‌ونه‌كان. به‌ هاتنی ئه‌نتۆن گریزمان یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ڕزگاریان بوو له‌وه‌ی به‌ ته‌نیا به‌ پلانێك یاریی بكه‌ن، ئه‌و جێگره‌وه‌ی سوارێز نییه‌، چونكه‌ جۆرێتی زۆری هه‌یه‌ بۆ یاریكردن له‌ هێڵی پێشه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی به‌وه‌ ناسراوه‌ خۆی له‌ به‌رامبه‌ر ون ده‌كات و جه‌سته‌یه‌شی بۆ ئه‌مه‌ گونجاوه‌، كه‌ لێره‌ شوێنی ته‌كتیكی ئه‌و یاریزانه‌ له‌م وه‌رزه‌دا بۆ ئێوه‌ باس ده‌كه‌م.

(4ـ4ـ2) له‌گه‌ڵ سوارێز)دا
سه‌ره‌تا به‌م پلانه‌ یانه‌ی بلوگرانه‌ ده‌توانێت زۆرێك له‌ یارییه‌كانی ئه‌نجام بدات، به‌و مه‌رجه‌ی یاریی گه‌وره‌نه‌بن، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیانه‌ی پێشه‌وه‌ ده‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی تاكی باش گوشار دروست بكه‌ن و تۆپه‌كان بگرن و بگێڕانه‌وه‌، نه‌خشه‌ی یه‌كه‌م ئاسانه‌ میسی ڕۆڵی ژمار (10)ـی ده‌بیێت و ده‌كشێت بۆ قوڵایی به‌رگری به‌رامیه‌ر، هه‌روه‌ها سوارێز و گریزمان له‌ پێشه‌وه‌ ده‌بن، به‌ دڵنیایه‌وه‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ له‌و كه‌سانه‌یه‌ یارمه‌تی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی زۆر ده‌دات. (4ـ4ـ2ـی دایمۆند) ئه‌مه‌ به‌وجۆریه‌ گریزمان له‌ ڕاست و دیمبلی له‌ چه‌پ و میسی ئازادیه‌كی زۆری ده‌بێت له‌ پشتی ئه‌مانه‌وه‌، ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ واده‌كات دووانه‌ی باڵ به‌خێرایی زۆره‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر گۆڵی ڕكابه‌ر و یاریگاكه‌ درێژ بكه‌نه‌وه‌ و دووانه‌ی تاك به‌رگریش كه‌متر سه‌ربكه‌ون بۆ یارمه‌تیدانی هێرشبه‌ران و كۆتایی هاتنی ڕۆماڵی تۆپه‌كان، به‌وه‌ش به‌رگری به‌رشه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌ جوڵه‌ی زۆر و هه‌ڵه‌ ده‌پارێزرێن. 

(4ـ3ـ3) میسی و ژماره‌ 9ـی خه‌یاڵی)
له‌مكاته‌دا لیۆ میسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باری یاریی جارانی كاتێك گواردیۆلا ڕاهێنه‌ری بوو، ئه‌و دێته‌ باڵی ڕاست و گریزمان له‌ سه‌ر و دیمبڵی به‌رامبه‌ری ده‌بێت، لێردا تیپه‌كه‌ پێویستی به‌ یاریزانی ژماره‌ (8) هه‌شت ده‌بێت وه‌ك ئارسه‌ر و دی یۆنگ، كه‌ به‌ بۆچوونی من: ئارسه‌ر بۆ ئه‌و شوێنه‌ و پشته‌وه‌ی میسی گونجاوه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دیكه‌ هێشتا دیار نییه‌ چۆن یاریی ده‌كات، به‌ڵام ئارسه‌ر توانای هه‌یه‌ هه‌م نزیك بێت له‌ لیۆ و هه‌میش له‌ پانتایی ناوه‌ڕاستی یاریگا به‌رگری و ڕووبه‌ره‌ به‌تاڵه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌. له‌ حاڵی (4ـ3ـ3)ـی ئازادا ئه‌وه‌ میسی و سوارێز و گریزمان پێكه‌وه‌ ده‌بن، ئه‌م لایه‌نه‌یان ئاسانه‌ و ته‌نیا پێویستی به‌ هاوكاری و لێكگه‌یشتنی نیوان ئه‌و سیانه‌ خۆیانه‌، به‌و مه‌رجه‌ی هێڵی ناوه‌ڕاست پارێزگاری له‌ به‌هێزی لایه‌نی جه‌سته‌یی و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان بكه‌ن. 

 (4ـ4ـ2)ـی فلات به‌بێ‌ میسی)
یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ پێشوویه‌كی زۆر به‌ میسی بدات، هاتنی گریزمان ئه‌و هه‌له‌ زیاتر دروست ده‌كات و ڕاهێنه‌ریش دوورنیه‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ ئه‌مساڵ به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌ زیاتر میسی له‌ یارییه‌ گه‌وره‌كان و چامپیۆنسلیگ به‌شداری پێ‌ بكات، له‌وكاته‌دا ناچاره‌ له‌ پاڵ سوارێز یاریی به‌ گریزمان و دیمبڵی بكات، كه‌ هه‌میشه‌ یه‌كێكیان ده‌بێت له‌سه‌ر هێڵی هێرشبه‌ری لا بێت، له‌ به‌رامبه‌ردا پێده‌چێت ڤیدال له‌ تاكی چه‌پ بێت بۆ زیاتر هاوسه‌نگی دروستكردن له‌ هێڵی به‌رگری و هێرش، جگه‌ له‌مه‌ دی یۆنگیش گه‌ورترین ڕۆڵی ده‌بێت بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌وانه‌ی پێشه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی نیمار ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ بۆ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ دروست ده‌بێت، به‌ تایبه‌تی ڕاهێنه‌ر ناتوانێت له‌ نێوان سه‌ره‌كییه‌كان و یه‌ده‌گه‌كان پێكهاته‌یه‌ك دروست بكات. هه‌ر چۆنێك بێت گریزمان ده‌بێته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی زۆربه‌ی گرفته‌ هونه‌رییه‌كانی تیپه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ تایبه‌تی ئه‌و له‌ (2014)ه‌وه‌ له‌ لالیگا یاریی ده‌كات (180) یاریی كردووه‌ له‌گه‌ڵ (94) گۆڵ، ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت، به‌رشه‌لۆنه‌ هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌ له‌ هێنانی ستاره‌ تازه‌كه‌ی.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP