قەتەڕ بەهۆی تۆپی پێ وە جیهان سەرسام دەکات

- 13-06-2019 - 3783 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - پەیام فتح اللە رسول

 

لای هەمووان ئاشکرایە هەڵبژاردەی قەتەر لە جامی نەتەوەکانی ئاسیای ٢٠١٩ کە یارییەکانی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ  لە ئیمارات ئەنجام درا و توانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات و جامەکە بەدەست بهێنێت، وە هەمووانی تووشی شۆك کرد بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشی کرد . بێگومان ئەم سەرکەوتن و ئاستە بەرزەی هەڵبژاردەکە پێشکەشی کرد بێ بەرنامە و ئامادەکاری پێش وەختە و پلانی درێژ خایەن نەبووە بەڵکو بەرهەمی کاری چەندین ساڵە و شەونخوونی و داڕشتنی پلانی درێژ خایەن و ئامانجداری یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕە بۆ مەبەستی دروست کردنی هەڵبژاردەیەکی بەهێز تاوەکو ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی پاڵەوانیەتیە گرنگەکان و ئامادەکاری تەواو بکات بۆ مۆندیالی ٢٠٢٢ کە لەو ووڵاتە ئەنجام دەدرێت.

یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ بۆ ئەم مەبەستە جەند هەنگاوێکی گرتەبەر، کە لەم باسەماندا بەتێروتەسەلی لەسەری دەدوێین.. 
هەنگاوی یەکەم: سەرەتا کاری یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ و هەنگاوی یەکەمیان دروست کردنی ئەکادیمیای (ئەسپایەر) بوو لە ساڵی ٢٠٠٤ لە ژێر سەرپەرشتی ناڕاستەوخۆی میری قەتەڕ شازادە (خەلیفە بن حەمەد) بەڵام دوای ئەوەی بیرۆکەی میوانداری کردنی جامی جیهانی ٢٠٢٢ لە لایەن قەتەڕەوە سەرچاوەی گرت، سەرپەرشتی کردنی ئەم ئەکادیمیایە کەوتە دەست شازادەی جێ نشین (تەمیم بن حەمەد ئال ثانی) . ئەم ئەکادیمیایە تایبەتمەندە بە وەرزش لەبوارە جۆراوجۆرەکانی وەکو تۆپی پێ ، گۆرەپان و مەیدان ، یاری تێنس ، گۆڵف ، تیرهاوێژی ....هتد بۆ منداڵانی رەگەزی نێر . ئەم ئەکادیمیایە  چەندین یاریگا و هۆڵی داخراوی بەرفراوانی تێدایە  کەلەوێدا جگە لە وەرزش خوێندنگای تایبەت بەو منداڵانە بوونی هەیە کە لە ئەکادیمیاکە وەرزشی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و بارەگاکەی لە دۆحەی پایتەختی قەتەڕە، هەروەها شانبەشانی بوونی لقە سەرەکیەکەی لە دۆحە، سێ لقی تری لە هەر یەك لە ووڵاتانی (تایڵەند، پاراگوای، سەنیگال) هەیە. ساڵانە ئەم ئەکادیمیایە راهێنان بە نزیکەی ٦٥٠ هەزار یاریزان دەکات لەسەرجەم وولاتانی جیهان و یاریزانە ئاست بەرزەکان لە نێویاندا هەڵدەبژێرێت دەیانبەن بۆ ئەو ئەکادیمیایەی کە لە کیشوەرەکەی بوونی هەیە لە پێناو  راهێنانی زیاتر و بەرزکردنەوەی توانای یاری کردنیان، وە دواتریش باشترینەکانیان دێننە قەتەڕ و لەوێدا راهێنانی زیاتریان پێ دەکرێت و بەشداری خولەکانیان پێ دەکرێت و لە یانەکان یارییان پێ دەکەن .

هەنگاوی دووەم: ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم ئەکادیمیایە خرایە ژێر دەستی (ئیڤان بڕاڤۆ) بەرپرسی بەڕێوەبردنی ستراتیژی پێشووتری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کە ناوبراو رۆڵی سەرەکی هەبوو لە بەدەستهێنانی هەردوو نازناوی خولی یانە پلەیەکەکانی ئیسپانیا لە وەرزەکانی (٢٠٠٧، ٢٠٠٨) لە لایەن یانەی ریال مەدریدەوە دوای ئەوەی کە بۆ ماوەی ٤ ساڵ نەیتوانی بوو بەدەستی بهێنێت . 

هەنگاوی سێیەم: دوای دوو ساڵ و نیو لە هاتنی ئیڤان بڕاڤۆ بۆ قەتەڕ و بەڕێوەبردنی راستەوخۆی کارەکانی ئەکادیمیاکە، ناوبراو هەڵسا بە گرتنەبەری دوو رێگا:- 
١.. کڕینی یانەی (ئۆبین)ی بەلجیکی بە بڕی (٥) ملیۆن یۆڕۆ کە لە ئێستادا لە ریزی یانە پلەیەکەکانی بەلجیکایە لە پێناو ئەوەی ئەو یاریزانانەی کە لە ئەکادیمیاکە راهینان دەکەن رەوانەی یانەیەکی بەهێز بکرێن و بەشداری لە خولێک بکەن بۆ زیاتر گونجاندنیان بۆ یاری کردن لە ژێر گوشاری بەهێزی جەماوەر و ئاشنا کردنیان بە کەشی یاری کردن و دواتر سەرخستنیان بۆ هەڵبژاردەی قەتەڕ و بەشداری پێکردنیان لە پاڵەوانێتیەکان .. 

٢.. کاری دووەمی ئیڤان بڕاڤۆ بریتی بوو لە داواکردن لە یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ بۆ پێدانی رەگەزنامەی قەتەڕی بەو منداڵانەی کە خاوەن بەهرەن و تەمەنیان لە نێوان (٨-١٢) ساڵیدایە لە ئەکادیمیاکانی ئەسپایەر لە لقە جیاوازەکان و گواستنەوەیان بۆ قەتەڕ لە پێناو پڕکردنەوەی نەبوونی یاریزان و کەمی ژمارەی دانیشتوان لەو ووڵاتە . 

هەنگاوی چوارەم: هەنگاوێکی تری یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕی گرێبەست کردن بوو لەگەڵ راهێنەری ئیسپانی (فیلێکس سانشێز)ی ئیسپانی لە ساڵی ٢٠٠٧ کە ناوبراو لە دایك بووی بەرشلۆنەی ئیسپانیایە ، بۆ مەبەستی سەرپەرشتی کردنی راهێنەرانی ئەکادیمیای ئەسپایەر .

ئەم هەڵبژاردەیە چۆن دروست کرا ؟ 
(٨) هەشت ساڵ بەر لە ئێستا بەدیاریکراوی لە ساڵی ٢٠١١ لەو کاتەی کە فیلیکس سانشێز راهێنەر بوو لە ئەکادیمیای ئەسپایەر ئەرکی سەرپەرشتی کردنی بەشێکی زۆری ئەو یاریزانانەی لە ئەستۆ بوو کە ئێستا لە ریزی هەڵبژاردەی نیشتمانی قەتەڕ یاری دەکەن .. لەو کاتەوە فیلیکس سانشێز یەك لە دوای یەك ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکانی (تازە پێگەیشتووان - لاوان - ئۆڵۆمپی خوار ٢٣ ساڵ- دواهەمیشیان  وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی یەکەمی قەتەڕ بوو لە ریکەوتی ٢/٧/٢٠١٧ دوای دەست لەکارکێشانەوەی خۆرخێ فۆساتی لە ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی قەتەڕ ..

دەستکەوتەکانی ئەم هەڵبژاردەیە.:-
١- پلەی یەکەمی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ یاریزانانی خوار تەمەن ١٩ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٤ .

٢- بەشداری کردن لە جامی جیهانی یاریزانانی خوا تەمەن ١٩ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٥ لە نیوزڵەندا .

٣- پلەی سێیەمی جامی نەتەوەکانی ئاسیای بۆ یاریزانانی خوار تەمەن ٢٣ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٨ .

٤- دواهەمین دەستکەوتیش بەدەستهێنانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ پێشکەوتووان لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئیماڕات .. 

ئەم دەستکەوتانەش بەگوێرەی ئەو ماوەیەی کاری تیادا کراوە دەستکەوتی گەورەن .

بەگشتی ئەگەر بێتو ئەو کارانەی کە ئەم یەکێتیە واتا یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ ئەنجامی داوە لە سەردەمی ئێستای تۆپی پێ بە یەکێك لە سەرکەوتووترین پلانە وەرزشیەکان لە سەر ئاستی جیهان دادەنرێت لە رێگای ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی ئەم ووڵاتە بچووکەی سەر نەخشەی جیهان دایڕشتووە کە هەرچەندە زۆربەی لێکۆڵەرانی بواری وەرزشی بە تایبەتی نووسەری کتێبی (سقوط بيت الفيفا)ی بەریتانی (دێڤد کۆن)، پێی وایە جگە لە نیازی ووڵاتەکە بۆ پێش خستنی تۆپی پێ پلانی دیکەی سیاسی و هەم ئابوریشی لە دواوەیە بەتایبەتی


ململانێی ووڵاتێکی هاوسێی وەکو میرنشینی عەرەبی سعودی بە پلەی یەکەم هەروەها پلانی داڕشتن بۆ جۆراوجۆرکردنی داهاتەکانیەتی بە پێگەیاندن و فرۆشتنی یاریزانان جگە لە گازی سروشتی کە سەرچاوەی یەکەمی داهاتی ووڵاتە .

هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردەیە:_
١-  هۆکاری سەرەکی و گرنگترین هۆکار بۆ سەرکەوتنەکانی هەڵبژاردەی قەتەڕ بوونی ئەکادیمیای ئەسپایەرە لەم ووڵاتە و ئەو رۆڵەی کە هەیەتی لەبەرەو پێش بردنی توانای جەستەیی و هونەری یاریزانان هەر لە تەمەنی بچووکیانەوە .

٢- ئەو یاریزانانەی لە ئێستادا لە ریزی هەڵبژاردەی قەتەڕ یاری دەکەن لە کۆی (٢٣) یاریزان (١٨)یان لە ئەکادیمیای ئەسپایەر ماوەیەکی دوور و درێژە بەیەکەوەن واتا لەو کاتەی کە تەمەنیان لە (٨) ساڵیەوە بوو تاوەکو ئێستا کە گەیشتوون بە ریزی یەکەمی هەڵبژاردەی نیشتیمانی قەتەڕ .

٣- تیکرای تەمەنی یاریزانانی هەڵبژاردەکە بەشێوەیەکە کە (١٢)یاریزان تەمەنیان لە نیوان (١٨-٢٢) ساڵیدایە، وە (٣) یاریزان تەمەنیان لە ٢٣ ساڵ تێپەڕ ناکات، گەورەترین یاریزانی هەڵبژاردەکەش تەمەنی ٣٢ ساڵە کە یاریزانێکی یەدەگە و دوای ئەویش گۆڵپارێز (سەعد شێبە) کە تەمەنی ٢٩ ساڵە . ئەمەو (٥) یاریزانەکەی تر کە لەیانەکانی قەتەڕەوە هاتوون تەمەنیان لە نیوان (٢٥-٢٨) ساڵیدایە .. بۆیە ئەمە وایکردووە کە یاریزانەکان بە توانا و جەستەیەکی بەتینەوە یاری بکەن 
کە دواتر ئەمە رۆڵی دەبێت لە تەواوکردنی یارییەکان بەو ئەنجامەی کە دەتەوێ دەستەبەری بکەیت .

٤- بەردەوام بوونی راهێنەری ئیسپانی (فیلیکس سانشێز) لەگەڵ ئەو پۆلە یاریزانە بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ، هەر لە ئەکادیمیای ئیسپایەرەوە بۆ هەڵبژاردەکانی لاوان و ئۆلۆمپی و پێشکەوتووان . دەکرێ بڵێین ئەم هۆکارەیان رۆلێکی گرنگی گێڕاوە لەوەی یاریزانانی ئەم هەلبژاردەیە وەکو یەك تیم یاری بکەن کە لەمەدا رۆڵێ جێگیری ستافی راهینان بەدیاردەکەوێت لە دروست کردنی کەشێکی هاوڕێ و هەڤاڵانە لە نیو یاریزانەکاندا .

سەرەرای ئەوانەی لای سەرەوە باسکران کە سەرجەمیان لەگرنگی پلان و کارکردن و بەرنامەدانانی ستراتیژی حکومەتی قەتەڕ بەگشتی و یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ بە تایبەتی سەرچاوە دەگرێت، بەڵام کارەکانیان نەیتوانیوە خۆی بپارێزێت لە رەخنە و گلەیی رەخنەگران و لیکۆڵەرانی بواری وەرزشی، ئەمیش بە هۆی چەند هۆکارێکە کە لەخوارەوە ئاماژەی پێ دەدەین:- 

١- پێدانی رەگەزنامە بە یاریزانانی بیانی بەشیوازێكە کە ناگونجێ لەگەڵ پێوەرە نیودەوڵەتیەکانی بواری پێدانی رەگەزنامە و نیشتەجێ بوون، بەجۆرێك حکومەتی قەتەڕ رەگەزنامەی هەمیشەیی ناداتە ئەو یاریزانانە بۆ مانەوە و بوون بە هاوڵاتی قەتەڕی بەڵکو تەنها پاسپۆڕتێك بەو یاریزانانە دەدات کە پێی دەووترێ (جواز المهمات) واتا تەنها لە کاتی بوونی پاڵەوانێتیەکان ئەو یاریزانە بۆی هەیە گەشتی دەرەوەی پێ بکات و دواتر بیگێڕیتەوە بۆ یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ .

٢- رەخنەیەکی دیکەی رەخنەگران لە حکومەت و یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ ئەوەیە کە هەر کاتێ ئەو یاریزانانەی کە هەڵبژاردەکە کاریان پێی نەما یاخود ئاستی هونەری دابەزی بۆی نیە لە ووڵاتی قەتەڕ بمێنێتەوە بەڵکو رەوانەی ووڵاتانی خۆیان دەکرێنەوە نمونەی ئەمەش زۆرن وەکو یاریزان و گۆڵکاری پێشووی هەڵبژاردەی قەتەڕ (مەحمود صۆفی) سۆماڵی و چەند یاریزانێکی تری بەرازیلی و سربی و ئەفریقی. کە ئەمە جگە لە رەخنەگرانی بواری وەرزشی، داکۆکیکارابی بواری مافەکانی مرۆڤیشی هێناوەتە سەر هێڵ بەهۆی ئەوەی کە حکومەتی قەتەڕ پێشێلکاری گەورە بەرامبەر بەو یاریزانانە دەکات و توانای جەستەییان بەکاردەهێنێت بۆ مەرامی خۆیان و کاتێك کە مەرامەکانیان هاتەدی پەراوێزیان دەخات و لەو ووڵاتە دووریان دەخاتەوە.

٣- رەخنەیەکی تر کە لە لایەن رەخنەگرانی بواری وەرزشی لە قەتەڕ دەگیرێت، ئەوەیە کە حکومەت و یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ هەڵساون بە پێدانی بەرتیل بەبەرپرسانی وەرزشی ووڵاتان بەتایبەتی دوای ئابڕوو چوونەکانی فیفا دەرکەوت کە چۆن سەرۆك یەکێتیەکانی ووڵاتان و بەرپرسان بەهۆی پێدانی بەرتیلەوە دەنگیان لەبەرژەوەندی قەتەڕ داوە بۆ میوانداری کردنی جامی جیهانی ساڵی ٢٠٢٢ .

بۆیە لە کۆتاییدا دەکرێ بڵێین بوونی پلان و پڕۆگرامی ستراتیژی و کارکردنی لەخۆبردووانە هەردەم گۆڕانکاری ئەرێنی بەدواوە دێت و پێچەوانەکەشی هەر راستە کە لەم بوارەدا یەکێتی تۆپی پێی قەتەڕ ئەسپی خۆی تاوداوە سەرەرای بوونی گلەیی و رەخنەی زۆر لە کارەکانیان.. بۆیە هیودارم بەرپرسانی حکومی و وەرزشی لە کوردستان بتوانن بە پلانێکی تۆکمە و پتەو وەرزشی کوردستان  بەرەو پێش ببەن و بایەخ بەگەنج و لاوەکان بدەن و ئەکادیمیا و یانە وەرزشیەکان سەر لەنوێ و بەفۆڕمێکی نوێی کارکردن بخەنەوە گۆڕەپان و چاو لە ووڵاتێکی بچووکی وەکو قەتەڕ بکەن کە بەدەست قەیرانی کەمی ژمارەی هاوڵاتیەوە دەناڵێنێت بەڵام بە پلان و پڕۆگرامی تۆکمە توانیویەتی ئەو بەربەستە بشکێنێت بەڵام بۆ ئێمەی هەرێمێکی زیاتر لە (٥) ملیۆن هاوڵاتی و بوونی چەندان گەنجی بەتوانا و خوێن گەرم ئەرکەکان ئاسانتر و کەم تێچووترە لە دروست کردنی بەهرەمەند و یاریزانانی بەتوانا کەهیوادارم بتوانرێت سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت و ئاستی وەرزشی کوردستانیان پێ بەرز بکرێتەوە و پلانی ستراتیژی بۆ بەرەو پێش بردن و سەرکەوتنیان دابنرێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP