یاریگا بچووککراوەکان و دابەزینی ئاستی هونەری تۆپی پێ لە کوردستان

- 9-06-2019 - 768 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - پەیام فتح اللە رسول

 

لای هەمووان ئاشکرایە لەم چەند ساڵانەی دواییدا چەندین یاریگای بچووککراوە لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان دروست کراوە و رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەیان بەهۆی ئەو داهاتە زۆرەی کەهەیەتی بەرەو زیاد بوون دەچێت و لە ئێستاشدا چەندین کۆمپانیای تایبەتمەند لە بواری دروست کردنی ئەم جۆرە یاریگایانە پەیدابوون و کاری تیادا دەکەن..

 ئەوەی لێردەا دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر ئەو زیانە زۆر و بەرفراوانەیە کە ئەم جۆرە یاریگایانە لە ئاستی هونەری تۆپی پێیان داوە و وایان کردووە کە ئاست و هونەری یاری کردن بەرەو دابەزین بچێت.. 

یاریگا بجووککراوەکان بەهۆی ئەو تایبەتمەندییەی کەهەیەتیان هەرگیز ناتوانن جێگرەوەی یاریگا یانزە یاریزانیەکان بن، یاریگا بچووککراوەکان سەرەرای ئەوەی کە چیمەنی یاریگاکەیان دەستکردە و جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو یاریگایانەی کە چیمەنی سروشتیان هەیە کە ئەمە وایکردووە رێژەی پێکانی یاریزانان ئێجگار زیاد بکات، وە یاری کردن لە یاریگای بچووککراوە تەنها پێویستی بەهەبوونی توانایەکی جەستەیی (اللیاقة البدنية)ی یاریزان هەیە جیا لەیاریگا یانزە یاریزانیەکان کە سەرەڕای پێویستی یاریزان بەتوانای جەستەیی بەرز، پێویستی بە هەبوونی پلان و شێوازی یاری کردن و تەکنیک و هونەری یاری کردن و چۆنیەتی بەرگری کردن و هێرش بردنی بەرز و هەروەها راهێنەرێکی بەتوانا هەیە بۆ خوێندنەوەی یارییەکە کە ئەمەی دوایی لە یاریگا بچووککراوەکان بوونی نیە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا هۆکاری سەرەکین بۆ نزم دەرکەوتنی ئاستی هەر یاریزانێك کاتێ لەم دوو یاریگا جیاوازە یاری دەکات بە تایبەتی کاتێک یاریزانەکە روودەکاتە یانەیەك هەرگیز بە ئاسانی ناتوانێت ئەو توانایەی کە لەیاریگا بچووککراوەکان نیشانی دەدا بەهەمان ئەو ئاستە لەوێدا دەرکەوێت و بگرە شێوازی یاری کردنیشی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و وا لە راهێنەر دەکات کاتی زیاتری بۆ تەرخان بکات تاوەکو بتوانێت بیگونجێنێت لەگەڵ شێوازی یاری کردنی یاریزانانی دیکەی یانەکە.

ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت ئەوەیە کە ئەم یاریگایانە بەگشتی بەکاردێن تەنها وەکو سەرچاوەیەك بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ بنکە و ناوەندە وەرزشیەکان کەئەمەش وایکردووە کاریگەری نەرێنی دروست بکات لەسەر دەرکەوتنی یاریزانی بەتوانا و شیاو بۆ یانە وەرزشیەکان کە لەم چەند ساڵانەی دواییدا وەکو تێبینی دەکرێت ئەو یاریزانانەی کە دەرکەوتوون و توانیویانە لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق رۆڵیان هەبێت بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن کە بەڕای من یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم دەرنەکەوتنە نزمی ئاستی هونەری یاریزانانی یانە کوردییەکانە کە نەتوانراوە دوای جێ هێشتنی یاریگا بچووککراوەکان و رووکردنە یاریگا گەورەکان توانای هونەری و جەستەییان بەرەو پێش ببەن بەڵکو هەر لەچوارچێوەی یاری کردن لە یاریگا بچوککراوەکان دەخولێنەوە و ئەمەش بەروونی لە یاریکردنی یاریزانان لە نێو یانەکان دەردەکەوێت جیا لە پێشووتر کە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق دەدەرەوشانەوە وەکو (کامەران محمد، طارق عبدالرحمن، سەرکار عەلی خان، فازڵ عەبباس، سەڵاحەددین سیامەند،  دارا محمد، رافد بدرالدین، پشتیوان شبیب، بژار اسماعیل، عومەر رشید، شاهۆ عەبباس، سەڵاح ئەمین، محمد خۆشناو، جاسم حاجی، خالد مشیر و احمد سالار و چەندانی دیکە) کە ئەمانە هەموویان بەرهەمی باش و بەتوانای یاریگا یانزە یاریزانیەکانن و خاوەن ئاستی تەکنیکی بەرزی یاری کردن بوون بەگوێرەی ئەو تاکتیك و پلانانە یارییان کردووە کە راهێنەر بۆی داناون و تووشی دووفاقی(ازدواجية)ی یاری کردن نەهاتوون لە دوو جۆرە شێوازی یاری کردن و دوو پلان و دوو تەکتیکی جیاواز ... 

بۆیە لێرەدا چەند پێشنیارێك دەخەمە روو کە هیوادارم بەرپرسان و خەمخۆرانی وەرزش بەگشتی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بەتایبەتی بەهەندی وەربگرن و کاری لەسەر بکەن لە پێناو پێشخستنی ئاستی وەرزشی کوردستان.. 

١- دروست کردنی ژمارەیەکی زۆر لە یاریگای یانزە یاریزانی کە واباشترە چیمەنەکەیان سروشتی پێت .

٢- یاریگا بچووککراوەکان و ئەو داهاتەی کە بەدەستی دەهێنێت لە خزمەت وەرزش و پێشکەوتنی ئاستی تۆپی پێ بێت نەوەکو بچێتە گیرفانی چەند کەسێك.

٣- یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بیر لەدروست کردنی لیژنەیەك یاخود دەستەیەکی تایبەت بکاتەوە بۆ کردنەوەی خولی تایبەت بە یاری فوتساڵ و کردنەوەی خول بۆ راهێنەرانی ئەم جۆرە یارییە هەروەکو لە ئێستادا لەسەر ئاستی عێڕاق و هەرێمایەتی و جیهانی گرنگی تایبەتی پێ دەدرێت و یەکێتی تۆپی پێی جیهانیش بەهەمان شێوە گرنگی پێ دەدات و چەندان پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی کیشوەرەکان و جامی جیهانیشی بۆ ئەنجام دەدات.

٤- وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان کە بەرپرسی راستەوخۆی یانە وەرزشیەکانە، وەکو گرنگی دانێکی زیاتر بە یاری فوتساڵ و جیاکردنەوەی لە یاریگا یانزە یاریزانیەکان، یانەکان پابەند بکات بە دروست کردنی تیپی فوتساڵ و دانانی پڕۆگرامێکی تۆکمە و پتەو بۆیان بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان هەروەکو لە ئێستادا لە عێڕاق و ووڵاتانی دەوروبەریش تیپی فوتساڵ تایبەتمەندی جیاوازی خۆی هەیە و تێکەڵ بە تیپی یانزە یاریزانەکان ناکرێت .

٥- پێویستە لەسەر یەکێتیەکانی لاوان کە سەرپەرشتی بنکە و ناوەندە وەرزشیەکان دەکەن، کەسانی پسپۆڕ و شیاو لە بواری وەرزش لەو شوێنانە دابنێن  چونکە وەکو تێبینی دەکرێت لە ئێستادا کەسانێك هەن کە تەنها  بەهۆی پابەندی سیاسییان لەم شوێنانە دانراون و هیچ توانایەکی بەرێوەبردنی چاڵاکیە وەرزشیەکانیان نیە سەرەڕای ئەوەی سەرپەرشتی راستەوخۆی تیپە میللیەکانن کە کانگای پێگەیاندنی یاریزانانن بۆ یانە و هەڵبژاردەکان.

٦- کەمکردنەوەی ژمارەی تیپە میللیەکان لەلایەك و یانەکان لەلایەکی ترەوە، چونکە ئەو زۆری و بۆرییەی کە ئێستا هەیە ئاستی تۆپی پێی لە کوردستان بەرەو دواوە بردووە، بۆیە پێویستە سنوورێکی بۆ دابنرێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP