جادووگەرێكی لە بیرنەكراو

- 27-01-2018 - 3961 جار خوێندراوەتەوە

شادمان محەمەد
كاتێك گوێبیستی وشەی جادووگەرە بەڕازیلیەكە دەیبین ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ سەر ناوی "ڕۆناڵدینهۆ گاوچۆ "ی بەڕازیلی دەڕوات.


ڕۆناڵدینهۆ بە "گاوچۆ" ناسرا بوو لە بەڕازیل، پاشان نازناوی ڕۆناڵدینهۆی وەرگرت كە بە زمانی پورتوگالی واتا" ڕۆناڵدۆی بچووك " بۆ ئەوەی لە ڕۆناڵدۆی دیاردەی جودا بكەنەوە.


لە ڕاستیدا گەر بگەڕێینەوە بە سەردەمی منداڵی ڕۆناڵدینهۆ، ئەو كات باش لەوە تێدەگەین كە ئەو لە ئەزەلەوە بەهرەی یاریزانبوونی تێدا بووە، واتا بەهرەیی و شێوازی یاریكردنی تۆپی پێ لەگەڵ بوونیدا هەبووە.


ڕۆناڵدینهۆ تەمەنی تەنها حەڤدە ساڵ بوو كاتێك نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی تازە پێگەیشتوانی بەڕازیلی كرد لە جامی جیهانی تازە پێگەیشتوانی ساڵی (1997 ) كە لە وڵاتی " میسر " بەڕێوەچوو، جگە لەوەی بەڕازیل بووە خاوەنی ناناوەكەوە، ڕۆناڵدینهۆ بۆ خۆی یەكێك بوو لە یاریزانە دیارەكانی ئەو مۆندیالە، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بوو كە بەرپرسانی یانەی "گریمۆ"ی بەڕازیلی پەلكێشی یانەكەی بكەن و  بۆ ماوەی سێ وەرز گرێبەستی لەگەڵدا ئیمزا بكەن.


 لە ماوەی یاریكردنی لە یانەكە جگە لەوەی ئاستێكی بەرزی پێشكەشكرد توانی دوو نازناو لەگەڵ یانەی گریمۆ بباتەوە، دیسان ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بوو كە ڕووبكاتە یانەكانی ئەوروپا و تایبەت ساڵی (2001) بە بڕی" پێنج  " ملیۆن یۆرۆ ڕووی كردە یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی كە ئەمەش بووە خاڵی وەرچەرخانی ئاستی یاریكرن و دەركەوتنی ڕۆناڵدینهۆ.


ڕۆناڵدینهۆ لە یانەی پاریس سان جێرماندا تواناكانی یاریكردنی تەقیەوە و بووە جێی سەرنجی ڕۆژنامەنووسە وەرزشیە جیهانی و ئەوروپییەكان، ئەمەش پاڵنەرێكی باش بوو بۆ ئەوەی لە لایەن دەستەی كارگێڕی هەڵژاردەی سامباوە بانگهێشتی یارییەكانی مۆندیالی هەردوو وڵاتی " كۆریا و ژاپۆن" بكرێت كە ئەو كات "لویس فلیپ سكۆلاری" ڕاهێنەڕ و سەرۆكایەتی سامبای بەڕازیلی دەكرد. 


ڕۆناڵدینهۆ بە هاوكاری ڕۆناڵدۆی دیاردە و ڕیڤاڵدۆ و كارلۆس و كافۆ و چەندین ئەستێرەی دیكەی بەراِزیل توانیان بۆ جاری پێنجەم ببنە پاڵەوانی مۆندیالی ساڵی (2002) و سەر لە نوێ  هەیمەنەت بۆ سامبا بگەڕێننەوە، هەرچەندە ڕۆناڵدینهۆ لە ساڵی " 1999 "دا توانیبووی لەگەڵ سامبای بەڕازیل جامی كوپا ئەمریكا بباتەوە.


دواتر قۆناغێكی نوێ و كاریگەر لە مێژووی ڕۆناڵدینهۆدا دروست بوو، كاتێك لە هاوینی ساڵی (2003 )دا بە هاوكاری خوان لاپۆرتای سەرۆكی ئەو كاتی یانەی بەرشلۆنە و فرانك ڕیكاردی ڕاهێنەری ئەو كاتی یانە كەتەلۆنییەكە ڕووی كردە بلوگرانا.


بێ گومان ئاستی یانەكە ئەو كات بە قۆناغێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕی چ لە سەر ئاستی ناوخۆ و چ لە سەر ئاستی ئەوروپادا، ئەمەش وایكرد كە بەرپرسانی یانەكە بیر لە باشبوونی ئاستی یانەكە بكەنەوە.


هەمیشە "مێژوو و داتا و ژمارە" لە جیهانی تۆپی پێدا حوكم دەكات، لای هەمووان ئاشكرایە كە یانەی بەرشەلۆنە یەكێكە لە یانە مەزنەكانی ئەوروپا و جیهان و شوێنی یاریكردنی چەندان ئەفسانەی تۆپی پێ بووە كە لە ڕابردوودا پێش ڕۆناڵدینهۆ یارییان بۆ بەرشەلۆنە ئەنجامداوە نمونەش " یوهاین كرۆیف و مارادۆنا و ستۆیشكۆف و فرانك ڕیكارد و ڕۆماریۆ و ڕۆناڵدۆی دیاردە و فرانك دی بۆیر و كوكو و ڕیكیلمی و چەندان ئەستێرەی تری جیهانی " كە جێ دەستیان دیار بووە لە سەرخستنی یانەكە و بردنەوەی نازناوەكان.


بەڵام ئێمە لێرەدا باس لە سەرەتای وەرزی ( 2003 ) بۆ ( 2004 ) دەكەین كاتێك ڕۆناڵدینهۆ ڕوویكردە یانە كەتەلۆنیەكە بارودۆخی یانەكە لە ئاستی پێویستدا نەبوو وەك پێشتر باسمان كرد.


 زۆرێك چوونی ڕۆناڵدینهۆ بۆ یانەی كەتەلۆنیا بە دروستكردنی شۆڕش و خاڵی وەرچەرخانی یانەكەی لە قەڵەم دەدەن لە مێژووی یانەكەدا كە هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ سەر لە نوێ گەڕانەوەی یانەكە بۆ قۆناغی ململانێ و بردنەوەی نازناوەكان لە سەر ئاستی و ناوخۆی ئیسپانیا و  دەرەوەی ئیسپانیا.


بۆ زانین ڕۆناڵدینهۆ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەدا "پێنج" نازناوی بردەوە كە گرنگترینیان نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای ساڵی " 2006 " بوو.


 هەروەها گاوچۆ لەگەڵ یانەی كەتەلۆنیادا " 207 " یاری ئەنجامدا و توانی " 97 " گۆڵ تۆمار بكات و هەروەها " 69 " گۆڵیش بۆ هاوڕێكانی دروست بكات، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگترین نازناو لە سەر ئاستی تاكە كەسی بریتی بوو لە بردنەوەی دوو نازناوی لە سەریەك وەك باشترین یاریزانی جیهان كە زۆرێك لە شارەزایانی بواری تۆپی پێ سەردەمی ڕۆناڵدینهۆ لەگەڵ بەرشەلۆنە بە سەردەمی زێڕینی لە قەڵەم دەدەن چونكە توانی ئاستی خۆی و یانەكە بگەیەنێتە ترۆپك.


بەڵام پاش ئەوەی پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری ئیسپانی و یاریزانی پێشووی بەرشەلۆنە ڕووی كردە یانەی بەرشەلۆنە و ئەركی ڕاهێنەرایەتی یانەكەی وەرگرت ئیتر خۆری ڕۆناڵدینهۆ هەنگاو بە هەنگاو بەرە و كوژانەوە چوو، هەرچەندە هۆكاری جۆراوجۆر هەبوو بەڵام گرنگترینی لەوانە ستایلی یاریكردنی لە بەرنامەی كاری پیپ گواردیۆلادا نەما و هەروەها لیونێل میسی ئەفسانەی ئێستای یانەی بەرشەلۆنە ئەو كات لە لوتكەی دەركەوتندا بوو كە گواردیۆلا پشتی پێ بەست، ئەمە جگە لە سەرقاڵی ڕۆناڵدینهۆ بە یانەی شەوان و خواردنەوە كحولییەكان كە لە تەمەنێكدا هەمیشە هۆكاری سەرەكی دابەزینی ئاستی زۆرێك لە یاریزانە بەڕازیلییەكان بووە بە درێژای مێژووی تۆپی پێ، ئەمانە هەموو هۆكار بوون كە ڕۆناڵدینهۆ یانەكەی بەجێهێشت و  بە بڕی " 25 " ملیۆن یۆرۆ ڕووی كردە یانەی ئای سی میلانی ئیتاڵی و توانی لە ماوەی یاریكردنی لە یانەكەدا " 95 " یاری و " 26 " گۆڵ و " 31 " گۆڵ  دروستكردن بە ئەنجام بگەیەنێت.


بەڵام یاریكردن بۆ میلان بۆ ڕۆناڵدینهۆ جێی سەرنج و خەونی ئەم نەبوو، وە لە ڕابردووشدا یانەی میلانی ئیتاڵی هەمیشە بەگۆڕی یاریزانە بەڕازیلیەكان  ناسراو بوو.
پاش ماوەیەك بێزاربوونی لە یانەی میلانی ئیتاڵی بە هۆكاری دانیشتن لە سەر كورسی یەدەگ لە لایەن ڕاهێنەرەوە كە هیچ كات یاریزانە بەڕازیلیەكان قبوڵیان نەكردوو لە هەر یانەیەكدا یارییان ئەنجام دابێت، هەر بۆیە بڕیاری جێهێشتنی یانەكەیدا و سەر لە نوێ گەڕایەوە وڵاتی بەڕازیل و ڕوویكردە یانەی فلامینگۆی بەڕازیلی و دواتریش دوای بە دوای یەك ڕوویكردە هەر یەك لە یانەكانی " ئەتڵەتیكۆ مینیرۆی بەڕازیلی و كویریتاروی مەكسیكی و فلومێنسی بەڕازیلی" بە جۆرێك توانی نازناوی جامی سودا ئەمریكانا و لیبەرتادوریس لەگەڵ یانەی ئەتڵتیكۆ مینیرۆدا بباتەوە.


لە ڕاستیدا باسكردنی خاڵ بە خاڵی چۆنێتی ژیانی یاریكردنی گاوچۆ بە چەند دێڕێك و نووسینێك كۆتایی نایەت، ئەو هەمیشە لە خۆشی و ناخۆشیدا لە نێو یاریگەدا خاوەنی زەردەخەنەی تایبەتی خۆی بوو، كەسێكی ڕووح سووك و خوێنشیرین بوو، ئەو نازناوی جادووگەری پێبەخشرا بوو بە هۆی جوڵە ناوازەكانییەوە، ئەو لە ماوەی یاریكردنیدا توانی چێژێكی نوێ و دەگمەن ببەخشێتە تۆپی پێ، هەوادارانی هەمیشە لە نێو یاریگەدا چاوەڕێی جوڵەی جوان و ئەفسوناویان لەو دەكرد، لە یارییەكاندا جوڵەی نەكردە و ئەستەمی دەكرد، زۆرێك لە ئەفسانەكانی تۆپی پێی جیهانی پێی سەرسام بوون گرنگترینیان ئەفسانەی جیهان و ئەرجەنتین مارادۆنا بوو كە بە جێگرەوەی خۆی لە قەڵەمدا.


 ڕۆناڵدینهۆ جیهانێكی تایبەت و قوتابخانەیەكی تایبەت بە خۆی هەبوو، هەر ئەوەش بوو وایكرد هەوادارانی هیچ كات نەتوانن بە ئاسانی لە بیری بكەن، هەمیشە لە قسەكانیدا سوپاسگوزاری خودا و خانەوادە و هاوڕێكانی دەكرد كە هاوكار بوون لە بەخشینی جوانی و خۆشیەكانی ژیانی، ئەو بە جۆرێك عاشقی  یاریگە و تۆپی پێ بوو كە داوای كردووە پاش مردنی لە نێو یاریگەدا بینێژن، ڕۆناڵدینهۆ تۆپی پێ بوو، تۆپی پێش ئەو بوو، تەواوكەری یەكتربوون، عەشقی سامبا و ئەوروپا و جیهان بوو، لە بیركردنی ئەم جادووگەرە ئەستەمە، ئەم ئەفسانە زیندوو جادووگەرە جوڵەكانی نێو یاریگەی نەوە پاش نەوە   دەگوازرێتەوە و چێژبەخش دەبێت بۆ ئەو یاریزانەی كە دەیانەوێت بیكەنە سەرچاوەی ئیلهامی بەهرەكانیان...


 سوپاس بۆ  تۆپی پێ كە ڕِۆناڵدینهۆی بە هەوادارەكانی بەخشی ..


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP