ستافی پزیشکی یانەکان، بوارێکی فەرامۆشکراو!

- 7-07-2019 - 595 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - پەیام فتح اللە رسوڵ

 

پزیشکی وەرزشی بەمانا گشتیەکەی، بریتیە لە بەشێك لەبەشەکانی پزیشکی گشتی کە گرنگی دەدات بە لێکۆڵینەوە لە بەشەکانی جەستە لە رووکاری دەرەوە و ناوەوەیدا، هەروەها یارمەتی پزیشکان دەدات لە پێدانی چارەسەری راست و دروست بۆ ئەو کەسانەی لە کاتی ئەنجامدانی چاڵاکیە وەرزشیەکان تووشی پێکان دەبن.

مێژووی سەرهەڵدانی چەمکی پزیشکی وەرزشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٦ لە میانەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد کە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەرێوەچوو بەکارهات بۆ چارەسەری یاریزانە پێکراوەکان، وە ساڵی ١٩١٣ بوو بەبەشێکی پزیشکی گشتی لەوکاتەی کە کۆمەڵێك پزیشك راهێنانیان پێکرا تاوەکو ببن بە پسپۆڕ لەم بوارەدا. 

وە لەساڵی ١٩٢٨ یەکەمین کۆنفراسی زانستی لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا بەرێوەچوو کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی تایبەتمەند بەو بوارە ئامادەبوون، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمیش بوو بە بەشێکی سەرەکی لە پزیشکی گشتی لە زۆربەی زانکۆ پزیشکیە بەناوبانگەکانی جیهان .

هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونی ململانێکانی نێو یارییە وەرزشیەکان بەگشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی، هەروەها زۆربوونی ژمارەی پێشبڕکێ و خول و یارییەکان لە وەرزێکدا کە زۆربەی کات ژمارەکەی دەگاتە سەروو ٥٠ یاری، رۆڵی ئامادەکردنی جەستەیی و تەندروستی یاریزانان بەرفراوانتر و گەورەتر دەبێت بەوەی پێویستە یاریزان بەدرێژایی ئەو وەرزەی کە یاری تێدا دەکات بتوانێت بەسەرکەوتوویی و دوور لە پێکان و دابران تەواوی بکات .. پزیشکی وەرزشی وەك بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لە وەرزش بەگشتی بەرپرسە لەو ئەرکەی کە یاریزانان لە رووی جەستەیی و تەندروستیەوە بەباشترین شێوە ئامادە بکات و سازیان بدات بۆ ململانێ و پێشبڕکێ دوور و درێژەکانی ساڵ بەهاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ستافی راهێنانی یانەکە هەر یەکەیان بەپێی ئەو بەرپرسیارییەتیەی کە دەکەوێتە سەرشانی، وە هەڵەیە ئەگەر بێتو راهێنەر وا بیر بکاتەوە کە خۆی تەنها  بەرپرسی یەکەمە لە ئامادەکردنی تیپەکەی بۆ وەرزێکی دوور و درێژ بەڵکو لەمەدا چەندین کەسی تر و پسپۆڕی دیکە یارمەتی دەدەن تاوەکو سەرکەوتووبن لە ئەرکەکەیان. 

بۆ نمونە بەڕێوەبەری تیپ سەرپەرشتیاری لایەنی کارگێڕی تیپ دەکات، هەروەها یاریدەدەری راهێنەر سەرپەرشتی بەشێك لە لایەنی تەکتیکی و هونەری یاری کردن دەکات ئەمە سەرەڕای بوونی راهێنەری گۆڵپارێز کە سەرپەرشتی راهێنانی گۆڵپارێز و راهێنەری توانای جەستەیی سەرپەرشتی بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی یاریزان دەکات، هەروەها سەرەڕای بوونی ئەوانەی کە لەسەرەوە باسکران گرنگی بوونی ستافێکی پزیشکی لە نێو یانە و هەڵبژاردەکاندا گرنگترین کارێکە یاخود پێویستیەکە کە دەبێت لە نێو هەموو یانە و هەڵبژاردەیەکدا بوونی هەبێت و لەهەمان کاتدا بتوانن ئەو ئەرکەی کە پێیان دەسپێردرێت بەتەواوی جێبەجێی بکەن.

ستافی پزیشکی لە بواری وەرزشی بەگشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی لە حاڵەتی ئاساییدا پێکدێت لە (پزیشکی سەرەکی تیپ، چارەسەرکاری سروستی و فیزیایی، چارەسەرکاری دەروونی، پسپۆڕی خۆراك). بەم جۆرە هەریەکێ لەمانە بەرپرسە لەو ئەرکەی کە پێی دەسپێردرێت، بۆ نمونە پزیشکی تیپ، بەرپرسە لە لایەنی تەندروستی یاریزانان ئەمە سەرەڕای بەرپرسیارییەتی هاوبەشی هەیە لە راهێنانەکانی توانای جەستەیی یاریزانان بەوەی کە پێویستە ئاگاداری ئەو راهێنانانە بێت کە یاریزانان ئەنجامی دەدەن و تاوەکو چەند دەگونجێت لەگەڵ توانای جەستەیی و تەندروستی یاریزانان، ئەمە سەرەرای ئەوەی پزیشکی یانە بەرپرسی یەکەمە لە ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی مانگانە یاخود وەرزی بۆ یاریزانان و هەروەها پشکنینی ئەو پێکانانەی لەکاتی بەرێوەچوونی یارییەکان تووشی دەبن، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ یاریزانە پێکراوەکان تاوەکو دەگەڕێنەوە نێو یاریگاکان، هەروەها بەرپرسە لە جۆری خواردنی یاریزانان و ئەو نەخۆشیانەی کە بەهۆیەوە تووشیان دەبن جگە لەوەی پزیشکی یانە بەرپرسە لەبەکارهێنانی ئەو دەرمان و چارەسەرییانەی یاریزانان وەری دەگرن لەکاتی پێکان یاخود بوونی هەر گرفتێکی تەندروستی تاوەکو دڵنیابێت لە نەبوونی هەر جۆرە ماددەیەکی ووزەبەخش کە قەدەغەیە یاریزانان بەکاری بهێنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پزیشکی یەکەمی یانە بەرپرسە لە جۆری درێس و پێڵاوی یاری کردن کە پێویستە گونجاو بێت و دوور بێت لەهەر گرفتێکی تەندروستی .

 سەبارەت بە بڕوانامە و پسپۆڕییەتی،  پزیشکەکە دەبێت دەرچووی بەشی پزیشکی وەرزشی بێت و شارەزایی تەواوی لەو بوارەدا هەبێت کە کاری تیادا دەکات. 

هەروەکو باسمان کرد شانبەشانی پزیشکی یانە کۆمەڵێکی تر لە پسپۆڕییە تەندروستیەکان هاوکاری پزیشکەکە دەکەن لە کارەکانیان وەکو چارەسەرکاری فیزیایی کە ئەمیش پێویستە کەسێك بێت هەڵگری بروانامەی بواری چارەسەری سروشتی و بەشێکی زانستە پزیشکیەکان بێت یاخود شارەزایی تەواوی لەبوارەکە هەبێت و بروانامەی کارکردنی هەبێت، کە ئەرکی ئەو پسپۆڕییە ئەوەیە هاوکاری پزیشکەکە دەکات لە زوو چاك بوونەوەی یاریزان لە پێکان یاخود ئەو ماندووێتی و شەکەتیەی یاریزانان لە ئەنجامی راهێنانەکان تووشی دەبێت لە رێگای ئەنجام دانی چەند رێگایەکی جۆراوجۆر لە بواری چارەسەری سروشتی و فیزیایی وەکو (شێلان (تدلیك)، ساونا، ژووری هەڵم و ساردکەرەوە و چەند شێوازێکی تر) هەروەها یارمەتیدانی پزیشکی یانە لە کاتی پێکانی یاریزانان لە ناو یاری و ئەنجامدانی چارەسەری سەرەتایی بۆیان و هەروەها چاودێری کردنی پڕۆسەی چاكبوونەوەی یاریزانان دەکات دوای ئەوەی ماوەیەك بەهۆی پێکانەوە دادەبڕێن .

جگە لە بوونی ئەو دوو پسپۆڕییەی لەسەرەوە کار و ئەرکەکانیان لە نێو هەر تیپێکی وەرزشیدا باسکرا، بوونی چارەسەرکاری دەروونیە لە نێو تیپە وەرزشیەکانیان کە هیچی ئەوتۆی کەمتر نیە لە پسپۆڕییە تەندروستیەکانی ترەوە بەهۆی ئەو ئەرکە قورسەی کە جارەسەرکار یاخود پزیشکە دەروونیەکە هەیەتی لە بەرزکردنەوەی وورەی یاریزانان و متمانە بەخۆبوون و هەروەها یارمەتیدانی یاریزانانی تیپەکەیە لە سڕینەوەی ئاسەواری شکست یاخود ئەو پێکانانەی تووشی دەبن یاخود هەر ئاسەوارێکی دیکەی خراپ کە رۆلی دەبێت لە دابەزینی ورەی یاریزانان و لەدەستدانی متمانەیان . 

کۆتا پسپۆڕیش کە ستافێکی ئاسایی هەر تیپێکی وەرزشی تەواو دەکات، بوونی پسپۆڕی خۆراکە، کە ناوبراو بەرپرسە لەجۆری ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە یاریزانان بەکاری دەهێنن کە پێویستە بە تەواوی گونجاو و تەندروست بێت و لەهەمان کاتدا بەگوێرەی ئەو پلان و پڕۆگرامانە کە بەربڵاوە لە جیهاندا بۆ خواردنی وەرزشوانان . ئەمەی تاوەکو ئێرە باسکرا کار و ئەرکی ستافی پزیشکیە بەشێوازێکی ئاسایی و گونجاو لە نێو هەر تیپێکی وەرزشی بەشێوازێکی زانستی و رێگەپێدراو لە جیهاندا. هەروەکو تێبینی دەکرێت و رۆژانە لە رێگای کەناڵە راگەیاندنەکانەوە بەرگوێمان دەکەوێت لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان گرنگیەکی ئێجگار زۆر و بەرفراوان بەبواری پزیشکی وەرزشی دەدرێت بەتایبەتی لەیانە گەورەکانی سەر ئاستی ئەوڕوپا کە هەر جووڵە و کارێکی تایبەت بە یاریزان پەیوەستە بەو پڕۆگرامەی کە پزیشکەکە بۆی دادەنێت و لەکاتی پەیڕەو نەکردنی تووشی لێپێچینەوە و سزا دەبێتەوە نمونە بۆ ئەمەش زۆرە وەکو یاریزانی بەناوبانگی بەرازیڵی و پێشووتری یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی(رۆناڵدینیۆ) کە پابەندی ئەو کاتانە نەبوو کە پزیشکی یانەی بەرشلۆنە بۆ خەوتن و خواردن بۆی دانابوو بەڵکو تاوەکو درەنگانێکی شەو لە یانەکان دەمایەوە و خواردن و خواردنەوەی قەدەغەکراوی دەخوارد، بۆیە یانەی بەرشلۆنە کۆتایی بەبۆندەکەی هێنا و لەریزی یانەکە دووری خستەوە، هەر بەهەمان شێوە ئادریانۆی بەرازیڵی و ئەنتۆنیۆ کاسانۆی ئیتاڵی و پۆڵ گاسگۆینی ئینگلیزی و چەندانی دیکە لە دیارترین نمونە زیندووەکانن.

 سەرەرای ئەو ئەرکانەی کە لەسەرەوە باسکران، پزیشکی وەرزشی ئەرکێکی دیکەی هەستیاری لەسەر شانە کە رۆلێکی گرنگ دەگێڕێت لە داهاتووی یاریکردنی یاریزانەکە، ئەویش ئەو پشکنینە پێش وەختە گشتگیرەی جەستەیە کە پزیشکی یانەکان بۆ هەر یاریزانێك دەیکەن کە تازە یانەکە بۆندی لەگەڵ کردووە، ئەم پشکنینە یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی مۆرکردنی بۆند لەگەڵ یاریزانی نوێ بەو پێیەی کاتێ یاریزانێک روودەکاتە یانەیەك بەهۆی ئەم پشکنینانەوە بەرچاو روونیەکی تەواو دەربارەی یاریزانەکە وەردەگیرێت لە لایەن یانەکەوە بۆ هەر گرفتێکی تەندروستی یاخود پێکانێك کە هەیەتی.

 ئەم پشکنینانە رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە تەواوکردنی بۆندی یاریزان یاخود هەڵوەشانەوەی بۆ نمونە یاریزانی پێشووتری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین (گابرێل میلیتۆ) لەدوا چرکەکان لە لایەن لیژنەی پزیشکی یانەی ریال مەدریدەوە ئاشکرا کرا کە ئەم یاریزانە پێکانی هەیە، بۆیە یانەی ریال مەدرید پەشیمان بوونەوەی لە بۆندەکە راگەیاند و یاریزانەکەی رەتکردەوە. 

ئەو گرنگیەی کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهاندا بەم بەشەی بواری پزیشکی دەدرێت بەوپەڕی پیشەیی و پڕۆفێشناڵیەوە ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەم مەبەستە چەندان نەخۆشخانەی گرنگ کراونەتەوە کە خزمەت بە وەرزشوانان دەکەن و ساڵانە بودجەیەکی زەبەڵاحی بۆ تەرخان دەکرێت تاوەکو بەوپەڕی پرۆفێشناڵانە کارەکانیان ئەنجام بدەن و بەدەیان ئامێری پێشکەوتووی بۆ تەرخان کراوە، نمونەش لەسەر ئەمە نەخۆشخانەی (ئەسبیتار)ە لە ووڵاتی قەتەڕ کە بووەتە شوێنیکی گرنگ و دیار بۆ چارەسەر کردنی پێکان و دووبارە شیاندنەوەی یاریزانان لەو پێکان و گرفتانەی کە تووشی دەبن، هەروەها بەدەیان پزیشك و پەرستار و راهێنەری جیهانی لەسەر ئاستی جیهان کاری تیادا دەکەن و ساڵانە بەدەیان یاریزان لەو پێکانانەی تووشیان بووە چارەسەر دەکەن و رۆژ لە دوای رۆژیش پێشکەوتن و بەرەو پێش چوونی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ.

ئەگەر بێتو باس لە رۆڵ و گرنگی پزیشکی وەرزشی بکەین لە کوردستاندا تووشی شۆك دەبیت بەو پێیەی لەرووی گرنگی دان و بایەخ پێدانەوە سادەترین کاری بۆ نەکراوە بەڵکو بەتەواوی فەرامۆش کراوە هەروەها لە زانکۆ و پەیمانگا پزیشکیەکانی کوردستانیش هیچ بەشێکی تایبەت نیە بە پزیشکی وەرزشی بەڵکو تەنها لە رێگای بەشەکانی شکاوی و جومگە و ئەژنۆکانەوە کار لەسەر پێکانی یاریزانان دەکرێت کە ئەمەش هەڵەیەکی کوشندەیە و داهاتووی یاریزانان دەخاتە مەترسیەوە بەو پێیەی ئەو پزیشکەی کە چارەسەری یاریزانەکە دەکات رۆژێك لە رۆژان لە نێو یانەیەك یاخود تیپێکی وەرزشی کاری نەکردووە بەڵکو یاریزانانیش وەك هەر تاکێکی دیکەی کۆمەڵگا سەیر دەکات و چارەسەریان دەکات کە زۆربەی کاتیش و بە گوێرەی ئەو داتا و زانیارییانەی بەردەستن زۆربەی ئەو یاریزانانەی لە کوردستان تووشی پێکان هاتوون بەهۆی نەبوونی چارەسەری تەواو و پڕۆفێشناڵانە دواتر وازیان لە یاری کردن هێناوە و ماڵئاواییان لە دونیای وەرزش کردووە

سەرەرای نەبوونی پزیشك و پسپۆڕی پێویست لەم بوارەدا، یانە وەرزشیەکانی کوردستانیش بەهەمان شێوە بەدەست نەبوونی ستافی پزیشکیەوە دەناڵێنن و لە ئێستادا هیچ یانەیەك لە کوردستاندا نیە ستافێکی تەواو لە پزیشکی پسپۆڕ و جارەسەرکاری سروشتی و فیزیایی و پسپۆڕی خۆراك و دەروونی هەبێت بەڵکو بەشێکی زۆر لە یانەکان پزیشکی پسپۆڕیان نیە تاوەکو ئاگاداری پێکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی یاریزانان بێت بگرە هەندێ لەیانەکان یاریدەدەری پزیشکی(معاون طبي) ئەو رۆڵەی لە ئەستۆ گرتووە کە ئەمەش هەڵەیەکی ئێجگار کوشندەیە ئەم یانانە لە یاریزانەکانیان دەدەن و دوارۆژی یاری کردنیان تەمومژاوی دەکەن چونکە ئەو کەسە هیچ شارەزایی و پسپۆڕییەکی لە کارەکەیدا نیە بەڵکو تەنها چەند فریاگوزارییەکی سەرەتایی نەبێت کە لە کاتی یاری کردن بۆ یاریزانەکە ئەنجامی دەدات. بۆیە ئەوەی لەم بوارەدا لە کاتی ئێستادا لە تیپ و یانە وەرزشیەکانی کوردستان دەگوزەرێت لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نیە بەڵکو بگرە ئەوەی دەگوزەرێت لێدانی گورزێکی کوشندەیە لە وەرزشوانان و پاراستنیان لە هەموو ئەو گرفتە جۆراوجۆرانەی لە نێو گۆڕەپان و یاریگاکان تووشی دەبن، هەر وەکو دەبینین رۆژانە یاریزانان لە نێو یاریگادا تووشی چەندان گرفتی تەندروستی دەبنەوە کە تارادەیەك دەگاتە مردنی هەندێك یاریزان بەهۆی نەبوونی پشکنینی پێش وەختە و  ناشارەزایی ستافی پزیشکی یانەکە لە دەستنیشانکردنی گرفتە تەندروستیەکانی یاریزانان. 

بۆیە لە سۆنگەی خەمخۆریمان بۆ گیانی وەرزشوانان، داوا لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین گرنگی زیاتر بەم بوارە بدرێت لەسەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان بەوەی هەوڵ بدرێت بەشێکی تایبەت بە پزیشکی وەرزشی بکرێتەوە تاوەکو ساڵانە خوێندکارانی ئەم بەشە کە خوێندنیان تەواو دەکەن و دەردەچن بتوانن بەهۆی ئەو پسپۆڕییەی بەدەستیان هێناوە خزمەت بەوەرزشوانان بکەن و لەو نەهامەتیەی کە ئێستا لە کوردستان بوونی هەیە دەریان بهێنن، هەروەها پێویستە لەسەر وەزارەتی تەندروستی کە پزیشك و پسپۆڕی ئاست بەرز لە دەرەوە بهێنێت تاوەکو هەلسێ بە کردنەوەی وۆرك شۆپ و کۆنفرانسی زانستی بۆ زیاتر برەودان بەو بوارە پزیشکیە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP