ئاوڕدانەوەیەك، سەرتاپای ژیانی ئەستێرەیەکی تۆپی پێی گۆڕی

- 20-06-2019 - 4644 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - پەیام فتح اللە رسول

 

هەر کەسێك ئەم تایتڵەی سەرەوە بخوێنێتەوە لەوانەیە تووشی جۆرێك لە سەرسوڕمان بێت و بکەوێتە سۆراخی تێگەیشتن لەم تایتڵە .. 
کات یاری کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوڕوپای ساڵی (١٩٩٦)ە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و چیك کە تیایدا هەلبژاردەی ئەڵمانیا توانی بە ئەنجامی ٢-١ یارییەکە بباتەوە و ببێ بە پاڵەوانی جامەکە..

رووداوەکە لە بارێکی ئاساییدا روویدا بە بێ هیچ لێکدانەوەیەك و لە ناکاو و لە جووڵەیەکی سەر بەرەو لاکان و ئاوڕدانەوەیەك لە راهێنەرەوە گەوهەرێکی تۆپی پێی لێ دروست بوو کە دواتر بوو بە یەکێ لە ئەستێرە درەوشاوەکانی سەر شانۆی تۆپی پێی جیهان... بەگەڕانەوە بۆ رووداوەکانی یارییەکە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی چیك توانی لە دەقیقەی ٥٩ گۆڵێك بە لێدانی سزا لە رێگای یاریزان (پاتریك بێرگەر) تۆمار   بکات و تەنگ بە ئەڵمانیەکان هەڵبچنێت و خەریك بوو خەونی ئەڵمانیەکان لەگۆڕ بنێن. بۆیە راهێنەری ئەو کاتەی ئەڵمانیا (بێرتی ڤۆگتس) چەند گۆڕانکارییەکی ئەنجامدا بۆ یەکسان کردنەوەی ئەنجامەکە بەڵام بێ سوود بوو و تا دەهات چیکیەکان پاڵەپەستۆی زیاتریان دەخستە سەر ئەڵمانیەکان و دەستەوەستانیان دەکردن،  دواتر بێرتی ڤۆگتس، لە دەقەی (٦٩)ی یارییەکە ئۆلیڤەر بێرهۆفی خستە نێو یاریگا، ئەوەبوو تەنها دوای تێپەڕبوونی چوار خولەك بێرهۆف توانی بەلێدانی سەر لە دەقەی (٧٣) گۆڵی یەکەم تۆمار بکات و هەناسەیەکی گەراندەوە بەبەر ئەڵمانیەکان،  وە دواتریش و لە دەقەی (٥)ی کاتی زیادکراو جارێکی تر ئۆلیڤەر بێرهۆف توانی گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکات کە گۆڵی زێرین بوو و بەم جۆرە هەڵبژاردەکەی لە دۆڕانێکی حەتمی قوتار کرد و توانی بیگەنێتە سەر سەکۆی نازناوەکە ...  

(بێرتی ڤۆگتس) لە یەکێ لە چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانیەکان باس لە رووداوە دراماتیکیەکانی ئەم
 یارییە دەکات و دەڵێت: رووداوەکانی ئەم یارییە و ئەو بەرەنگاربوونەوە توندەی چیکیەکان بەشێک لە پلانەکانی ئێمەی ئاوەژوو کردەوە و نەماندەتوانی بەگوێرەی ئەو پلانەی کە بۆ یارییەکەمان دانا بوو وەکو خۆی جێبەجێی بکەین بەڵکو بەردەوام بەدوای گۆڕانکاری بووین لە پلانەکان و شوێنی یاری کردنی یاریزانانمان ئەنجام دەدا و دوای یەك دوو گۆڕانکاری و بردنە ژوورەوەی یاریزانان سوودێکی ئەوتۆی نەبوو بەڵکو چیکیەکان بەردەوام هەر بەهێزەوە یارییان دەکرد و خۆیان بەدەستەوە نەدەدا، بۆیە بەدەم بیرکردنەوە لە یارییەکە لەسەر هێڵی دیاری کراوی راهێنەر لە نزیک شوێنی یەدەگی یاریزانان و بێ ئومێدی لە رووداوەکانی یارییەکە بە نائومێدییەوە ئاوڕم لە شوێنی یەدەگی یاریزانان دایەوە و بینیم ئۆلیڤەر بیرهۆڤ لە سووچێکی شوێنی یەدەگی یاریزانان دانیشتووە. ئۆلیڤەر بێرهۆف، ئەو هێرشبەرە بوو کە  بە هیچ جۆرێ لە پلانی مندا نەبوو لەو یارییە یاری پێ بکەم. ئەوەی شایانی باسکردنە راهێنەر لە هیچ یارییەك لە یارییەکانی تری ئەم پاڵەوانیەتیە پشتی پی نەدەبەستا و   یاری پێ نەکردبوو چگە لە چەند خولەکیکی کەم لە یاری یەکەمی پاڵەوانیەتیەکە بەرامبەر چیك نەبێت کە دواتر تووشی پێکانیش بوو لە یارییەکە، هەر لە درێژەی قسەکانیدا ڤۆگتس دەڵیت لەو ئاوڕدانەوەیەم کاتێ        بێرهۆفم کەوتە بەرچاو بڕیارمدا کە وەکو دوا کارتی هێرش بردن بەکاری بێنم و یاری پێ بکەم کە دواتر هەموومان سەرکەوتنی ئەو یاریزانەمان بینی کە رۆڵێکی پاڵەوانانەی گێڕا لە بەدەستهێنانی جامەکە و بوونە پاڵەوانی ئەڵمانیەکان...

لێرەدا و دوای ئەو رۆڵە گەورەیە گێڕای بۆ سەرکەوتنی ئەڵمانیەکان، گرێی بەختی بێرهۆف کرایەوە و چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا هاتنە سەر هێڵ بۆ ئەنجام دانی گرێبەست لەگەڵی و لە یانەیەکی نەناسراوی وەکو ئیسکۆڵی  ئیتاڵی رووی کردە یانەی ئۆدینیزی ئیتاڵی و دواتر ئەی سی میلان و مۆناکۆی فەڕەنسی و کیڤۆ، لە هەموو ئەو یانانەشی یاری بۆ کردن توانی رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە سەرکەوتنەکانی یانەکەیی و هەردەم بەو ژمارە گۆڵە زۆرانەی تۆماری دەکردن چەندین جار بە گۆلکار و نازناوی باشترین یاریزانی لەخولەکان وەرگرتووە، ئەمە جگە لەو رۆڵەی دواتر لە سەرکەوتنەکانی هەڵبژاردەکەی گێڕای لە خول و پاڵەوانێتیەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان کە شانبەشانی کلینزمانی ئەستێرە و کاپتنی ئەڵمانیا ببوو بە کۆڵەگەی سەرەکی هەلبژاردکەیی.. وە دواتریش وەکو رێزلینانێك لەو خزمەتەی پێشکەشی بە ووڵاتەکە و هەڵبژاردەکەی کردبوو  لە دوای وازهێنانی لە یاری کردن لە ساڵی ٢٠٠٣ کرایە  بەڕێوەبەری کارگێڕی هەلبژاردەی ئەلمانیا و تاکو ئێستاش لە پۆستەکەی بەردەوامە.

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە نابێ هیچ کەسێك لە ژیاندا کۆڵ بدات و لە نیوەی رێگا خۆی وون بکات بەتایبەتی بۆ وەرزشوانان و ئەو یاریزانانەی کە پشتیان پێ نابەسترێ لە لایەن راهێنەرەوە چونکە لەوانەیە رووداوێك رووبدات کە سەرتاپای ژیانت بگۆڕێت و بببیت بە فریادرەسی یانە و تیپەکەت، هەروەکو عەرەب دەڵێت (الصدفة خير من الف ميعاد) ... ئەوە رێك بۆ ئۆلیڤەر بێرهۆف گونجاوە کە ئاوردانەوەیەکی بێ ئومێدانەی راهێنەر لە یەدەگی تیپەکەی ئەستیرەیەکی گەشی هێنایە ناو گۆڕەپانی جیهانی تۆپی پێ کە ناوەکەی هەردەم بە پڕشنگداری دەمێنێتەوە لە نێو دونیای وەرزش بە گشتی و تۆپی پێ بە تایبەتی ...


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP