تاکتیکی یۆرگن کڵۆپ

- 19-02-2019 - 1420 جار خوێندراوەتەوە

بەدڵنیاییەوە یەکێک لە ڕاهێنەرە دیارو سەرکێش و پڕ تاکتیکیەکانی تۆپی پێی ئەم سەردەمە یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانیە کە بە شێوازی هێرش بەری و فشاری بەرز ناسراوە،کڵۆپ بەگشتی پشت بە تاکتیکی گیگن پرێسین دەبەستێت پێی وایە فشار خستنە سەر تیپی ڕکابەر تەنانەت باشترە لەوەی کە باشترین یاریزانی یاری دروستکەرت لەگەڵ دابێت،چونکە دەکرێ لە ڕێگەی فشارەوە زۆرترین تۆپ لە تیپی ڕکابەر وەربگریت و ڕێگایەکی زۆرباشیشە بۆ تێکدانی پلانی تیپی بەرامبەر.

ئەم ڕاهێنەرە کاتێک بە سێ هێرش بەر یاری دەکات کەم تیپ هەیە خۆی لەبەرامبەر هێزی تیپەکەی دا ڕابگرێت،کڵۆپ زۆربەی کات بە دوو یاریزان یان سێ یاریزان فشار دەخاتە سەر یاریزانی هەڵگری تۆپ لە تیپی بەرامبەر و ئەمەش وادەکات هەموو ڕێگاکانی پاس دان بەسەر یاریزانەکەدا دابخرێن،یاخود یاریزانەکە ناچار دەکرێت تۆپەکە بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە، وە ئەوەی وا لە یاریزانەکانی دەکات باشترین ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن ئەو سیستەمەیە کە ئەو ڕاهێنەرە کاری پێ دەکات.

کڵۆپ پێی وایە نابێت تۆپی پێ زۆر ئاڵۆز بکرێت چونکە تۆپی پێ چەند داواکارییەکی هەیە و یاریزانانیش ئەو ڕاهێنەرەیان خۆش ناوێت کە داواکاری زۆر لە یاریزان دەکات، یان ئەگەر بێتوو ڕاهێنەر کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر قسە بۆ یاریزانەکانی بکات ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانەکان تووشی بێزاری ببن،بۆیە پێویستە فەلسەفەی یاریکردن ڕوون بێت و نزیک بێت لە شێوازی یاریکردنی یاریزانەکان، ڕاهێنەر پێویستە بەپێی توانای یاریزانەکانی پلانەکانی دابڕێژێت.

کڵۆپ لە تۆپی پێ دا هەمیشە ئەوەی هەیەتی پێش کەشی دەکات و هیچ شتێکی شاراوەی نیە،بەپێی ئەو بارودۆخەی تێیدایە هەڵس و کەوت دەکات و پلانەکانی دادەڕێژێت و هەوڵ دەدات زۆرترین چێژ بە هەوادارانی تۆپی پێ بدات.

کڵۆپ دەڵێ من شتی زۆر دەزانم لە تۆپی پێدا بەڵام پێم وانیە هیچ کەسێک هەموو شتێک بزانێت بەڵام من هەمیشە چاوەڕوانی زیاتر و زیاتر لە خۆم دەکەم،یۆرگن کڵۆپ ڕاهێنەرێکە زۆر کەم دەکەوێتە ژێر فشاری ڕاگەیاندنەکان و هاندەران لەبەرئەوەی ئەو بچێتە هەرشوێنێک بە ڕوونی جێ پەنجەی دیارە بەسەر تیپەکەوە،کڵۆپ دەڵێ من هەموو یارییەک هەوڵی بردنەو دەدەم ئەگەر نەمان بردەوە هەوڵدەدەم یاری دواتر ببەمەوە بەڵام نایشارێتەوە کە قورسە کاتێک یارییەکان نابەیتەوە بەهەمان شێوەی جاران هەڵس وکەوت بکەیت چونکە تەنانەت ئەو کەسانەی هاندەریشتن دەڵێن ئیتر ئەم ڕاهێنەرە باش نیەو کاتی بەسەرچووە،بەڵام کاتێک یارییەکان دەبەیتەوە تەنانەت نەیارەکانیشت ستایشت دەکەن.

وەیەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئەم ڕاهێنەرە ئەوەیە زۆربەی کات سەرکەوتن بەسەر ئەوتیپانەدا بەدەست دەهێنێت کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ دەدەن بۆ نموونە سەرکەوتنەکانی کڵۆپ بە سەر گواردیۆلادا بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکران بۆ ئەو قسەیە،وە هەمیشە کلیلی سەرکەوتنی ئەو ڕاهێنەرە ئەوەیە کە چۆن یاریزانەکانی دەجوڵێنێت، هەمیشە پێویستی بە یاریزانی بەجوڵە هەیە چونکە بۆ فشار خستنە سەرتیپی ڕکابەر  پێویستت بە یاریزانی بە جوڵە دەبێت.

وە کڵۆپ بەردەوام ئاڵۆگۆڕ لە نێوان ئەرکەکانی یاریزانانی هێڵی پێشەوەی دا دەکات ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر گران بێت بۆ تیپی ڕکابەر بۆ دەستنیشان کردنیان.بەگشتی ئامانجی کڵۆپ لە یاری تۆپی پێدا لە چوار چێوەی ئەنجام دا ناخولێتەوە بەڵکو ئەو دەیەوێ لەگەڵ ئەنجامی باش دا جوانی و چێژی ئەم یارییە بە هەوادارانی تۆپی پێ نیشان بدات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP