خاڵی جیاوازی نێوان ئینریکی و ڤالڤێردی

- 20-02-2019 - 4524 جار خوێندراوەتەوە

لویس ئینریکی و ئیرنستۆ ڤالڤێری کە دوو راھێنەری ئیسپانین و شەرەفی ئەوەیان پێبەخشراوە کە راھێنەرایەتی تیپێکی مەزنی وەک بارسێلۆنا بکەن ، کە ئەم یانەیە یەکێکە لە یانە ھەرە مەزنەکانی ئەوروپا و وە ھاوکاتیش وەک دەسکەوتێکی سیاسی مەزنیش سەیردەکرێ بۆ داھاتووی ھەرێمی بلۆگرانا ، دوو راھێنەرن کە ستایل و جۆری بیرۆکەی یاریکردنیان تەواو جیاوازە و دەکرێ بڵێین بە تەواوی رێچکە و فەلسەفەی یاریکردن و یاری خوێندنەوەیان جیاوازە، راھێنەرێکی وەک ئینریکی کە سەرسامە بە بیرۆکە و ھزری راھێنەرە مەزنەکانی وەک کرۆیف ، بێلسا و پەیرەوکەرێکی بە توانای بیرۆکەی تیکی تاکا و یاری کردنە بە تۆپ و ھێرشبردنی ھەمیشە ھاوشێوەی راھێنەرانی سەردەمی نوێ وەک ( گواردیۆلا و ساری و چەندانی دیکە ) تەواو جیاوازە لە راھێنەرێکی ھاوشێوەی ڤالڤێردی کە تەنیا ئامانجی سێ خاڵی یاری و بردنەوەیە و یاریێکی تەواو سارد و دوور لە چێژ پێشکەشی ھاندەرانی دەکا ھاوشێوەی ( کۆنتی و مۆرینھۆ ) 

- بارسێلۆنا کە سیستەمی تیکی تاکا و ھێرشی یەک لە دوای یەک بیردۆز و فەلسەفەی لەمێژینەی یانەکەیە کە سەردەمانێکە کاری بۆ دەکا و ھەوڵدەدا پەیرەوی کات ، ئێستا لە لایان ئیرنیستۆ ڤالڤێردیەوە تەواو شێوێنراوە و تاموو چێژی راستەقینەی تۆپی پێی لەبیر ھاندەرانی یانە کەتەلۆنیەکە بردۆتەوە .ـ
- ھەڵبەتە ھاندەرانی بارسا و ئیدارەی یانەکە چاوەرێی ئەوە لە لەو راھێنەرە ناکا پەرە بە بیردۆزی یانەکە بدات ، لەبەر ئەوەی قسەی لەپێشینەی ڤالڤێردی بۆ ئیدارەی یانەکە ئەوەیە ( گەر نازناوتان دەوێت ، چێژ نیە ) 
- لەگەڵ دەستوەردان لە شێوازی یاریکردنی یاریزانانی یانەکە ، حاڵی بارسێلۆنا تەواو حەڵوەلا بووە و گیر و گرفتی زۆری لەناو تیپەکە بۆ دروست بووە بەجۆرێک توانای بردنەوەی لە یانەێکی ئاسایی وەک لیگانێس و گیرۆنا نیە ، یان گەر بیباتەوە بە ئەنجامێکی نزیک لە یانەی بەرامبەر کۆتایی بە یاریەکە دەھێنێت، کەچی لەسەردەمی ئینریکی زۆربەی کات یانەی بارسێلۆنا نمایشی گۆڵی زۆر و یاری جوان و لێھاتووی بەسەر یانەی رکابەرە ئەنجام دەدا و بە ئەنجامی گەلێک گەورە لە یانەی دژبەری دەبردەوە ، بە جۆرێک یانەکە لە سەردەمی ئینریکی خاوەنی ریمۆنتاداێکی مێژوویە بەرامبەر یانەێکی گەورەی ھاوشێوەی پاریس سانجێرمان کە یانە کەتەلۆنیەکە توانی بە ئەنجامی ( ٦-١ ) لە یانە فەرەنسیەکە بەرێتەوە ، لە کاتێکا ڤالڤێردی توانای ئەوەی نیە ریمۆنتاداێکی بچوک بەرامبەر بە یانەێکی بچوکی وەک لیگانێس ئەنجامدا کە ئەو یانەیە لە دواھەمینی کۆمەڵەکەیە و خاوەنی ھیچ بردنەوەێک نەبوو بەر لە یاری بارسێلۆنا ، کە ئەوەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئینریکی خاوەنی پلان B و ڤالڤێردش لە کاتی تەنگژەکان ھیچی بەدەستەوە نیە ، بە جۆرێک ئەگەر یەک یاری بە پێکاھاتەێکی جیاواز یاری بکا توشی تەنگ و چەڵەمە دەبێ و بە زەحمەت خۆی پێ دەرباز دەکرێ ، ئینریکی و ڤالڤێردی لە شتێکی دیکەشدا جیاوازن ، ئینریکی وەک راھێنەرێک دیاردەکەوت کە حساب بۆ بچوکەکان ناکات و ڤالڤێردیش وەک راھێنەرێک دەردەکەوێ کە لە بچووکەکانیش دەترسێ، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئینریکی راھێنەریەتی یانەێکی وەک رۆمای کردووە کە سەنگ و قورساێکی باشی ھەیە تا رادەێک ، بەڵام ڤالڤێردی لە یانە ئاست ناوەندەکانی وەک ڤالانسیا و ئەتلەتیک بلباو راھێنەر بووە کە ھەمیشە یانە بچووکەکان سەرئێشە بوونە بۆ تیپەکەی ئیرنیستۆ ڤالڤێردی و ترسی لێیان ھەبووە ، کە ئەو ترسە ئێستا بەسەر دەروونی ئەو راھێنەرەوو دیارە کە رابەرایەتی یانەێکی وەک بارسا دەکا ، رای خۆم: ( نە وەک ڤالڤێردی لێیان بترسیت و ترسانەکە ببێتە ھۆی ھەڵە و وات لێبکا ببیە نێچیرێکی ئاسان بۆ یانە بچووکەکە ، نە وەک ئینریکی لوت بەرز بیت و لە ناو یاریگا توشی کێشمە کێشم و گرفتت کات )
      - لە کۆتایی دەمەوێ ئەوە بڵێم راھێنەری ھاوشێوەی ڤالڤێردی و چەندانی دیکەی ھاوشێوەی ئەو بۆ تیپە گەورەکان ناشێنن و پێویستە لە تیپە مام ناوەندەکان برەو بە کاری راھێنەرایەتیان بدەن ، چونکە درەنگ یا زوو بەھۆی دەستی بەتاڵی یانەکە لە نازناوە گەورەکەی چامپیۆنس لیگ ، سەرەنجام دەرکردنی راھێنەرەکەی لێدەکەوێتەوە. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP