ژێرخانی وەرزشی کوردستان، هەنگاونان بۆ دواوە

- 27-06-2019 - 974 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - پەیام فتح اللە رسول


ژێرخانی پتەو و تۆکمە، یەکێکە لە کۆڵەگە و بنەما سەرەکیەکانی بەرەو پێشچوون و پێشکەوتنی هەر بوارێك لە بوارەکانی کۆمەڵگا بە گشتی و لە نێویشیاندا بواری وەرزش بەتایبەتی، کە یەکێکە لە دیاردە زیندووەکانی نێو گەلانی جیهان و رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە بوژانەوەی کۆمەڵگاکان و بەزیندوو هێشتنەوەیان و لەسەر پێ وەستانیان..

ژێر خانی وەرزشی بە رەگەزێکی سەرەکی پێشکەوتنی وەرزش دادەنرێت بەهۆی ئەو رۆڵە گرنگ و ئەرێنیە(ئیجابیە)ی کە هەیەتی لەوەدیهێنانی ئەوپەڕی پیشەیی بوون و دەستەبەرکردنی ئەنجامی باش و بەرچاو چونکە دابین کردنی یاریگای گونجاو و هۆڵی داخراوی باش بەپێی ستاندارد و پێوەرە نێوەدەوڵەتیەکان هۆکارێکی سەرەکیە بۆ خوڵقاندنی کەشێکی لەبار بۆ یاری کردن و لەهەمان کاتدا هانی یاریزانانیش دەدات ئەوپەڕی تواناکانیان بخەنەگەڕ بۆ دەستەبەر کردنی ئەنجامی باش و رازی کردنی دڵی جەماوەر و هاندەرانیان لەلایەك، لە لایەکی ترەوە هەبوونی ژێرخانی وەرزشی گونجاو و تۆکمە وا لە هاندەران و جەماوەری وەرزشی دەکات بەپەرۆشەوە رووبکەنە یاریگاکان و هانی تیپ و یانەکانیان بدەن، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری وورەی یاریزانان و بەدیهێنانی خەون و ئاواتی هاندەرەکانیان بە بەدەستهێنانی ئەنجامی باش و سەرکەوتن لە هەموو ئەو پێشبڕکێ و ململانێیانەی کە بەشداری تیادا دەکەن لە هەمان کاتیشدا بەهۆی زۆری ژمارەی هاندەران و فرۆشتنی پلیتی یارییەکان داهاتێکی باش لە لایەن یانەکانەوە کۆدەکریتەوە کە دواتر رەنگدانەوەی ئیجابی دەبێت بۆ سەر لایەنی دارایی یانەکان و بەردەوامی دان بە چاڵاکیە جۆراوجۆرەکانیان .  

ئەگەر بێتو باس لە ژێرخانی وەرزشی کوردستان بکەین، دەکرێ باس لە دوو قۆناغ بکەین، قۆناغێك کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتاکانی ساڵی (٢٠٠٠) و کەمێکیش دوای ئەو مێژووە،  کە تیایدا وەرچەرخانێکی بێ وێنە لە بونیادنانی ژێرخانی وەرزشی کوردستان لە ئارادا بوو. 

حکومەتی هەرێم ئەوکاتە بە پێی کات و شوێن و پێویستی، گرنگی بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی یاریگا و هۆڵی داخراو و مەلەوانگە و گۆڕەپانە وەرزشیەکان دەدا، نمونەی ئەمانەش: (نۆژەنکردنەوەی یاریگا و هۆڵی داخراوی فڕەنسۆ هەریری لەشاری هەولێر ،  نۆژەنکردنەوەی یاریگا و هۆڵی داخراوی یانەی دهۆك هەروەها نۆژەنکردنەوەی یاریگای یانەی سلێمانی و یاریگای زاخۆ و هۆڵی داخراوی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و ئەکاد لە هەولێر و جگە لە چەندان یاریگا و هۆڵی تر).  

بەڵام قۆناغی دواتر بەتایبەتی دوای تێپەڕ بوونی ساڵانێك بەسەر دروست کردنی ئەو یاریگا و هۆڵ و گۆرەپانە وەرزشیانە کە بەگوێرەی ژمارەی تیپ  و یانە وەرزشیەکانی ئەوکاتە لە شار و شارۆچکەکان تاڕادەیەك گونجاو بوو سەرەڕای کەمی ژمارەیان و تێرنەکردنی پێداویستی ژێرخانی وەرزشی ئەوکاتە.

 بەڵام وەکو تێبینی دەکرێت دروست کردنی ئەو یاریگا و گۆڕەپان و هۆڵە وەرزشیانە لە ئێستادا وەستاوە   ئەوەی کە پێشتر هەبووە تەنها ئەوەیە و بگرە بەشێکیان بەهۆی نەبوونی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوە و گرنگی پێنەدانیان ئەمانیش بەرەو بێنازی و فەرامۆش بوون و بگرە وەکو کورد دەڵێت گەنجێتیان لەدەست داوە و پیری بەرۆکی گرتوون و بەهاری ئاوەدانیان بەرەو گەڵارێزانی پاییز چووە، ئەو جوانی و بەهایەی جارانیان نەماوە، نمونەی ئەمەش ئەمساڵ لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی تۆپی پێی خولی نایابی کوردستان و خولەکانی دیکەی پلە یەك و ئاستە جیاوازەکانی دیکە لەهەندێ یاریگا بەڕێوە دەچوون بەڕاستی گریانت بۆ حاڵی ئەو یاریگایانە دەهات، بەشێکیان لەگەڵ بارینی هەر پڕوشکێك باران دروست کردنی دەریایەك لەئاو و لافاوێکی لەدوای خۆیەوە لە یاریگا بەجێ دەهێشت کە ئەمەش هۆکاربوو بۆ دواخستنی چەندین یاری، کە دواتر کاریگەری نەرێنی (سلبی) لەبەڕێوەچوونی سیستەماتیکی خولەکە دەکرد و خشتە و کاتی یاری و کاتەکانی راهێنان و مەشقیان لە راهێنەرانیش تێکدەدا، یاخود گەر یارییەك بەڕێوە بچووبوایە ئەوا تەکنیک و هونەری یاری کردن لەیارییەکە بوونی ئەستەم دەبوو بگرە یارییەك ئەنجام دەدرا تەنها تۆپی پێ نەیدەتوانی شوێنی خۆی تیادا بدۆزێتەوە و تەنها لە ڤیستیڤاڵەکانی تایبەت بە خلیسکان لەنێو قوڕ و گۆماوەکان دەچوو.

 هەروەها بەشێکی تر لەیاریگاکان یاخود ئەو یاریگایانەی کە خولەکانیان تیادا بەڕێوە دەچێت هیچ ستاندارێك یاخود پێوەرێکی یاری کردنێکی ئاساییان تێدانیە هەر لە خراپی چیمەنی یاریگا، کەمی شوێنی دانیشتنی هاندەران یاخود نەبوونی لە بەشێکیان، نەبوونی شوێنیکی گونجاو بۆ یەدەگی یاریزانان، خراپی شوێنی خۆگۆڕینی یاریزانان و چەندان گرفتی دیکە کە سەرجەمیان بەجۆرێك لە جۆرەکان کاریگەری نەرێنی (سلبی) دەکاتە سەر یاریزانان لەلایەك و هەروەها جۆش و خرۆشی هاندەران و جەماوەری ئامادەبوو کەم دەکاتەوە لەلایەکی ترەوە.


  بۆیە ئەگەر بێتو ئاوڕێک لەم ژێرخانە داتەپیوە نەدرێتەوە و دەستی ئاوەدانیان بۆ درێژ نەکرێت و لەهەمان کاتدا چەندین یاریگا و هۆڵ و گۆڕەپانی دیکە دروست نەکرێت ئەوا دەبێت هەرگیز چاوەڕوانی پێشکەوتن و بەرەو پێش چوونی بواری وەرزش لە کوردستان نەکەیت کە سەردەمانێك پێشەنگی دڵفڕێنی و نمونەی شانازی پێوەکردن بوو لە سەر ئاستی عێڕاق و کوردستان، هەروەها سەردەمانێك ئەو یاریگایانە گۆرەپانی بەڕێوە چوونی چەندان یاری نێودەوڵەتی و گرنگی لەسەر ئاستی پاڵاوتنی جامی جیهانی و پالەوانێتیە جۆراوجۆرەکانی سەر ئاستی کیشوەری ئاسیا و پالەوانێتیەکانی سەر ئاستی ووڵاتانی عەرەبی و چەندین یاری و ڤیستیڤاڵی وەرزشی دیکەی دۆستانە و فەرمی بوونە، بەڵام لە ئێستادا ئەو باوەی جارانی نەماوە و ئەوانەی دوێنێ بەتایبەتی هەڵبژارە و یانە عێڕاقیەکان کە بە سوپاسەوە یاریگاکانیان بەکاردەهێنای، بەڵام ئێستا ئەو دەست ماچ کردن و گەداییە بەسەرچووە و بگرە ئەوان لە نەبوونەوە چەندین یاریگا و هۆڵ و گۆرەپانی دڵڕفێنیان هێناوەتە بوون و لە ئێستادا خاوەنی ژێرخانێکی تۆکمەن لە رووی یاریگا و هۆڵ و گۆڕەپانی وەرزشە جۆراوجۆرەکان و بەردەوامیشن لە دروست

کردن و هێنانە کایەوەی چەندانی دیکە و لەساڵانی داهاتوو دەبن بە یەکێك لە ووڵاتە گرنگ و مەزنەکان لە بواری ژێرخانی وەرزشی و پلەبەندییان لەرووی هەبوونی ژێرخان و یاریگا و هۆڵی داخراوی دروستکراو بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتیەکان بەرەو سەرووتر هەنگاو دەنێت. بەداخەوە ئەمەش بۆ ووڵاتێکە کە تاوەکو ئێستا بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێت لەرووی ئاسایش و ئارامی و گرفتە ئابوری و سیاسیەکان بەڵام ئەمانە هەرگیز رێگر نەبوونە لە بایەخ دان بەوەرزش و دروست کردنی ژێرخانێکی پتەو و تۆکمە. بەپێچەوانەوە ئێمەش رۆژ بەرۆژ بەرەو دواوەچوون و دروست کردنی ئاستەنگ بۆ گرنگی دان بەبواری وەرزش و بایەخ دان بەدووبارە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وەرزشیمان بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی وەرزشوانان بەگشتی، ئەمە سەڕەڕای خراپی ژێرخانەکەی بەدەست چەندین گرفتی کارگێڕی و داراییەوە دەناڵێنێت و خەریکە بڕستی لەبەر دەبڕن و لە پەل و پۆی دەخەن..

لێرەدا رووی داواکاریم دەخەمە بەردەم حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە هەرچی زووە ئاوڕێکی جددی و دڵسۆزانە لەم بوارە بداتەوە و دووبارە هەوڵەکانی خۆی بخاتەوە گەڕ لە پێناو ئاوەدان کردنەوە و بەرەو پێش بردنی ژێرخانی وەرزشی کوردستان، کە رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە کۆکردنەوەی لاوەکانمان لەم دیاردە زیندووەی کۆمەڵگا و دوورخستنەوەیان لە لادان و خراپەکاری و کەمکردنەوەی کاتەکانی بەتاڵیان و سەرقاڵ کردنیان بە بواری وەرزش و هاندانی گەنجە سەرکەوتووەکان تاوەکو ببن بەنمونەیەکی باڵا بۆ ئەوانی تر و رێچکەی ئەوان بگرنەوە نەوەکو ببن بە تاکێک کە خێزان و کۆمەڵگا بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن و بە گرفت و تەنگ و چەڵەمەکانیان، کۆمەڵگا بەرەو پاشەکشێ کردن ببەن و رەوتی بەرەو پێش چوون و ئاوەدانی بوەستێنن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP