پێکهاتەی ٤-۲-۳-۱ چیەو خاڵە بەهێزو لاوازەکانی چین؟

- 9-02-2019 - 1879 جار خوێندراوەتەوە

ئەم پێکهاتەیە یەکێکە لەو پێکهاتانەی کە لە ئێستادا بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت،بە تایبەتی لە لایەن یانەکانی خولی ئینگلیزی،لەبەر ئەوەی ئەم پێکهاتەیە زۆرترین هاوسەنگی هەیە لە نێوان لایەنی بەرگری و لایەنی هێرش بەری،ئەم پێکهاتەیە یارمەتی تیپ دەدات کە بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری بکات وە یارمەتی تیپ دەدات بەخێرایی ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت لە بەرگری کردنەوە بۆ هێرش بردن.

پێکهاتەکە بەگشتی پشت بە دوو ناوەڕاست کاری بەرگریکار(central midfielder) و سێ ناوەڕاستکاری هێرش بەری (attacking midfielder ) دەبەستێت.

بۆیە ئەوەی کە زۆر جیاوازە لەم پێکهاتەیەدا کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم بەراورد بە پێکهاتەکانی تر بریتی یە لە هێڵی ناوەڕاست،

کە دوو یاریزان لە پێش بەرگریکارەکان یاری دەکەن و ڕووبەری پێش بەرگریکارەکان دادەپۆشن،ئەم دوو یاریزانە پێویستە یاریزانی زۆر زیرەک بن و توانای خوێندنەوەی یارییان هەبێت،وە یەکێک لەم دوو یاریزانە دەچێتە پێشەوە بۆ فشار خستنە سەر یاریزانی خاوەن تۆپ لەتیپی بەرامبەر،وە هەروەها ڕووبەری پشت یاریزانی ژمارە ۱۰ ی تیپەکەی دادەپۆشێت لە کاتێک دا یاریزانەکەی تر لە دواوە دەوەستێت بۆ ئەوەی ڕێگە بگرێت لە هێرشی پێچەوانەی تیپی ڕکابەر،وە هەوڵ دەدات هێرشەکانی تیپی ڕکابەر خاو بکاتەوە بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بە هاوڕێکانی ببەخشێت تا دەگەڕێنەوە دواوە، وە ئەم دوو یاریزانە لە گەڵ دوویاریزانی دڵی بەرگری پێویستە مەودای نێوان خۆیان بپارێزن و پێویستە شێوەی سێ گۆشەیی بە یەکەوە پێک بهێنن بۆ ئەوەی زۆرترین بژاردەیان هەبێت بۆ پاس کردن و وەهەروەها بۆ ئەوەی بە هەرسێکیان بتوانن فشار بخەنە سەر یاریزانی هەڵگری تۆپ لە تیپی ڕکابەر بۆئەوەی هەموو ڕێگاکانی پاس کردنی بەسەردا دابخەن.

وە هەروەها لەم پێکهاتەیەدا سێ ناوەڕاستکاری هێرش بەریمان هەیە  ئەو یاریزانەی دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەم سێ یاریزانە پێی دەگووترێ یاریزانی ژمارە ۱۰ ئەم یاریزانە پێویستە دروستکەرترین یاریزانی تیپ بێت و  بە ئاسانی یاری بەتۆپ بکات و لە پاس کردن زۆر وردبین بێت و دەرفەت بۆ هەردوو یاریزانی تەنیشت خۆی و هێرش بەر دروست بکات ،وە ئەم یاریزانە بەرەو چەقی یاریگا دەگەڕێتەوە دواوە و یاریزانان بۆ خۆی ڕادەکێشێت بەوەش بۆشایی زیاتر بۆ دوو یاریزانی باڵەکانی دروست دەکات. وە دوو یاریزانی باڵەکان پێویستە یاریزانی خێراو کارامە بن و بتوانن بە تۆپەوە بەرەو گۆڵ بڕۆن،وە ئەم دوو باڵە لەگەڵ یاریزانی ژمارە ۱۰ دەتوانن ئاڵوگۆڕ لە شوێنەکانیان دا بکەن.

وە هێرش بەری سەرە ڕم تەنها  پێویست نیە یاریزانێکی باڵا بەرز بێت و لە لێدانی سەر باش بێت بەڵکو دەبێ نەرمی تەواوی هەبێت و یاریزانێکی کارامە بێت.

 


خاڵە بەهێزەکانی ئەم پێکهاتەیە.

۱- سروشتی ئەم پێکهاتەیە وایە لە هەموو بەشێکی یاریگا یاریزانێک یان دوو یاریزانی تێدایە.

۲- ئەم پێکهاتەیە زۆرترین شێوەی سێگۆشەی دروست دەکات ئەمەش وادەکات زۆرترین بژاردە هەبێت بۆ پاس دان.

۳- بەهۆی هەبوونی دوو ناوەڕاستکاری بەرگریکار وا دەکات هەموو کەلێنەکان دابخرێن و زۆر قورس بێت بۆ تیپی ڕکابەر لەوێوە هێرش بکات.

٤- هەبوونی هێرش بەرێک و سێ یاریزانی ناوەڕاستکاری هێرش بەری   وادەکات شێوەیەکی ترسناک دروست بکات بۆ بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر.

٥- هەبوونی دوو ناوەڕاستکاری بەرگریکار وادەکات ئەم تیپە بەزیندویی بمێنێتەوەو لە هێرش بردن بەردەوام بێت.

٦- بەشداری کردنی یەکێک لەم دوو ناوەڕاستکارە بەرگریکارە لە هێرشەکان بژاردەی زیاتر دروست دەکات بۆ پاس دان.

۷- هەرسێ ناوەڕاست کارە هێرش بەرییەکە دەتوانن ئاڵوگۆڕ لە شوێنەکانیان و ئەرکەکانیان دا بکەن ئەمەش وادەکات دەستنیشان کردنیان قورس بێت و دەتوانن زۆرترین دەرفەت بۆ یەکتر دروست بکەن.

٨-هەروەها دوو ناوەڕاستکارە بەرگریکارەکە دەتوانن ئاڵوگۆڕ لە ئەرکەکانیان دا بکەن.


خاڵە لاوازەکانی ئەم پێکهاتەیە

۱- بەهۆی بەهێزی هێڵی ناوەڕاست بە بوونی دوو ناوەڕاستکاری بەرگریکار وادەکات تیپی بەرامبەر زۆربەی هێرشەکانیان بخەنە باڵەکان.

۲- بەهۆی ئەوەی لەم پێکهاتەیەدا هەموو یاریزانەکان ئەرکی بەرگری کردنیان لەسەرە زۆر جار قورسە بۆ ئەو یاریزانانەی کە شێوەی هێرش بەرین ئەمەش وادەکات تەواو سەرکەوتوو نەبن لە ئەرکەکەیان چونکە لە بەرگریکردن وەک پێویست نین.

۳- هەبوونی ئازادی لە ئاڵوگۆڕکردنی شوێنەکانیان هەندێ جار ئەم ئازادییە وادەکات ئەم سێ یاریزانە ناوەڕاستکارە هێرش بەرییە مەودا لە یەکتر بەرتەسک بکەنەوە ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەست دانی تۆپەکە.

٤- هاوکاریکردنی باڵەکانی بەرگری قورس دەبێت چونکە سێ ناوەڕاستکار شێوەی هێرش بەرین بە تایبەتی ئەو کاتانەی دوو باڵی بەرگری دەڕۆنە پێشەوە لەوانەیە یاریزانی ڕکابەر لەپشت ئەوانەو تۆپ وەربگرێت یان لەوانەیە تەنها خۆی ڕووبەڕووی یاریزانی ڕکابەر بێتەوە.

٥- بەهۆی گەڕانەوەی سێ ناوەڕاستکارە هێرش بەرییەکە زۆر جار وادەکات هێرش بەری سەرە ڕم بە تەنیا بمێنێتەوە و داببڕێت لە یاریزانەکانی دیکە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP