شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنا و یاری لیڤەرپوول

- 30-04-2019 - 4148 جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئاشکرایە یانەی بارسێلۆنا لە ژێر دەستی ڤاڵڤێردی دا جیاواز دەردەکەوێت لە وەرزەکانی ڕابردوو. ئەوەش بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڤاڵڤێردی لە شێوازی یاریکردنی ئەو یانەیەدا کردوویەتی.

وەک دەزانین پێش هاتنی ڤاڵڤێردی، یانەی بارسا زیاتر پشتی بە کۆنتڕۆڵی تۆپ دەبەست و بە درێژایی یاری هەوڵی بۆ ئەوە دەدا و لەم ڕێگەیەوە کەمترین دەرفەتی بە تیپی رکابەر دەدا تا یاری بە تۆپ بکات و ئەو کاتانەش کە تۆپیان لە دەست دەدا بەخێرایی لە رێگەی فشارکردنەوە هەوڵی وەرگرتنەوەی تۆپەکەیان دەدا، بۆ ئەوەی رێگە بگرن لە بنیاتنانی هێرش لەلایەن تیپی رکابەر.

هه‌روه‌ها بۆ ئەوەی دووبارە تیپی رکابەر بخەنەوە دۆخی بەرگریکردن، ناچاریان دەکردن لەنیوەب یاریگای خۆیاندا بمێننەوە، بەمەش بە رێژەیەکی زۆر دەیانتوانی شێوازی خۆیان بەسەر یارییەکاندا بسەپێنن وهەوڵیان دەدا لەم رێگەیەوە هەم گۆڵ تۆماربکەن، هەم پارێزگاری لە ئەنجامەکان بکەن، بەڵام شێوازی یاریکردنی بارسا لە گەڵ راهێنەر ڤاڵڤێردی دا جیاوازە، بەتایبەتی لەم وەرزەدا، كه‌ ڤاڵڤێردی کەمێک لە شێواز و فەلسەفەی یانەکە دوورکەوتووه‌تەوە.

ئەم راهێنەرە هاتووە هاوسەنگی دروستکردووە لە نێوان بەرگریکردن و هێرش بردندا، واتە ڤاڵڤێردی بەردەوام لە رێگەی کۆنتڕۆڵی تۆپەوە هەوڵ نادات هێرش بکاتە سەرتیپی بەرامبەر و تیپی بەرامبەر بخاتە دۆخی بەرگرییەوە، بەڵکو ڤاڵڤێردی هەندێ کات بۆ پارێزگاریکردن لە ئەنجام خۆی دەگەڕێتەوە دواوە بەمەش دەرفەت بۆ تیپی بەرامبەر دەڕەخسێت تۆپ بگرنە دەست و هێرش بکەنە سەر گۆڵی بارسێلۆنا. 

لەبەرئەوەی ڤاڵڤێردی پێیوایە ئەگەر ئەوان بتوانن بە رێژەیەکی زۆریش کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەن بەڵام تیپی رکابەر بتوانن بەرگرییەکی تۆکمە بکەن دوور نییە لە هێرشێکی  هەڵگەڕاوەدا گۆڵیان لەسەر تۆماربکرێت، کە ئەمەش لە لایەنی دەروونییەوە شتێکی بێ هیواکەرە بۆ یاریزانەکان و قورسە یاریزانانی تیپەکەی بە درێژایی هەموو یارییەک کۆنتڕۆڵی تۆپ بکەن. 

ڤاڵڤێردی بۆ رێگەگرتن لەوە هاتووە هاوسەنگی دروستکردوە، وەک چۆن گرنگی بە لایەنی هێرشبردن دەدات بەهەمانشێوە بە بایەخەوە سەیری لایەنی بەرگری دەکات، لە دوای هێرشبردن دەزانێت چۆن بەرگری دەکات.

بۆ نموونە ئەگەر سەیرێکی یارییەکانی بارسا بکەین لەم وەرزەدا بەراورد بە وەرزەکانی پێشوو، دەبینین لە رابردوودا تیپی وا هەبوو بە درێژایی یارییەکە نەیدەتوانی 3 جار مەترسی لەسەر گۆڵی بارسا دروستبکات، بەڵام لە یەک هێرشدا دەیتوانی گۆڵیان لێ تۆماربکات، بەڵام لەم وەرزەدا هەرچەندە ئەو تیپانەی کە دژ بە بارسا یاریدەکەن بەردەوام چالاکی هێرشبەرییان هەیە و وەڵامی هێرشەکانی بارسا بە هێرش دەدەنەوە تەنانەت تیپە لاوازەکانیش دەتوانن چەندجارێک خۆیان بگەیننە سەرگۆڵی بارسا و بگرە هەندێ تیپ لە رووی دروستکردنی مەترسی لەسەر گۆڵی بارسا سەرکەوتووترن و زیاتر دەرفەت دروست دەکەن دژی بارسا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا رێژەیەکی کەم گۆڵیان لەسەر تۆمارکراوە، بۆیە تا ئێرە دەتوانین بڵێین ڤاڵڤێردی زۆر سەرکەوتوو بووە، لەو رێگەیەی گرتوویەتە بەر. 

بەڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ئەمجارە یانەی بارسا رووبەڕووی تیپێکی جیاواز دەبێتەوە کە تیپێکی تۆکمەو بەهێزە هەم لە بەرگریکردن هەم لە هێرشبردندا. یانەی لیڤەرپوول بە ریتمێکی خێرا و فشاری بەرز یاری دەکات، هەمیشە تیپی رکابەر تووشی شەکەتی زۆر دەکات، بۆیە زۆر قورسە ڤاڵڤێردی ئەم یارییەی وەک یارییەکانی دیكه‌ بە ئاسانی بەسەردا تێپەڕببێت. 

بە بۆچوونی من ئەگەر هێرشبەرانی لیڤەرپوڵ بتوانن سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە بۆیان دەڕەخسێت دوورنییە تەنانەت لە کامپ نۆدا یانەی بارسا تووشی شۆک بکەن، لەبەرئەوەی تا ئێستا لەم وەرزەدا یانەی بارسا رووبەڕووی تیپێکی وەک لیڤەرپوول نەبووه‌تەوە کە خاوەنی هێڵێکی هێرشبەری هێندە بەهێزبێت، سەڵاح و مانێ و فێرمینۆ 3 گۆڵکاری بەتوانان لە خولی ئینگلیزی، یاریکردنی هەرسێکیان بەیەکەوە وادەکات سەرئێشەیەکی گەورە بۆ یاریزانانی بارسا دروست ببێت، ئەمە جگە لەوەی لیڤەرپوول لە هێڵی ناوەند دیواری پۆڵاینی داناوە سەرجەم ناوەڕاستکارانی لیڤەرپوول خاوەن جەستەیەکی بەهێزن و لە بەرگریکردن و فشارخستنە سەر تیپی رکابەر ماندوو نابن.

ئه‌گه‌ر باسی هێڵی بەرگریشی بكه‌ین، خاوەنی باشترین بەرگریکاری جیهان کە ڤاندایەکی هۆڵەندییە کە لە زیرەکی و بە تواناییدا کەم وێنەیە، هەرچەندە هاوڕێکەی ماتیپ وەک پویست نییە، بەڵام زۆربەی کات ڤاندایک رووماڵی شوێنی ئەویش دەکات، بۆیە من پێموایە یاری لیڤەرپوول بڕیاری کۆتایی لەسەر ئاست و توانای ڤاڵڤێردی و سەرکەوتوویی گۆڕانکارییەکانی  دەدات، کە  لەم وەرزەدا لە یانەی بارسادا کردوویەتی.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP