ساری هه‌لی بوون به‌ راهێنه‌ری یوڤێنتوس له‌ده‌ستنادات

- 10-06-2019 - 787 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - ئەحمەد هێرۆیی

 

ماوریسیۆ ساری راهێنەری بەناوبانگی ئیتالی، کە لە ساڵی 1990وە کاری راهێنەرایەتی دەکات و خاوەن شێواز و فەلسەفەیەکی هێرشبەرییە و لە ژیانی راهێنەرایەتیدا تاوه‌كو ئێستا سەرپەرشتی 19 یانەی کردووە و توانیویەتی گۆڕانکاری تاکتیکی و فەلسەفی لە زۆربەی ئەو تیپانە دا بکات و ئاستیان بەرەوپێش ببات کە سەرپەرشتی کردوون، بەڵام خاڵی لاوازی ئەم راهێنەرە تاوه‌كو ئەمساڵ ئەوەبوو کە خاوەنی هیچ نازناوێک نەبوو لەگەڵ هەموو ئەو یانانەدا کە لە مێژووی کاری راهێنەرایەتیدا سەرپەرشتی کردوون.

دوایی ئەوەی ئەم راهێنەرە لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ چێڵسی توانی یەکەم نازناو بۆ خۆی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستبهێنێت، توانی گرێکوێرەی نەبردنی نازناو بکاتەوەو وای لە کارگێڕی چێڵسی کردووە کە بەتەواوی هەوڵی پارێزگاری لێکردنی بدەن کە پێشتر دەنگۆی دوورخستنەوەی هەبوو، بۆیە ئەم راهێنەرە ئێستا لەوە تێگەیشتووە کە بردنەوەی نازناو گرنگترین شتە بەلای یانەکانەوە و بۆ بردنەوەی نازناو پێویستی بەوەیە ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی گەورە لەئەستۆ بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بۆ هەمووانی بسەلمێنێت کە دەستبەتاڵی ئەو لە رووی نازناوەوە لە رابردوودا بەهۆی ئەوەبووە کە زۆربەی ئەو تیپانەی ئەم راهێنەرە سەرپەرشتی کردوون تیپی بچووک بوون و کەسایەتی و توانای یاریزانان و ئەو تیپانە ئەوە نەبووە کە بتوانن رکابەری گەورەکان بکەن و نازناو ببەنەوە.

بردنەوەی یەکەم نازناو لە یەکەم وەرزدا لەگەڵ یانەی چێڵسی، کە تاکە یانەی گەورەیە کە تا ئێستا ئەم راهێنەرە سەرپەرشتی کردبێت، بەڵگەیەکی دروست و سەلمێنەرە بۆ ئەوەی کە نەبردنی نازناو لە رابردوودا هێندەش هەڵەی ساری نەبووە، ساری هێندە شکستخواردوو نەبووە.

چەند هۆکارێک هەن کە وا لە ساری دەکەن بیر لە جێهێشتنی چێڵسی بکاتەوە، لەوانە گرنگی پێدانی لە لایەن یانەیەکی وەک یانەی یوڤێنتوسەوە کە لەم کاتەدا یانەی یوڤێنتوس بێ راهێنەرەو بەدوای شوێنگرەوەی ئەلێگری دا دەگەڕێت و دەیەوێت راهێنەرێکی فەلسەفە هێرشبەری و جیاواز لە ئاالێگری بگوازێتەوەو ساریش یەکێکە لەو چەشنە ڕاهێنەرانە.

ئەوەی زیاتر هاندەرە بۆ ئه‌وه‌ی ساری روو لە یوڤێنتوس بکات هەم خۆی راهێنەرێکی ئیتالییەو بە تەواوی شارەزای یانەکان و خولەکەیە و گرنگی پێدانی یانەی یوڤێنتوس بە ساری وای لەم راهێنەرە کردووە لە لایەک لەپێناو  داهاتووی خۆیدا  بیر لەوە بکاتەوە یانەی چێڵسی بەجێبهێڵێت تا لە رێگەی یانەی یوڤێنتوسەوە بتوانێت  نازناوەکان بە دەستبهێنێت و قەربووی هەموو شکستەکانی رابردووی له رووی ئەنجامەوە بکاتەوە.

لە لایەکی دیكه‌وه‌ بەهۆی رۆیشتنی هازارد و کێشەکانی ئەو یانەیە بەهۆی ئەوەی کە لەوانەیە نەتوانێت هیچ یاریزانێکی نوێ بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە هۆکارێکی دیكه‌یه‌ کە ئەم راهێنەرە دووبارە بیر لە جێهێشتنی یانەی چێڵسی بکاتەوە، چونکە ساری دڵنیایە کە لە چێڵسی بارودۆخەکە بەم جۆرە بێت، زۆر قورسە بتوانێت وەرزی داهاتوو هیچ نازناوێک بباتەوە بەتایبەتی لەبەرئەوەی لە خولێکی وەک خولی ئینگلیزی یاری دەکات، کە بۆ بردنەوەی نازناو پێویستیت بە تیپێکی تۆکمە و پڕ لە یاریزانی ئاستبەرز دەبێت. ئەم رکابەرییە بەهێزەی لە خولە ناوخۆییەکانی ئینگلتەرادا هەیە دوور نییە یانەکە بەو کێشانەوە تووشی داڕووخان بێت لە وەرزی داهاتوودا.  

یانەی یوڤێنتوس تاکە یانەی گەورەیە کە لەم کاتەدا هەوڵی گواستنەوەی ساری دەدات هەرچەندە ساری لەبەر یانەی ناپۆلی کەمێک دوودڵی هەیە لە هەڵبژاردنی یوڤێنتوس، بەڵام داهاتووی ساری خۆی لە هەموو شتێک گرنگترە، بۆیە پێویست ناکات ساری دوودڵ بێت لەو بارەوە، بەتایبەتی کە نەتوانێت شوێنێکی باشتر لە یوڤێنتوس بدۆزێتەوە، ساری مافی خۆیەتی باشترین شوێن و داهاتوو بۆخۆی دەستنیشان بکات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP