كۆتینهۆ له‌كوێدا یاریی ده‌كات؟

- 9-01-2018 - 2519 جار خوێندراوەتەوە

هه‌وراز كاوه‌

كۆتینهۆ له‌ هه‌مووان جیاوازتره‌، به‌تایبه‌تی یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانانه‌ی گلدانه‌وه‌ی تۆپی زۆره‌، یاخود به‌هره‌داره‌ به‌وه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌كات، چ به‌ پاسی كورت، یاخود هاویشتنی تۆپی درێژ بەشێوه‌ی ته‌وقیتكراو.

كۆتینهۆ تواناداره‌ بەشێوه‌ی تاكی له‌ هه‌موو جێگاكانی یاریگا ڕاهێنه‌ر ده‌توانێت یاریی پێبكات، جگه‌له‌وه‌ی به‌وه‌ ناسراوه‌ به‌درێژایی ماوه‌ی یارییكردنی گوشار له‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كانی دروستده‌كات. دیاره‌ دوای هاتنی ناوبراو بۆ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ زۆرێك پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئایا‌ ڤالڤێردی ڕاهێنه‌ر جارێكی دیكه‌ وێنه‌ی پلانه‌كانی چۆن داده‌ڕێژێته‌وه‌، یان شوێنی یاریزانه‌ تازه‌كه‌ له‌كوێدا داده‌نێت و كێی بۆ ده‌كاته‌ قوربانی؟

جا منیش به‌ باشمزانی به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌زانم وه‌ڵامی ئه‌و چه‌ند پرسیاره‌ ساده‌یه‌ بده‌مه‌وه‌، كه‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت بیزانن.

كۆتینهۆ جێگای ئینێستا ده‌گرێته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند وه‌رزێكی درێژ، چونكه‌ ئه‌و له‌ چوار شوێنی یاریگا یاریی ده‌كات، هه‌روه‌ها جوڵه‌كانی ئه‌و به‌جۆرێكه‌ هه‌م له‌ ناوه‌وه‌ی سه‌نته‌ر و هه‌میش له‌ هه‌ردوو ڕاڕه‌وی لاباڵه‌كان به‌هۆی تێژڕه‌وی و گۆڕینه‌وه‌كانی ده‌توانێت جێگای خۆی بكاته‌وه‌. 

ڤالڤێردی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ پلانی (4-3-3) به‌پشتبه‌ستن به‌ ئه‌لكاسێر یاریی ده‌كرد، كه‌ ده‌توانم بڵێم زۆر سه‌ركه‌وتنی ده‌سته‌به‌ر نه‌كرد، بۆیه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شێوه‌ یاریی كلاسیكی(2-4-4) و سوارێزیشی ده‌خسته‌ ڕاستی یاریگا، میسیش هێرشبه‌ری خه‌یاڵی بوو، به‌ڵام دوای هاتنی كۆتینهۆ وێنه‌ی ته‌كتیكی یانه‌كه‌ گۆڕانی گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، به‌تایبه‌تی ڕاهێنه‌ر زیاد له‌ جارێك ده‌توانێت پشت به‌ پلانه‌كانی ببه‌ستێت، ئه‌گه‌ری یارییكردنی ئه‌ستێره‌ تازه‌كه‌ شوێنی ئه‌ندرێس ئینێستایه‌، به‌هۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نه‌وه‌ پێگه‌كه‌ی خراپبووه‌. له‌وكاته‌دا عوسمان دیمبلی ده‌چێته‌ پاڵ مێسی و سوارێز له‌ چه‌پی یاریگا. 

له‌كاتی یارییكردنی ئینێستا پێموایه‌ ڕاهێنه‌ر دیمبلی یه‌ده‌گ ده‌كات و كۆتینهۆ ده‌خاته‌ چه‌پی یاریگا، تا شوێنی نێیمار پڕ بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پلانی (2-4-4) بینرا ئه‌وه‌ بێگومان كۆتینهۆ ده‌چێته‌ ناوه‌ڕاستی یاریگا لای چه‌پ، هه‌ردوو یاریزان دیمبلی و سوارێز ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌ و مێسی له‌ پشتیانه‌وه‌ ڕاده‌وه‌ستێت، هه‌روه‌ها هه‌ردوو یاریزان ڕاكیتچ و بۆسكێتس ده‌بنه‌ دووانه‌ی میحوه‌ری له‌ نیوه‌ یاریگا، له‌ ئه‌گه‌ری شێوه‌ یاریی (4-2-3-1)دا ڕاهێنه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی به‌مشێوازه‌ ده‌بێت، سه‌ره‌تا ڕاهێنه‌ر قوربانی به‌ پاولینهۆ نادات، به‌ڵكو له‌پاڵ بۆسكێتس ده‌یهێڵێته‌وه‌، هه‌روه‌ها كۆتینهۆ ده‌خاته‌ لای چه‌پ و دیمبلی دێنێته‌ ڕاست و مێسی ده‌خاته‌ پشتی ئه‌و دووانه‌ و سوارێزیش بۆ سه‌ری نووك، له‌ ئه‌گه‌ری دووه‌مدا كۆتینهۆ ده‌خاته‌ قوڵایی یاریگا و مێسی بۆ جێگای سوارێز، هه‌روه‌ها ئینێستا بۆ ڕاست و دیمبلی بۆ چه‌پی هێرش، لهو‌ كاته‌یشدا سوارێز یه‌ده‌گ ده‌كرێت.

له‌كۆتاییدا ڕاهێنه‌ری بلوگرانه‌ هه‌ر چۆنێك بێت، ده‌بێته‌ خاوه‌نی پێنج یاریزانی نموونه‌یی: (مێسی، سوارێز، ئینێستا، دیمبلی و كۆتینهۆ) كه‌ دواجار ده‌بێت یه‌كێكیان یه‌ده‌گنشین بكات، جگه‌ له‌مانه‌ ئه‌گه‌ری كرانه‌وه‌ی زیاتر به‌ڕووی ڕاهێنه‌ری ناوبراودا ده‌كرێته‌وه‌، تا به‌ چه‌ندین پلانی جیاواز یاریی بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تائێستا له‌ یانه‌كه‌دا وه‌كو په‌ڵه‌ و نه‌نگی ته‌ماشا ده‌كرێت، ونكردنی تۆپ و ته‌وازنی هێڵی به‌رگرییه‌، به‌ڵام له‌كاتی دانیشتنی ڕاكیتیچ و بوونی كۆتینهۆ له‌وێدا، ئێنیستا ده‌چێته‌وه‌ شوێنی سروشتی یاریكردنی خۆی، كه‌ ئه‌وه‌ش واده‌كات به‌هۆی هێزی پێشه‌وه‌ گوشار و كه‌موكوڕییه‌كانی به‌رگری دیار نه‌مێنێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP