شكستەكەی ئیتاڵیا

- 14-11-2017 - 1745 جار خوێندراوەتەوە

كاروان مەسعود

لە دوای 60 ساڵ جارێكی دیكە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، نەیتوانی بگاتە دوایاریەكەكانی مۆندیال و دوا یەكسانبوونی لەگەڵ هەڵبژاردەی سوید بەبێ گۆڵ لە یاریی گەڕانەوەی پاشكۆی مۆندیال، بەمەش هەڵبژاردەی سوید بە سوودوەرگرتن لە ئەنجامی یاریی چوون كە بە گۆڵێكی خاوێن براوە بوو، دوای 12ساڵ لە رێگەی روسیاوە بە مۆندیال شادبووەوە.

ڤینتۆرا
پشكی شێری نەگەیشتنی ئیتاڵیا بە مۆندیالی ‭‭2018‬‬ی روسیا بەر یەكێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەكەوێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی راهێنەرێكی بە توانا بە ئەزموون بۆ هەڵبژاردەكە دەستنیشان بكەن، جیامبیرۆ ڤینتورای تەمەن 69ی راهێنەر لەو كەسانە نەبوو كە ئیتاڵیا بۆ ئاستی پێشووی بگەڕێنێتەوە سەرەڕای هەبوونی چەندین یاریزانی ئەستێرە و ئاست بەرز لەم قۆناغەی ئێستای ئازۆری، ڤینتورا لە ژیانی راهێنەرایەتی هیچ كات پۆستی یانە ناودارەكانی ئیتاڵیای وەرنەگرتووە و زۆرترین كات راهێنەری یانەكانی پلە دوو و پلە سێ بووە، ئەگەرچی ڤینتۆرا كاتی خۆی یاریزانی هێڵی ناوەراست بووە، بەپێچەوانەوەی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەردەوام كێشەی هەبووەبە درێژایی یاریەكانی پاڵاوتنی مۆندیال، جێگیر نەبوونی پێكهاتە و شێوازی یاریكردن.‬‬

بوفۆن

لەدوا سەرنەكەوتنی ئیتاڵیا بۆ مۆندیالی روسیا، جیانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێز وازهێنانی لە یاریە نێودەوڵەتیەكان راگەیاند، بوفۆنی تەمەن 39 ساڵ پێشووتریش ئاماژەی بۆ ئەوەی كرد بوو مۆندیال روسیا دوا وێستگەی ئەو دەبێت، بوفۆن بە نەگەیشتنی بۆ مۆندیال نەیتوانی ژمارەیەكی پێوانەیەكی گرنگ بە ناوی خۆی تۆماربكات ئەویش بەشداری كردنە لە 6 مۆندیال، بوفۆن پێشووتر لە پێنج مۆندیال (‭1998‬،‭2002‬،‭‭2006‬‬،‭2010‬،‭2014‬) بەشداری كردبوو و ‭‭2006‬‬ نازناوەكەی لەگەڵ ئیتاڵیا بەدەستهێنا، ساڵی ‭2017‬ بەختی باشی بۆ بوفۆن پێنەبوو،لە یاری كۆتایی چامپیۆنزلیگ بە ئەنجامێكی قورس بە ریاڵ مەدرید دۆران و نەگیشتنیش بە مۆندیال یەكێكی دیكە لە بێ بەختیەكانی بوفۆن.‬‬‬‬‬‬‬‬‬

زیانەكانی ئیتاڵیا

بەهۆی سەرنەكەوتنی بۆ مۆندیالی ‭‭2018‬‬ی روسیا، یەكێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا زیانێكی گەورەی لە رووی داراییەوە بەهۆی كەمبوونەوەی سپۆنسەرەكانی بەردەكەوێت، دابەزینی ئیتاڵیا لە ریزبەندنی مانگانەی فیفا، نرخی یاریزانەكانی ئیتاڵیا لە بازارەكانی گواستنەوەی یاریزانان دادەبەزێت، زیاتر لەیە ساڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هیچ یاریەك ئەنجام نادات تا مانگی 3ی ساڵی ‭‭2019‬‬ ئەو كات پاڵاوتنەكان یۆرۆ دەست پێدەكات بێگومان ئەمەش كاریگەری نێگەتیڤی بۆ سەر ئاستی هەڵبژاردەكە دەبێت.‬‬‬‬

راهێنەری ئیتاڵیا

ڤینتورا شكستێكی چاوەروان نەكراوی دووچاری ئیتاڵیا كرد، بۆیە یەكێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەیەوێت بۆ قۆناغی داهاتوو كەسێك بكاتە راهێنەر شكۆ بۆ تۆپی پێی وڵاتەكەی بگەرێنێتەوە، لە ئێستادا هەریەكە لە ئەلێگری راهێنەری یۆڤانتۆس و مانچینی راهێنەری زینیتی رووسی و لۆشیاتۆ سپالێتی راهێنەری ئینتەرمیلان و كارلۆ ئەنشیلۆتی راهێنەری پێشووی بایرن میونیخ، لەلایەن میدیاكانەوە بەربژێركراون بۆ جێگەی ڤینتورا، بەڵام پێم وایە دەست نیشان كردنی راهێنەرێك بۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە ئێتسا كارێكی ئەستەم و زەحمەتە، هیچ راهێنەرێك ئامادەنیە نزیكەی 16مانگ بە بێ ئەنجامدانی یاری راهێنەرایەتی وەربگرێت،بۆیە تا سەرەتاكانی ساڵی ‭‭2019‬‬ دەبێت یەكێتی تۆپی پێ ئیتاڵیا راهێەری گونجاو دەستنیشان بكات.‬‬


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە


Copyright © 2017 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP