ڤان پێرسی ئیسلام رزگاریكردم

- 14-05-2019 - 7265 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژانی پێشوو یاریزان و كۆڵكاری خوله‌كانی ئه‌وروپا و مۆندیال، ڕۆبن ڤانپێرسی هۆڵندی به‌ یه‌كجاری وازی له‌ یاریكردن هێنا، ئه‌و ئه‌ستێره‌ گه‌شاوه‌ی ڕۆژانی پێشووی گۆڕه‌پانه‌ سه‌وزه‌كان، كه‌ نازناوی ڕۆبن هۆد و بكوژی به‌رامبه‌ره‌كانی هه‌بوو، به‌ته‌واوی دوای هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و تێستكردنی چه‌ندین وێستگه‌ی جیا جیای ژیانی یاریكردنی به‌ تایبه‌تی ئه‌رسیناڵ و مانچسته‌ر یوونایتد ده‌ستبه‌رداری یاریكردن بوو، پاش ئه‌وه‌ پێم باشبوو هه‌ندێك قسه‌ و بیره‌وه‌ری ناوبراو له‌سه‌ر ئیسلام و ژیانی ئه‌وتان له‌م چه‌ند دێڕه‌دا بۆ باس بكه‌م. 

له‌ ساڵی (2005)ه‌وه‌ ڤان پێرسی موسڵمانبوونی خۆی ڕاگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا ئه‌و بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن چه‌ند گۆڤار و بڵاوكراوه‌یه‌كی ئه‌وروپییه‌وه‌ باسكراو و پرسیار له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ كرا ئایا رۆبن ڤان پێرسی بووه‌ به‌ موسڵمان؟.

 له‌مباره‌یه‌وه‌ ڤان پێرسی به‌ كورتی باسی سه‌ره‌تای موسڵمانبوونی خۆیكرد و روونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ره‌و ئاینی ئیسلام ڕێنوێنی كردووه‌، تاوه‌كو ئێستاش نزیكترین هاوڕێیه‌تی. هۆكاری باوه‌ڕهێنانی به‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام بریتیبوو له‌و كه‌سه‌ی تا ئه‌مكاته‌ به‌ باوكی خۆی داده‌نێت. دیاره‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ پاككه‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌بوو، كه‌ یاریزانه‌كه‌ له‌وێ قوتابی بوو، هه‌روه‌ها هۆڵندییه‌كه‌ ده‌ڵێت: من له‌و قوتابخانه‌یه‌دا كه‌سێكی شه‌ڕانگێز و لاسار بووم زۆربه‌ی كات ده‌بوومه‌ مایه‌یه‌ی بێزاری بۆ هاوڕێكانم، ڕه‌نگه‌ هۆكار هه‌بووبێ من كه‌سێكی ئاوا خراپ و لاسار بم، چونكه‌ دایك و باوكم دوای نه‌گونجانیان جیابوونه‌وه‌ و هێنده‌ی ئه‌م ژیانه‌ قورسه‌ گرفتی ده‌رونییان بۆ دروستكردم، له‌وكاته‌دا به‌ تایبه‌تی له‌ قوتابخانه‌كه‌مان پاككه‌ره‌وه‌یه‌كی مه‌غریبیمان هه‌بوو به‌ ناوی (سیدی ماوشه‌) ئه‌و پیاوه‌ هه‌میشه‌ قسه‌ی بۆ ده‌كردم و هێوری ده‌كردمه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و كاتانه‌ی له‌ پۆل مامۆستاكانم ده‌ریانده‌كردمه‌ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ سیدی رێنوێنی ده‌كردم به‌وه‌ی كه‌سێكی دامه‌زراو و هاوسه‌نگ و به‌هێزبم، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا له‌سه‌ر پێی خۆم ڕاوه‌ستم، جگه‌ له‌مانه‌ سیدی فێری زۆر شتی كردووم و له‌ زۆر بڕیاردا به‌رچاوڕوونی پێده‌دام، دوای ئه‌وه‌ی بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ هاوسه‌رگیری بكه‌م توانیم به‌ ئامۆژگاری مامۆستاكه‌م له‌گه‌ڵ (بوشرا ئه‌لبالی) ژیانی هاوبه‌ش پێكبهێنین و تا ئه‌مكاته‌ له‌گه‌ڵیدا ئاسووده‌م، هه‌روه‌ها له‌ژێر كاریگه‌ر و ئامۆژگاری ئه‌و چوومه‌ ڕیزه‌كانی یانه‌ی ئارسناڵ، بۆیه‌ وامیلێهاتووه‌ سیدی تاكه‌ كه‌سه‌ متمانه‌یه‌كی كوێرانه‌ی پێده‌كه‌م و نامه‌وێت لێم دووربێت. ده‌رباره‌ی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ڕۆبن هوده‌كه‌ی هۆڵندا دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ به‌هۆی ئیسلامه‌وه‌ ژیانێكی هاوسه‌نگی هه‌یه‌ و له‌رووی ده‌روونییشه‌وه‌ كه‌سێكی دامه‌زراوه و ئاسووده‌یه‌، كه‌ ناوبراو پێشتر ژیانی پڕبووه‌ له‌ گرفت، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ ته‌مه‌نی ته‌نیا پێنج  ساڵبوو دایك و باوكی له‌ یه‌كدی جیابوونه‌وه‌.

له‌ كۆتایدا ڤانپێرسی ده‌ڵێت:
"دوای ماوه‌یه‌كی زۆر و ئاشنابوون به‌ دینی تازه‌، ئه‌وه‌ ئیسلام توانی له‌ كێشه‌ ده‌روونییه‌كان دوورم بخاته‌وه‌ و ژیانێكی رێكوپێكی پێ به‌خشیووم، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك سیدی ماوشه‌ ئاماده‌ نه‌بێت له‌ناو یاریگادا هه‌ست به‌ ته‌نیایی ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌وكاتانه‌ی دێته‌ ناو یاریگا، به‌ چاكترین شێوه‌ ئاستی خۆم پێشكه‌ش ده‌كه‌م و هه‌ست به‌هێزێكی ده‌روونی گه‌وره‌ ده‌كه‌م".

له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی دوای ڕۆشتنی فێرگسۆن له‌ مانچسته‌ر ئاستی دابه‌زی؟ ئه‌وه‌ ڕیۆ فێردیناندی كۆنه‌ هاوڕێی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و وتی:"ڤان پێرسی به‌ بڕیاری وازهێنانی راهێنه‌ر ئه‌لێكس فێرگسۆن زۆر كاریگه‌ربوو، بۆیه‌ ئاستی خراپبوو، فێرگسۆن هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو له‌ گواستنه‌وه‌ی ڤان پێرسی له‌ ئارسیناڵه‌وه‌ بۆ مانچسته‌ر، كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌دا نازناوی پرێمه‌رلیگی له‌ وه‌رزی ( 2012،2013) به‌ده‌ستهێنا، ڤان پێرسی هه‌وڵیدا بگه‌رێته‌وه‌ ئاستی جارانی، كه‌چی نه‌یتوانی و یانه‌كه‌ی جێهێشت، هه‌روه‌ها ناوبراو له‌دوا وه‌رزی فێرگسۆندا توانی (27) گۆڵ تۆمار بكات، به‌ڵام وه‌رزی دوای ئه‌وه‌ ته‌نیا (12) گۆڵیكرد و پاشان ڕوویكرده‌ توركیا و دواتر له‌ هۆڵندا كۆتایی به‌ ژیانی یاریكردنی هێنا، كه‌واته‌ ئه‌و ئێستا ئیسلامه‌.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP