یاریزانی تەوەری هێڵی ناوەڕاست

- 4-12-2018 - 512 جار خوێندراوەتەوە

لێرەدا دەمەوێت باسی تەوەری هێڵی ناوەڕاست بکەم کە گرنگترین هێڵە لە هەموو یانەیەکدا و شوێنێکی سەرنجڕاکێشە لە یاری تۆپی پێدا.

 بێگومان تەوەری هێلی ناوەڕاست دابەش دەبێت بۆ چەند جۆرێک، یاخود دەتوانین بڵێین چەند جۆرێک یاریزانمان لەم هێڵەدا هەیه کە هەریەک لەو یاریزانانە تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆنموونە یاریزانی تەوەری ناوەڕاستی (box to box، سندوق بۆ سندوق) یان (Destroyer)، یاری ڕوخێنەر یان (تۆپ ڕفێنەر)، یانیش (Holding midfielder،تۆپ هەڵگر) و هتد لێرەشەوە هەر یانەیەک کە یاریزانێکی تەوەری ناوەڕاستی هەبێت بە جۆرێک چەندین رۆل لەم ڕۆڵانە بگێڕێت، ئەوا هەڵبژاردنی زیاتری دەبێت و یارمەتی ڕاهێنەر دەدات کە باشتر پلانەکانی دابرێژێت، بەڵام ئەو یانەیەی کە یاریزانی تەوەری بەهێزی نەبێت، واتە ئەگەر ئەو یاریزانەی کە لە تەوەری ناوەڕاستدا یاری پێدەکات نەتوانێت چەند ڕۆڵێک بگێڕیت، ئەوا پەنا دەباتە بەر یاریکردن بە چەند یاریزانێکی تەوەری ناوەڕاست کە هەریەکێکان یەکێک لەو ڕۆلانە دەگێڕێت بۆیە تەوەری هێڵی ناوەڕاست گرنگترین جێگایە کە ڕاهێنەر تیشک دەخاتە سەری و سەرەتا ئەم جێگایە پتەو دەکات، واتە سەیری یاریزانەکانی تەوەری ناوەڕاست دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا چ جۆرە یاریزانێکی لەویدا هەیە و وە ئەو هەڵبژاردنانە چین کە فەراهەمە بۆی، لەم جێگایەدا پاش دیاریکردن و پڕکردنەوەی کەموکوورتییەکانی تەوەری ناوەڕاست، ئینجا دەچێتە سەر جێگاکانی هێڵی یاریکردن و لەسەر بنەمای تەوەری ناوەڕاست تەواوی پلانەکەی دادەمەزرێنێت. 

لێرەدا ئێمە دێینە سەر باسی جۆرەکانی تەوەری ناوەڕاست کە بە شیوەیەکی زانستی دابەش کراوە بۆ 3 جۆر، ئێمەش دانە دانە باسی دەکەین 

1- (Destroyer،یاری ڕووخێنەر یان تۆپ ڕفێنەر) کاری ئەم جۆرە یاریزانەی تەوەری ناوەڕاست تەنها بردنی تۆپەکانە لە یاریزانی تیپی بەرامبەر و پاشان تۆپەکە دەدات بە نزیکترین یاریزانی خۆیان بۆ ئەوەی یاری دروست بکەن واتە کاری ئەم جۆرەیان بەتەواوەتی کارێکی بەرگریکارانەیە و بەشداری ناکات لە پرۆسەی هێرشبردندا، ئەم یاریزانە لە پێش هێلی بەرگرییەوە یاری دەکات، ئەرکەکانی تەنها تێکدانی هێرشی بەرامبەرە و خۆی ناتوانێت یاری دروست بکات بۆ تیپەکەی، بەڵام وەکوو وتمان لەبەرئەوەی خۆی توانای یاری دروستکردنی نییە، بۆیە ڕاهێنەر ناچار دەکات یاریزانێکیتر لە تەنیشتییەوە دابنێت کە بتوانێت ئیشەکەی بۆ تەواوبکات واتە بۆ ئەوەی کە ئەم تۆپەکەی ڕفاند، یاریزانێک لەگەڵیدا هەبێت کە ئەرکی گواستنەوەی تۆپەکەی لەکۆڵ بکاتەوە، نموونەش بۆ ئەم جۆرە کە دەتوانین بڵێین بە تەواوەتی دەچێتە خانەی ئەم جۆرە یاریزانانەوە (جینارۆ گاتوزۆیە) کە لە زمانی ڕاهێنەرەکەی ئەنشلۆتییەوە دەڵیت (ئەنشلۆتی هەمیشە پێم دەڵێت تۆ پیاوی چیای، هیچ نازانیت تەنها ئەوە نەبێت ڕابکەیت و تۆپەکە بڕفێنیت و یاری تیپی بەرامبەر تێکبدەی، ئەگینا بۆ هیچی تر باش نیت)، هەروەها (ماسکیرانۆ و لاسنا دیارا)یش بە هەمان شێوەن.


2- ( Holding midfielder، تۆپ هەڵگر) دەتوانین بڵیین ئەم یاریزانە لەڕوویەکەوە تەواوکەری ئیشی (یاریزانی تۆپ ڕفێنەر یان یاری ڕووخێنەرە) واتە هەر کە یاریزانی تۆپ ڕفێنەر تۆپەکەی ڕفاند ئەوا دەتوانێت بیدات بە ئەم یاریزانە بەڵام زیاد بوونی پسپۆڕ لە تۆپی پێدا، وایکردووە کاری ئەم یاریزانە بەرەو ئاراستەیەکی تر بچێت، لە ئێستادا کاری ئەم یاریزانە برتییە لە..
 یەکەم "کاتێک هەریەک لە یاریزانانی باڵی بەرگری چەپ یان باڵی ڕاست، سەربکەون بۆ یارمەتیدانی هێرشکردن، ئەوا ئەم یاریزانە لە پشتەوە دەمێنێتەوە و پاریزگاری ناوچەکەی دەکات، لەکاتی دروست بوونی هێرشی هەڵگەراوەدا، لەسەر تیپەکەی یاخود تاکوو گەڕانەوەی یاریزانی باڵی بەرگرییەکە" 
دووەم ئەرکی ئەم یاریزانە "وەکوو ئاشکرایە لەبەر پێشکەوتنی تۆپی پێ و زیاد بوونی پالەپەستۆیه لەسەر هێلی بەرگری، کە وایلێهات ناوچەی بەرگری پێویستی بە یاریزانێک بێت کە تۆپەکان رزگار بکات و بیگەیەنێتە ناوچەی هێرشبردنەوە. ئەم کارەش ئەم جۆرە یاریزانە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی، چونکە ناکرێت لە پرۆسەی گواستنەوەی تۆپ لە ناوچەی بەرگرییەوە بۆ ناوچەی هێرشبردن پشت بە یاریزاێک ببەسترێت کە لەڕووی هونەرییەوە توانای کەمە. بۆیە ئەم جۆرە یاریزانە دانرا تا کاتێک یاریزانانی هێلی بەرگری دەکەونە ژێر پاڵەپەستۆی تیپی بەرامبەرەوە، تۆپەکە خێرا ئاڵوگۆر بکەن لەگەڵ ئەم یاریزانەدا تاکوو ڕیگایەک دەدۆزنەوە لەگواستنەوەی تۆپکەدا بۆ ناوچەی هێرشبردن. هەر لێرەشەوە ناوەکەی دروست بوو کە مانای (hold) واتا هەڵگر دەدات. واتە تۆپکە هەڵدەگرێت لە هێلی ناوەڕستی بەرگریدا، تاکوو بە جوانی بیگوازێتەوە بۆ هێلێ هێرشبردن، نموونەی ئەم یاریزانانە زۆرن لە گرنگرتینیان؛ ‫‏مایکل‬ کارێک و ‫گارێس‬ باری.‬‬‬‬


3- (Deep lying play maker یاریزانی یاری دروستکەری پشتەوە) ئەمە هەر وەکوو بە ناوەکەیدا دیارە یاریزانی یاری دروستکەرە بەڵام لە پشتەوەی یاریگاکە یاری دەکات. واتا نزیکتر لە هێلی بەرگری خۆیان و دوورتر لە هێلی هێرشبردنەوە بۆ چی؟ چونکه ئەم یاریزانانە خۆیان لە سەرەتادا یاریزانی یارت دروستکەری ئاسایی بوون. واتە هیچ کێشەیەکیان نەبووە لە یاریکردندا لە سەروەی یاریگاوە. (مەبەستمان لە سەرەوەی یاریگا، نزیک هێلی هێرشبردنە، چونکە یاریگا بە نیسبەت هەر تیپێکەوە دەکرێتە دوو بەشەوە. بەشی سەرەوە کە بەشی هێرشبردنە و بەشی دواوە کە بەشی بەرگریکردنە.) "دەزانم ئەم شتانە دەزانن بەڵام هەر حەز دەکەم ڕوونی بکەمەوە، یەعنی قسە زۆر دەکەم، بە کوورتییەکەی " بەڵام بە هۆی چوونە ناو تەمەنەوە ئەو یاریزانانە توانای ئەوەیان نامێنێت کە بەرگەی ڕیتمی خێرای سەرەوەی یاریگا بگرن و لیاقەیان زوو دائەبەزێت. لە هەمان کاتدا ئەم یاریزانانه ئەزموون و تەکنیکێکی بە‌هێزیان هەیە بۆیە لە ئەورپا بیریان لەوە کردەوە بۆ ئەوەی زیاتر سوود لەم یاریزانانە وەربگرن و هەر زوو بەسەر نەچن، جیگایەکی تازەیان بۆیان دۆزیەوە، لەناو یاریگادا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP