زێدان چۆن ته‌كتیكی خۆی زاڵكرد؟

- 16-02-2018 - 1956 جار خوێندراوەتەوە



هه‌وراز كاوه‌

هه‌میشه‌ یانه‌ی ڕیاڵ كه‌سایه‌تی خۆی وه‌كو پاڵه‌وان له‌ خوله‌ گه‌وره‌كان ده‌پارێزێت، كه‌ هه‌موو ڕاهێنه‌رێكیش ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی خێرا یاریكردن و خواستی زوو سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر پاریسدا كه‌مووكوڕی به‌دیده‌كرا، ئه‌شێ‌ ئه‌م لایه‌نه‌ به‌ خراپ باس نه‌كرێت، چونكه‌ زێدان ده‌یوست هه‌موو شكسته‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌م یارییه‌دا بیری هه‌مووان بباته‌وه‌، چونكه‌ ده‌روونییه‌ن خۆی و تیپه‌كه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ململانێ‌ و ڕه‌كابه‌رایه‌تییه‌كاندا بوون.

سه‌ره‌تا یانه‌ی پاریسانجێرمان گوشاریان ده‌كرد و به‌سه‌ر ڕووبه‌ری یاریگاكه‌دا بڵاوبوونه‌وه‌، به‌ڵام نیمار نوخته‌ی لاوازی ئاستی تیپه‌كه‌بوو، كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ده‌یوست چه‌ندین یاریزان ببڕێت و گۆڵ تۆمار بكات، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ته‌نیا تۆپێك بدات به‌ هاوڕێكانی، ئه‌م شێوه‌ یارییه‌ فه‌ردییه‌ی نیمار نه‌ده‌چووه‌ خزمه‌تی تیپه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵكو ئاست بڵندی خۆی له‌سه‌رو هه‌موویانه‌وه‌ ده‌بینیه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ گێمی دووه‌م به‌ته‌واوی داڕمانی لایه‌نی هێرشی پاریسییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی ئۆنای ئیمری ڕاهێنه‌ری خسته‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌، كاتێك كاڤانی تۆپه‌كانی پێنه‌ده‌گه‌یشت ناچار خستییه‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگاكه‌، واته‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌ی نیمار وایكرد نه‌ په‌ستان و نه‌ ڕووبه‌ری یاریگا بۆ پاریسییه‌كان فه‌راهه‌م نه‌بێت، به‌وه‌ش به‌رگری ڕیاڵ كه‌متر خۆیان به‌ هێرشبه‌ره‌ تۆقێنه‌ره‌كانی خه‌لیفییه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كرد، له‌ به‌رامبه‌ردا سیانه‌ی ناوه‌ندی یاریگای ئه‌و تیپه‌ به‌ته‌واوی كه‌وتبوونه‌ ژێر گوشاری ئه‌زموونی مۆدریج و كرۆسه‌وه‌، كه‌ له‌ یاریی شه‌وی پێشوو ئه‌و دووانه‌ ڕۆڵیان هه‌بوو له‌ چالاككردنی هه‌موو بنكه‌كانی یاریگای تیپه‌كه‌یان، هه‌روه‌ها وایانكرد ڕۆڵی كاسمیرۆ هیچ نه‌بێت، بۆیه‌ زێدان بیری له‌ گۆڕینی كرده‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناوه‌ڕاستی پاریس زیاتر شوناسی به‌رگریان پێوه‌ دیاربوو. دوای هاتنی (تۆماس مونیر ) ده‌رگا به‌ڕووی هێرشه‌كانی یانه‌ی مێره‌نگی له‌ قوڵایی یاریگادا داخرا، به‌ڵام تیپه‌كه‌ی ئیمری چه‌قی هێرشی نه‌مابوو، كه‌ هه‌موو ئه‌و تۆپانه‌ی ده‌چووه‌ سه‌ر ناڤاس پاریسییه‌كی لێنه‌بوو وه‌ریبگرێت، هه‌روه‌ها نیمار و مباپیش له‌ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزای تیپی ڕكابه‌ردابوون.
به‌ كورتی: نیمار هۆكاری سه‌ره‌كی تێكدانی هه‌یكه‌ل و پلانی یاریی یانه‌كه‌یبوو، كه‌ لایه‌نی خۆده‌رخستن و جوڵه‌كردن به‌سه‌ر تۆپدا خستییه‌ بارێكی خراپه‌وه‌.

كاتێك یارییه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد هه‌ردوو تیپه‌كه‌ پارسه‌نگی به‌رگری و هێرشیان ڕاگرتبوو، هه‌ندێك كات به‌هۆی شووتی دووره‌وه‌ ده‌چوونه‌ سه‌ر گۆڵپارێزه‌كان، سه‌ره‌تا مارسیلۆ به‌هۆی هه‌ڵكشان و چوونه‌ سه‌ر گۆڵی به‌رامبه‌ر بۆشاییه‌كی زۆری له‌ پشته‌وه‌ جێده‌هێشت، گۆڵه‌كه‌ی پاریس نزیك له‌ ناوچه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه‌ كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاست به‌رزی یانه‌ی ڕیاڵی هێشته‌وه‌ له‌نیوه‌ی گێمی یه‌كه‌م تۆنی كرۆس بوو له‌ ناوه‌ڕاست و چه‌پی یاریگا، كه‌ سوودی زۆری له‌ تۆپه‌كانی پشت دانی ئه‌لڤێس ده‌بینی تا لێدانێكی سزای به‌خشییه‌ یانه‌كه‌ی. ئۆنای ئیمری تاڕاده‌یه‌ك ئاستی مارسیلۆی كۆنتڕۆڵكردبوو، كه‌ به‌ ناچاری له‌ هێڵی به‌رگری ده‌مایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌لڤێس ژماره‌ی هێرشه‌كانی زیادكردبوو، به‌ڵام ڕاهێنه‌ری پاریسان بڕوای به‌وه‌ نه‌ده‌كرد، زێدان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا خوێندنه‌وه‌ بۆ ده‌ خوله‌كی كۆتایی بكات، یان گه‌مه‌یه‌ك بكات تیپه‌كه‌ی له‌ لایه‌نی خراپی جه‌سته‌یی و هونه‌ریی ڕزگار بكات، كاتێك هه‌رسێ‌ یاریزانی هێرشبه‌ر (بێل، ئه‌سینسۆ، ڤاسكوێزی) خسته‌ شوێنی (كاسمیرۆ، بنزیما، ئیسكۆ) به‌ تایبه‌تی ئیسكۆ به‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی لایه‌نی هێرشبه‌ری تیپه‌كه‌ی چالاكتربوو، ئه‌و یاریزانه‌ هێنده‌ی له‌بیری ئه‌وه‌دایه‌ نمایشی فه‌ردی به‌ تۆپه‌وه‌ بكات، هێنده‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكات له‌گه‌ڵ گرتنی تۆپه‌كان به‌ شێوه‌ی دروست ئاڕاسته‌ی بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌بوو له‌دوا كه‌وتنی ئه‌نجام و گه‌یاندنی تۆپه‌كان بۆ ناوچه‌ی بۆكسی ڕكابه‌ر، هه‌رچی كاسمیرۆیه‌ دوای ده‌رچوونی كاڤانی له‌ قوڵایی یاریگا هێرش له‌سه‌ر یانه‌كه‌ی نه‌ما، ڕۆڵی ڕامۆس و ڤارانیش زیادیكرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زیزۆ توانی به‌و سیانه‌ی دیكه‌ كه‌ش و هه‌وای ته‌كتیكی خۆی زاڵ بكات، یان زیره‌كانه‌ لایه‌نی هێرشبه‌ری تیپه‌كه‌ی ڕێكبخاته‌وه‌، ئه‌و ستارانه‌ هاتنه‌ سه‌ر زه‌وی یاریگاكه‌ كه‌ هه‌ركامیان ده‌گری كه‌متر له‌بیری ئه‌وه‌دان ته‌نیا بۆخۆیان یاریی بكه‌ن، به‌ڵكو به‌و جۆره‌ی زێدان پێی ناسراوه‌ لاته‌نیشته‌كانی به‌هێزكرد، یان په‌یوه‌ندی له‌ نێوان به‌رگری و هێرشبه‌ره‌كان یه‌كخسته‌وه‌، تا دوو گۆڵی یه‌ك له‌دوای یه‌كیان هێنا.

له‌ كۆتاییدا: ده‌ركه‌وت نیمار ناتوانێت ڕابه‌رایه‌تی تیپه‌كه‌ی بكات به‌ درێژایی ماوه‌ی یارییه‌كان، له‌كاتێكدا تیپه‌كه‌ی تووشی داڕمان بووبێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ په‌رۆشی ڕۆناڵدۆ بۆ سه‌ركه‌وتنی یانه‌كه‌ی له‌ لوتكه‌دابوو، هه‌روه‌ها تاكه‌ یاریزان و سه‌رچاوه‌ی گوشاره‌كانبوو بۆسه‌ر پاریسان جێرمان.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP